کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان
(بەشی یەکەم)
دەستپێک
دوای سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی دەیان سەرهەڵدان و راپەڕینی کوردان لە باکووری کوردستاندا، لەنێو دۆخی سەپاندنی سیاسەتەکانی داگیرکاریی هەر لە “نکۆڵیکردن، قڕکردن، کۆمەڵکوژی، تواندنەوە، پارچەکردن و راگواستنەوە تا دەگات بە برسیکردن و هەژارکردن”دا، لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، بزووتنەوەیەکی ئازادیی گەلی کوردستان بە رێبەرێتی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەریهەڵدا و تا ئێستاش ئەم بزووتنەوەیە بەناوی پەکەکە و کەجەکە، وەک درێژخایەنترین و بەهێزترین و فراوانترین بزووتنەوەی ئازادیخوازیی مۆدێرنی کوردستان پەنجا ساڵە بەوپەڕیی دژوارییەوە بەردەوامە لە تێکۆشان و بەرخۆدانی هەمەلایەنەی خۆی.
بۆئەوەی ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازییە سەرکوتبکرێت و کۆتایی پێبهێنرێت هەر لەگەڵ سەرهەڵدانیدا، رووبەڕووی زۆرترین هێرش و پەلاماردان و پیلانگێڕیی بۆوە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەهاوکاریی چینە هاوکار و وابەستە خۆجێیەکانی باکووری کوردستان و بەپشتیوانی راستەوخۆی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، کە هاوپەیمانێتی ناتۆ نوێنەرایەتی دەکات، بەڕێوەچووە. هاوکاریی و پشتیوانییەکان بۆ دەوڵەتی تورکیا، هەر لەو سنوورەدا نەمایەوە، بەڵکو گەلێک هێزی بەکرێگیراوی کوردی لەبەشەکانی تری کوردستان و گەلێک لە دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوین و ئەفریقیاش بوونە هاوکار و پشتیوانی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا و بەهەموو شێوەیەک بەشداربوون لەو هێرش و پەلاماردان و پیلانگێڕییانەی کەوا دژ بە بیرمەند و رێبەری ئەو بزووتنەوەیە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بزووتنەوەکە و گەلی وڵاتپارێزی کوردستان. بۆیە کاتێک سەرجەم ئەو دژایەتییکردنانە بێ ئەنجام بوون و تا دەهات پێگەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بزووتنەوەکەی و گەلی کوردستان لە ئاستی کوردستان، تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان بەهێزتر دەبوو، گلادیۆی ناتۆ بەهاوکاری ئەو دەوڵەت و هێزە هاوکار و پشتیوانانەی تورکیا، پیلانگێڕییەکی نیودەوڵەتیان دژ بە بەڕێز ئۆجەلان و گەلی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی داڕشت و لە ٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨دا، لەمیانەی بە ئامانجگرتنی بەڕێز ئۆجەلاندا، ئامادەکارییان بۆ دەستتێوەردان و شەڕێکی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناویندا، سەرەتا بە هەڕەشەکردن لە سوریا دەستیپێکرد. کاتێک بەڕێز ئۆجەلان، لەمیانەی دەرکەوتنی لە خۆرهەڵاتی ناوین و چوونی بۆ ئەوروپا رێگیریی لەو دەستتێوەردانەی ناتۆ و بەرپابوونی ئەو شەڕە لە خۆرهەڵاتی ناویندا گرت، دەوڵەت و هێزە پیلانگێڕەکان، بەردەوامییان بەو پیلانگێڕییە دا و لەهەوڵی لەناوبردن یان دیلکردنی بەڕێز ئۆجەلاندا بوون. ئەوەبوو، دوای چوار مانگ لە جێبەجێکردنی ئەو پیلانەیاندا، لە ئەنجامدا؛ لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بەڕێز ئۆجەلانیان لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیر کرد و رادەستی دەوڵەتی تورکیایان کردەوە. بەمەش هەم قۆناخێکی نوێ لە زنجیرەی پیلانگێڕییەکان دەستیپێکرد، هەمیش بۆ بەڕێز ئۆجەلان و گەلی کوردستان و بزووتنەوەکەیشی قۆناخێکی نوێ بوو. کە پێویست بوو بە بەرخۆدانێکی مەزن و مێژووییەوە رووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە ببنەوە.
