چالاکوانانی کەرکوک داوا دەکەن چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان ئاشکرا بکرێت

چالاکوانانی شاری کەرکوک تیمێک پێدەهێنن و داوا دەکەن کە لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ١٧ پێشمەرگە دیلەکانی دەستی تیرۆرستانی داعش”.

چوار رۆژ لەمەوبەر ماڵپەڕێکی هەواڵی بڵاویكردەوە كە فەرماندەی سرییەی لەسێدارەدانی چەتەکانی(داعش)، لە ویلایەتی كەركوك، كە لە ئێستادا لە گرتوخانەی (گرتن و گواستنەوەی) كەركوك دەستبەسەرە، هەروەها دانیناوە بەوەی پێشمەرگە دیلەكانی  قەزای حەویجە سەربڕیوە، ئەوەش ماوەیەكی كەم لە دوای نمایشكردنیان لەناو قەفەسی ئاسندا، هەروەها ئەو تیرۆرستەی داعش وتویەتی “ئەو كارەم لە تۆڵەی كوشتنی براكەم بووە”.

ئەو لێپرسراوە لە سەرەتای ئەمساڵ لەسەر دۆسییەی كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی لە هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكان لە باشوری كەركوك دەستگیركراوە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی تیرۆرستانی چەتەکانی داعشدا لە قەزای حەویجە لێپرسراوێتی هەبووە، لەوانەش فەرماندەی سرییەی لە سێدارەدان.

هەروەها ئەو بەرپرسەی تیرۆرستانی داعش دانیبەوەداناوە كە دەستی هەبووە لە چەندین تاواندا لە نێویاندا سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكان، كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی، كوشتنی موختارێك و هەوڵدان بۆ كوشتنی مامێكی و لەگەڵ بەشداریكردنی لەچەند شەڕێكدا دژی سوپا و هێزی پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧.

لە بەرەبەیانی ٣٠ی كانونی دووەمی ٢٠١٥دا، چەكدارانی داعش، لە چوارقۆڵەوە (مریەم بەگ، مەلا عەبدوڵا، مەكتەب خالید و تەلوەرد) هێرشیانكردە سەر شاری كەركوك لەباشوری کوردستان، دوای كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك و نزیكبونەوەیان لە كەركوك تێكشكان.

لەو شەڕەدا ١٧ پێشمەرگە كە زۆرینەیان خەڵكی كەركوك بوون، بە دیلی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و دوای چەند هەفتەیەكی كەم لەناو قەفەسی ئاسندا لەناوچەی عەربنشینی حەویجە لەباشوری رۆژئاوای کەرکوک كە ئەوكات بەدەست چەكدارانی داعشەوە بوو، نمایشكران.

دوێنێ دووشەممە ١٣ی حوزەیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ژمارەیەك پارێزەر، چالاكوانی مەدەنی و چالاکوانی سیاسی داوادەكەن كەیسی پێشمەرگە دیلەكانی لای داعش “دیزە بەدەرخۆنە” نەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكی چاودێری بۆ كەیسەكە پێكدەهێنن و پارێزەری خۆبەخش بۆ یەكلاییكردنەوەی كەیسەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی رادەسپێرن.

جێگای باسە دوای بڵابوونەوەی زانیاری لەسەر چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش لە کەرکوک كە تیایدا لێپرسراوێكی دەستگیركراوی باڵای چەتەکانی (داعش) لە دانپێدانانێكدا دەڵێت “بڕیاری سەربڕینی هەموو پێشمەرگە دیلەكانی حەویجەم داوە و شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیشی ئاشكراكرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا، لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر، چالاکوان و ئەندامێكی ئەو تیمە چالاکوانە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند “دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە لە سایتێکی هەوڵیدا، ئێمە بەدواداچوونی تریشمان كردووە لەسەر ئەو كەیسە، لەوانە لە پۆلیسی حەویجە زانیاریی ورد بەردەستە، بەتایبەت لەسەر دەستگیركردنی یەكێك لەو سەرکردانەی داعش كە بەشداریی كردووە لە سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكان و دانیشی بەتاوانەکەیدا ناوە ، بۆیە ئێمە وەکو چالاکوانی کورد لەشاری کەرکوک بۆ ئەوەی ئەو كەیسە لەڕووی یاساییەوە ڕێڕەوەی خۆی بگرێتەبەر و تاوانبار بە سزای خۆی بگات، هەروەها بۆ ئەوەی ئەم كەیسە (دیزە بە دەرخۆنە) نەكرێت ئەم هەنگاوەمان ناوە”.

