تەرمی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی بە مەراسیمێکی شکۆدار و بە ئامادەبوونی رێکخراوەکانی ژنان و سیاسەتمەدران و ئازادیخوازان، بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی”، تەرمی شەهید بەرەو زێدی خۆی بەڕێکرا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٨/١٠/٢٠٢٢ لە هۆڵی ئەجێ خان، لە شاری سلێمانی مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ شەهید ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە زیلان هێژا، بەڕێوەچوو، سەرەتایی مەراسیمەکەدا خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهید زیلان وتەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی دەستی پێکرد. نەجیبە قەرەداغیی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی وتارێکی پێشکەشکرد راایگەیاند: ئەو گوللـەیەی ئەمڕۆ بە ناگیهان ئاکارسەلەوە نرا، ئەگەری زۆرە سبەینێ بە ئێوە و خێزانەکانتانەوە بنرێت، کەس لەم هەرێمەدا خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت و بڵێت من سیاسیی نییم بۆیە دەست بە کڵاوەکەمەوە دەگرم با نەیبات، زۆر دەمێکە کڵاوی ئازادیی ئەم هەرێمە با بردوویەتی، پێویستمان بە گەڕاندنەوەی هەیە. پەروا عەلی وتاری کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکەی خوێندەوە وتی:داواکارین لە حکومەتی عێراق و هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان سازش نەکەن لەسەر ئەم دۆسیەیە بەرامبەر تورکیا. هەروەها وتاری یەكێتیی ژنانی کوردستان لەلایەن سەیوان ڕۆستەم، پێشکەشکرا و تیایدا هاتبوو: کاروانی “ژن، خەبات، ژیان” بە تیرۆری هەڤاڵ ناگیهان کۆتایی نایات. هاوکات پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) حسێن کاشماز، وتارێکی پارتەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: هەڤاڵ ناگیهان یەکەم کەس نییە لە باشووری کوردستان بەمشێوە تیرۆرئاسایە بکوژرێت، ئێمە دەمانەوێت بە بەرپرسانی باشووری کوردستان و سلێمانی بڵێین؛ نامانەوێت چیتر بۆ تەرم و بۆ کوشتن بێینە باشوور و سلێمانی، بۆیە پێویستە بکوژی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە رادەستبکەن و بۆ ڕایگشتیی ئاشکرابکەن. لە درێژەی مەراسیمەکەدا بانوو هەڵەبجەیی، وتاری رێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان(ڕژاک)ی پێشکەشکرد و تیایدا هاتبوو: پێویستە هەموومان بەیەک ئامانج کاربکەین، کە ئەویش هۆشیاریی و ناسین و قووڵبوونەوەیە لە زانستنی ژن کە ژنۆلۆژییە و ئامانج و خەونی هەڤاڵ زیلان بوو، دەبێت هەموومان کار بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی هەڤاڵ زیلان بکەین. پاشان لە دوای مەراسیمەکە بەبەشداریی ڕێکخراوەکانی ژنان، سیاسەتمەدار و ئازادییخوازان و چالاکوانان بە دروشمی “ژن ژیان ئازادیی” تەرمی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، لە سلێمانییەوە بە مەراسیمێک بەرەو شاری کۆنیای وڵاتی تورکیا بەڕێکرا. چالاکوان، سیاسەتمەدار و ئازادیخوازان، بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی”، تەرمی شەهیدیان بەڕێکرد. ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە لە گەڕەكی بەختیاریی شاری سلێمانی، ناگیهان ئاكارسەل، ئەندامی ئاكادیمیای ژنۆلۆژی تیرۆركرا.
س_ع