هێزە پیلانگێڕییەکان، بەم پیلانگێڕییەیان، دەستتێوەردانێکی نوێیان لە کوردستان و تورکیا و خۆرهەڵاتی ناویندا کرد. لەلایەکەوە؛ هەوڵیاندا زەبر لە پێگەی رێبەرێتی بەڕێز ئۆجەلان بدەن و بەمەش زەبرێک لە گەلی کورد و بزووتنەوەکەی بدەن، لەلایەکی دیکەشەوە، بە رادەستکردنی بەڕێز ئۆجەلان بۆ تورکیا، تورکیا زیاتر وابەستە بە خۆیان بکەن. وەک بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت:”رادەستکردنی من بە تورکیا وەک هاوێشتنی تۆپەڵێک ئاگربوو بۆ گڕتێبەردانی تورکیا و ناوچەکە.” دەوڵەتی تورکیاش لەزاری بوڵەند ئەجەویدی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەدا تەواو دەرکی بە ئامانجە شاراوەکانی ئەو پیلانگێڕییە نەکرد و رایگەیاند:” ئێمە نازانین بۆچی ئۆجەلانیان رادەستکردووینەتەوە”. بەڵام بەڕێز ئۆجەلان هەر زوو دەرکی بە ناواخن و ئامانجە شاراوەکانی پیلانگێڕییەکە کرد. دەرکی بەوە کرد کە پیلانگێڕییەکە دوو بژاری لەبەردەم بەڕێز ئۆجەلان و گەلی کوردستان و بزووتنەوەکەی داناوە کە؛ یان تەسلیم بە سیستەمی باڵادەستی جیهانی ببن، یان کۆتاییان پێبێت، جا چ بە خۆکوشتن بێت، یان بە کوشتنی قۆناخ بە قۆناخی بەڕێز ئۆجەلان و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیی و سەرلەنوێ پەیڕەوکردنی سیاسەتە داسەپێنراوەکانی داگیرکاریی بێت.
بەڵام بەڕێز ئۆجەلان هیچ یەکێک لەو بژاردانەی پیلانگێڕانی پەسند نەکرد و رەتیکردەوە. لەبری ئەمە بژاری بەرخۆدانی بەردەوام و هاویشتنی قەڵەمبازێکی نوێی پارادایمی کردە بژاری بنچینەیی خۆی و گەلەکەی و بزووتنەوەی ئازادیی. بزووتنەوەی ئازادیی و گەلی کوردستانیش بەهەمان شێوە ئەو بژاردانەی پیلانگێڕانیان بە توندی رەتکردەوە و بڕیاری بەرخۆدان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی خۆیان دا. لێرەوە زیندانی ئیمڕاڵی، کە وەک سیستەمێکی تاوان و ئەشکەنجەی هێزە پیلانگێڕەکانە، بووە قۆناخێکی نوێی ململانێ و شەڕی نێوان تورکیا و ناتۆ و پیلانگێڕانی دیکە لەلایەک
و بەڕێز ئۆجەلان وەک نوێنەری ئیرادەی ئازاد و سیاسی گەلی کوردستان لەلایەکی دیکە و بۆ ماوەی ٢٤ ساڵە ئەم شەڕ و ململانێیە لە ئیمڕاڵی و دەرەوەی ئیمڕاڵی بەردەوامە. هەر بۆیە لەم ٢٤ ساڵەدا؛ مەزنترین شەڕ بەهەموو واتایەکییەوە، لە ئیمڕاڵی بەڕێوەچووە. شەڕی نێوان پارادایمی داگیرکاریی و پاوانخوازیی تورکیا و ناتۆ لەلایەک و پارادایمی ئازادی و ئاشتی و بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانەی گەلانی بەڕێز ئۆجەلان و گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیی لەلایەکی دیکە.
ماویەتی…