هەروەها لەتیف فاتیح فەرەج ڕاشیگەیاند “ئێمە كۆمەڵێك رێگای یاسایی و فشار دەگرینەبەر، رێگای سەرەكی ئەوەیە لەڕێی پارێزەری خۆبەخشەوە كار بۆ نەشاردنەوەی ئەو كەیسە دەكەین. رێگایەكی تر ئەوەیە پەیامی خۆمان دەگەیەنینە هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەم كەیسە كەیسێكی گەورەیە و نابێت بشاردرێتەوە”.

هەروەها بەشداربوویەکی دیکەی کۆنگرە رۆژانەمەوانیەکە مەلا فەرمان، چاودێری سیاسی بوو، ناوبراو وتی: “لەڕوی سیاسییەوە، ئێمە قسە لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دەكەین، هەروەها لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای كەركوك و لایەنە سیاسییەكانی تر بۆ ئەوەی كەیسەكە بەهەند وەربگیرێت، ئەوەش تەنیا بە ئێمە ناكرێت، داوا لە كەسوكاری پێشمەرگەكان دەكەین زانیاریی تەواومان پێبدەین تا بەدوایدا بچین”.

هەژار كاكەیی، كە وەكو پارێزەری ئەو كەیسە لەلایەن ئەو تیمەی ئەمڕۆ راگەیەنرا دیاریكراوە. وتی “ئەم كارەی ئێمە دوای راپۆرتەكەی (كەركوك ناو) بڕیاری لێدرا، ئێمە دەستخۆشیمان بۆیان هەیە…”.

وتیشی “دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە بەدواداچونی زیاترمان بۆ ئەو بابەتە كردووە، هەربۆیە راگەیاندنی ئەم دەستپێشخەرییەمان بە پێویست زانی، دەمانەوێت بەشێوەی خۆبەخش كەیسەكە لە ئەستۆبگرین، دوای ئەم كۆنگرەیە هەوڵدەدەن لەگەڵ كەسوكاری پێشمەرگەكان كۆببینەوە و وەكو پارێزەری خۆبەخشی كەیسەكە لە دادگاكان كاربكەین. نامانەوێت ئەم كەیسە فەرامۆش بكرێت“.

وتیشی “لەگەڵ رێكخراوەكانی پەیوەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش قسە دەكەین. دەمانەوێت وەكو كەیسێكی جیهانی سەیری ئەم تاوانەی داعش بكرێت دژ بە گەلی كورد… هەروەها هەوڵبدەین روفاتەكانیان بهێنینەوە بۆ كەسوكاریان و لە ئەمڕۆوە هەوڵەكانمان بەشێوەی كرداری دەستپێدەكەین“.

لە دانپێدانانیدا ئەو لێپرسراوەی داعش وتویەتی ” تەرمی پێشمەرگەكان بەشێكیان لە گوندی بەگارەیە لە نزیك قەزای حەویجە و بەشێكی تریان لە خانوی ماڵی دادوەرێكن هەر لە حەویجە“.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوەوە لە هەوڵدایە شەهیدانە بۆ تەواوی پێشمەرگە دیل و بێسەروشوێنەكانی شەڕی داعش ببڕێتەوە كە ژمارەیان ٦٢ پێشمەرگەیە، بەڵام هێشتا كەسوكاری بەشێكیان بەدوایاندا دەگەڕێن و ئومێدیان ماوە لە ژیاندابن، یان لانیكەم روفاتەكانیان بدۆزنەوە. هەموو ئەوانە لەكاتێكدایە هێشتا حكومەتی هەرێم بەڕەسمی چارەنوسی ئەو پێشمەرگانەی یەكلایینەكردۆتەوە.

 

 

 

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *