سلێمانی
کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان دەڵێت بانگهێشتی گەلەکەمان و تەواوی خەڵکی ئازادیخواز ئەکەین کە بەشداری هەڵمەت و چالاکی ناڕەزایی دژ بەگۆشەگیری سەخت و هێزە پیلانگێڕەکان بکەین.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٤/٢/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی و لە سەکۆی پارکی ئازادیی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تیادا کارنامەی خۆیان بۆ ئەو ساڵیادە ڕاگەیاند، بە بۆنەی تێپەڕبونی ٢٤ ساڵ بەسەر پیلانگیڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان.
نەورۆز فازڵ بەیاننامەی کۆمیتەکەی خوێندەو و ڕایگەیاند: بۆ ماوەی ١٢ ساڵە ڕێگە بەهیچ یەک لە پارێزەران و خانەوادەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان نەدراوە تا سەردان و دیدەنی لەگەڵدا ساز بکەن، هاوکات ئاماژە ڕێکخراوی سی پی تی سەر بەکۆنسەی ئەوروپا درا کە بە بەرپرسی یەکەم لەدۆسیەی ماف و ژیان و تەندروستی ریبەری گەلی کورد و زیندانیانی ئیمڕاڵی دەستنیشانکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد و وتی: پێدەنێینە نێو ٢٥ ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، ئەو پیلانگێڕیە شووم و قێزەونەی کە لەکەسێتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلاندا تەواوی خەڵکی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی ئازادیخواز تێیدا بەئامانج گیراوە.
وتیشی: گەلەکەمان لەکاتێکدا یادی ئەم پیلانگێڕیە نەفرەتلێکراو و شەرمهێنەرە دەکاتەوە، بۆ ماوەی ١٢ ساڵە ڕێگە بەهیچ یەک لەپارێزەران و خانەوادەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەدراوە تا سەردان و دیدەنی لەگەڵدا ساز بکەن. بۆ ماوەی ٢٢ مانگە هیچ ئاگایی و زانیاریەک لەسەر دۆخی ژیان و تەندروستی بەڕێزیان نیە. هاوکات بەڕێزیان لەنێو گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەکی سەختی دەروونیدا لەئیمڕاڵی ژیان بەسەر دەبات.
هەروەها باس لە وەشکرا: ڕێکخراوی دژی ئەشکەنجەی سەر بەکۆنسەی ئەوروپا CPT کە بەرپرسی یەکەمە لەدۆسیەی ماف و ژیان و تەندروستی زیندانیانی ئیمڕاڵی، هیچ کات بەئەرکی حقوقی و یاسایی و ئەخلاقی خۆیان هەڵنەستاون و وەک پارچەیەکی پیلانگێڕی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی ئیمڕاڵیدا کردووە.
ئاماژە بەوەشکراو و ڕایانگەیاند: دۆخی ئیمڕاڵی لەسایەی فاشیزمی ئەردۆغان و هێزە پیلانگێڕەکان مەترسیدار و جددیە و پێویستە خاوەنداری لێ بکەین.
لەکۆتایدا وتیان: هەڵدەستین بەزنجیرەیەک چالاکی لەم پێناوەدا، هەربۆیە بانگهێشتی گەلەکەمان و تەواوی خەڵکی ئازادیخواز ئەکەین کە بەشداری هەڵمەت و چالاکی ناڕەزایی دژ بەگۆشەگیری سەخت و هێزە پیلانگێڕەکان بکەین.
جەختیان کردەوە و وتیان: شان بەشانی گەلەکەمان لەپارچەکانی تری کوردستان و لەهەندەران بەدروشمی ” ئیدی بەسە کات کاتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلانە “، ” کات کاتی کۆتایی هێنانە بەپلانگێڕی نێودەوڵەتی” لەنێو تێکۆشان و چالاکی هەمەلایەنەدا بین.
س-ع