کەجەکە رایدەگەیەنێت، پارتی کەشێکی مەترسییداری لە گرژیی و ئاڵۆزیی خولقاندوە و جەختیش ئەکاتەوە: سەپاندنی چوارساڵی دیکە زیندان بەسەر شێروان شێروانیی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی باشوری کوردستان لە پاشەکشێکی مەترسییداردایە.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی سزادانەوەی شێروان شیروانیی بە چوار ساڵ زیندانیی کرد، راگەیاندراوێکی لەوباریەوە بۆ رایگشتیی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئەرک دەکەوێتە سەرشانی دەسەڵاتی باشوری کوردستان کە بە رێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنچینەییەکان رێگە لە بەردەم گەشەی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکاندا بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە دەبینین کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە قۆڕخکردنی هەموو جۆمگەکانی دەسەڵات و سەپاندنی ویست و سیاسەتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا کەشێکی مەترسیداری لە گرژی و ئاڵۆزی خولقاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر دەنگێکی ناڕازی لە باشوری کوردستانەوە لە دژی سیاسەتی گەندەڵی و دزی و بەکرێگیراوی بەرز ببێتەوە پەدەکە هەوڵ دەدات کپ و سەرکوتی بکات. لەم چوارچێوەیەدا وەک لە نموونەی شەهید سەردەشت عوسمان و شەهید وەدات حسێندا دەبینرێت، سیاسەتی دەسەڵاتی پەدەکە لەم بوارەدا ئەشکەنجە و کوشتنە. بەڵام کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستاندا کە خاوەنی دەیان ساڵ رەنج و قوربانییدانە لە دژی رژێمی فاشیستی بەعس مل بەم زەخت و گوشارانە نادات و هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ئازادیخوازانەی خۆی بەکار دەهێنێت.
ئەوەشی خستووەڕوو: پەدەکەش کە ئامانجەکەی ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی کۆیلە و گوێڕایەڵی دەسەڵات دروست بکات، هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات بۆ چەوساندنەوەی ئازادیخوازان و رەخنەگران بەکار دەهێنێت. چەند ساڵە کە پەدەکە بەدەیان کەسایەتی ئازادیخواز و چالاکوان و رۆژنامەنووسی لە بادینان بە بارمتە گرتووە و بە بەکار هێنانی دەزگاکانی وەکو پۆلیس و ئاسایش و دادوەری هەوڵ دەدات کە گەل چاوترسێن بکات و وای لێبکات کە ئیرادەی خۆی رادەستی دەسەڵات بکات.
کەجەکە، راشیگەیاندوە: سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بە سەر “عبدالرحمان ئەر” و “مەزڵۆم داغ”و ئەشکەنجدانی جەستەیی و دەروونییان، سەپاندنی چوارساڵی دیکەی سزای زیندانی بەسەر شیروان شێروانی بە تۆمەتی بێ بنەما و هەروەها رفاندنی ئۆمێد بەرۆشکی لە لایەن پەدەکەوە، زەخت و گوشار لە سەر بنەماڵە و هاوژینی ئەدهەم بارزانی هەموو ئاماژەی مەترسیدارن بۆ داهاتووی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە باشوری کوردستاندا. بەتایبەتی، سەپاندنی چوارساڵی دی زیندان بە سەر رۆژنامەنووس شێروان شێروانی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و نیشانەی ئەوەیە کە ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی باشوری کوردستان لە پاشەکشێکی مەترسییداردایە.
هێما بۆ ئەوەئەکات: پەدەکە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم بۆ سەپاندنی نادادپەروەریی بەکار دەهێنێت، بڕیاری تاکەلایەنە و تاکەکەسی بە سەر دادگاکاندا دەسەپێنێت و مرۆڤە ئازادیخوازەکان بە تۆمەتی بێ بنەما بە بارمتە دەگرێت. شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بارمتەی سیاسین لە دەستی دەسەڵاتێکی حزبی لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی بنەماڵەیی و بەکرێگیراوی بە سەر کۆمەڵگای باشوری کوردستاندا.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە، داواش لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی و کوردستان، هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ئازادیخوازەکان و رۆشنبیران ئەکات کە لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و ئازادی شێروان شێروانی و هەموو ئازادیخوازانی بەندکراو بکەونە ناو هەوڵدانەوە و لەم پێناوەدا هەموو هێز و توانای خۆیان بەکار بێنن.”