پرسی کەسێتی

عادل عوسمان
بەشی دووەم
باسەکەی ئێمە پرسی کەسێتیە و چۆنیەتی دروست کردنی کەسێتیە بەپێی پێویستیەکانی بەڕێوەبردن و پاراستنی سیستەم. کاتێک کۆمەڵگە بەلاڕێدابراو سیستەمێکی پاوان ئاواکرا، ئیدی پێویستی بەردەوامی ئەوسیستەمە بەجیاوازیەوە بەڕێوەدەبرێت. بێگومان بۆ ئەو مەبەستە، دەبێت کۆمەڵگە دابەشی چینە جیاوازەکان بکرێت. کارو بەڕێوەبردن پیشەیی بکرێت، بەشێک بەڕێوەبەر، بەشێک ھەلسوڕێنەر. بەشی بەڕێوەبەر دەزگاکانی بڕواھێنان، سەپاندن، ھێزو کۆکردنەوە بەدەستەوە دەگرن و وریاتر دەردەکەون و دەتوانن دەوروبەر بەڕێوەببەن. بەشی ھەلسوزێنەریش، گوێگر، ئەوەی دەیڵێن پێکی دێنێت و نانەسکیەکی پێ ڕەوا دەبینرێت. کۆمەڵگە بەھشێوە دابەشی سەر چینەکان دەکرێت. تەوەزەلترین بەشی کۆمەڵگە بەھۆی سیستەمەکەیەوە دەبێتە بەڕێوەبەرو چنەرەوەی بەرھەم. کارگەرترین بەشی کۆمەڵگەش دەبێتە کۆیلەی خزمەتکار. بۆیە کەسێتیەکان بەپێی شوێنگەو پێگەکەیان لە سیستەمی ئاواکراودا دیاری دەکرێت.
لێرەوە جیاوازیەکانی کەسێتی دیاری دەکرێت. باڵادەست، ژێردەست، بوێر، ئازا، ترسنۆک، توندوتیژ، نەرم ونیان، ھۆشمەندو بێھۆش، ڕازی ناڕازی، یاخی و بنیات نەر، ڕەخنەگرو تێکدەر …..ھەروەھا. بۆیە کۆمەڵگەی ڕێکخراو خاوەنی کەسێتی نەرم و نیان و لەسەرخۆیە. سیستەمی پاوان دەسەڵاتیش، خاوەنی کەسێتی توندوتیژ، خۆسەپێن، باڵاو پاوانکارە. لێرەوە ئەو سیستەمی باڵایە، تاوانکاری کوشتن و دڕندەیی بۆدرێژەدان بەسیستەمەکەی بەپێویست دەزانێت. لەپێناوی بەڕێوەبردنیشدا سود لە ھەلومەرجەکانی سوککردن، گەندەڵکردن و بەدزکردن دەبنێت. چونکە خۆی سیستەمێکە لەسەر دزینی ڕەنجی کۆمەڵگە دامەزراوە، لەبەرئەوە کۆمەڵگەش بۆ ئەو دزی و گەندەڵیە ئاراستە دەکات، واتە ھەمووی وەک خۆ لێکردن.
ئەو کەسێتیەی بەگوێرەی ئەم سیستەمە ئاوادەکرێت. بکوژ، لۆمپەن (خوێڕی)، نزم، توندوتیژ و ملکەچ دەبێت. تەنیاو بێھێز دەبێت. بۆیە سیستەم دەتوانێت لەڕێگەی سوپای خوێڕی و لۆمپەن و بێکارانەوە خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. کەسایەتی بەرھەمھاتووی ئەم سیستەمە ترسناک و وێرانە. دورە لەبەھا ئەخلاقیە کەڵەکەبوە جوانەکانی کۆمەڵگە. بۆیە دەبێتە پۆلیسی پاراستنی ھەموو ھەبونە ناشرینەکانی سیستەم.
ڕەخنەگرتن لەو کەسێتیە، بەتێگەیشتن لە کۆمەڵگەو سیستەمی پاوان دەبێت و چارەسەریشی پێویستی بەبەرھەمھێنانەوەی کۆمەڵگەو گەڕانەوەی سیاسەت و ئەخلاق و کۆمەڵایەتی دەبێت. بەبێ تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی ئازاد و دەورو پێگەی کەسێتیش، کە ئامانجی چیەو بۆچی دەژی و تێدەکۆشێت، ناتوانرێت بنیاتی کەسێتی ئازاد بکرێت. سیستەم بەلێدان لەکۆمەڵگەبوون و ڕێکخڕاوبوونی ئەنجامی بەردەوامبوونی سیستەمەکەی وەرگرتوە. ئایدۆلۆژیاکانی بۆ خوڵقاندوەو پەرەپێداوەو ھەر ڕۆژە لەڕێگەی ڕاگەیاندن، سینەما، مزگەوت و خێزانەوە بەرھەمی دێنێتەوە.
بۆئەوەی چارەسەری کەسێتی بێھێز، پەرژوبڵاو، نامۆو بێ کەسایەتی بکەیت، دەبێت چارەسەری کۆمەڵگەبوون بکەیت. گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەبوون، واتە بۆ ڕێکخستن بوون، پێکەوەبوون و دڵبەستەبوون. ئاوا کردنی کۆمەڵگەی پێکەوە، ھەرەوەزی و ھاوکار، کەبەرامبەر ھەر ھەبون، ئاڵوگۆڕ و خراپیەک خۆی بەخاوەندار بزانێت. ئەوەش بە کەس و کەسێتی خاوەن ویست و بەئامانج دەکرێت، لێرەوە پێگەی کەس لەسیستەمی کەسێتیدا دیاریدەکرێت. کە ئامانج و ویستی چیەو لەکوێی ھەبون و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی گەردونیەکاندا جێگەدەگرێت.
باسکردن لە کەسێتی لە دەرەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی، سروشتی، جوگرافی و کلتوریەکاندا باسێکی ناتەواوو کەوتنەوەداوی لیبراڵیزم و ئەو تاکگەراییەیە کە ئامانجی دەست بەسەردا گرتنی تاک، کۆمەڵگە، سروشت، ژینگەو گەردوونە. بۆئەو پاوان کردنە، دونیایەک جیھانبینی، میتۆلۆژیا، ئایین، فەلسە، ئایدۆلۆژیا و زانستی ئاواکردوە. بۆئەوەی تاک بە پێگەو ھەبوونی خۆی نامۆ بکات و نەزانێت ئەو تاکە، کێیە! سەربەکوێیە! لەکوێوە ھاتوەو بۆ کوێ دەچێت! بۆچ ئامانجێک خوڵقاوەو ئێستە چ ئامانجێک لەبەردەمیدایە. ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، لێدانە لەم کەسێتیەو خوڵقاندنی کەسێتیەکی ترە.
لێدان لە ھەبونی گەردونی و مێژویی بونی گیانەوەرو تایبەتمەندی ھۆشمەندی مرۆڤ. یەکێک لە سیاسەتەکانی سیستەمی پاوان و دەست بەسەرداگرتنە. کە پەیوەندی مێژویی جیۆپەلەتیکی کەمەڵگەو تاکەکانی لە جوگرافیاکانی خۆیدا بە ئامانج دەگرێت. کەوانەی زێڕین و میسۆپۆتامیا، کە دوو جوگرافیاو ھەبوونی ئافراندنی کۆمەڵگەبوون و دەسەڵات – دەوڵەتن. لێیان دەدرێت و مێژوەکەیان دەشاردرێتەوەو لەسەر ئەو وێرانەیە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی ئاوادەکرێت. کەھەرشت پەیوەندو پەیوەست دەکاتەوە بەخۆیەوە. لێدان لە کەوانەی زێڕین، میسۆپۆتامیاو بەتایبەتتر کەوانەی زێڕین، واتە زاگرۆس تۆرۆس، ئامانجی ھەرە لەپێشی شارستانیەتی ڕۆژئاوایە. بۆئەو مەبەستەش پێویستی بە تەربیەتدانی تاکگەلێکە کەبتوانێت ئەو ئەرکە لەئەستۆبگرێت و قبۆڵ بکات. بۆیە پەروەردەی کەسێتیەکی بێ مێژوو، بێ کلتورو بێ نیشتیمان ئەو ھەوڵانەن، کەلە ئایدۆلۆژیا جیاوازەکاندا ڕەنگڕێژ کراون و دەرخواردی ئەقڵ و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی دەدەن.
نەبوونی گفتوگۆ، کۆنەبونەوە بەدەوری یەک و لێدان لەو ھەبونە گردبوەوە بەدەوری یەکداو، نامۆبوون بەخۆو، بەکۆمەڵگەو بەمێژوو، وادەکات تاکەکان بەرەو پارچەبوون، ئاڵۆزی، توندوتیژی و پێکدادن ببات. نەناسینی تایبەتمەندێتی کەوانەی زێڕین و بەتایبەتتر گەلی کورد کە خاوەنی تایبەتمەندێتی کۆمەڵگەبوون، ئافراندن، سروشتی بوون و گەردونیە. ڕێگە لەناسینی ئەو ھەموو فشاڕوو توندوتیژی و کوشتارە دەگرێت کە بەرامبەر کەوانەی زێڕین و کورد، دەکرێت و لەئانی ئێستادا پەیڕەوو بەڕێوەدەبرێت.
بۆ ئافراندنەوەی کەسێتیەکی ئازاد، ڕەنج، کارو تێکۆشانی بەھەیبەتی دەوێت و کوردان بەدرێژایی مێژووی ئاواکردن پێشەنگی ھەبوون و کۆمەڵگەبوونێکی ئازاد، سروشتی، ھەروەزی و پێکەوەییان کردوەو لەو پێناوەدا زۆرو زەحمەتیەکانی ژیانی لەکۆڵ ناوە. لەپێناوی سەر ڕێخستنەوەی ژیانی ئازاد گەردوونی، کەمرۆڤیش لەناودا وەک یەکێک لە پێکھاتەکانی ھەبوون بەشداری لە بنیاتنان، وەرگرتن و پێداندا دەکات. بۆ ئەو ئامانجەش، تاکێک دەئافرێنێت و تەربیەت دەکات، کە بەرپرسیارو ئەرکداری ئەو پێگەو جێگەو ئاواکردنەبێت.
پرسی کەسێتی و بەتایبەت کەسێتی ئازاد، پرسێکی قورس و کاڕیگەرو فرەڕەھەندە، کە مرۆڤ پێویستە لە یەکەم لەڕێلادانی پاوانی دەسەڵات دەوڵەتەوە بەدواداچوونی بۆ بکات و لێی بکۆڵیتەوەو دەورو نەخشی، میتۆلۆژیا، ئایین، فەلسەفەو زانست لەو پەیوەندەدا ھەڵسەنگێنێ و لەسەر ئەو بنچینەیە، سیستەمە چینایەتیە جیاوازەکان بەشوێن چیەوەن و چۆن دەتوانرێت بناسێنرێن و ئەو ھەڵە مێژوییە دەستنیشان بکرێت و چۆن دەکرێت سەر ڕاست بکرێتەوەو کوردان لەو نێوەندەدا بۆچی تەسلیمی سیستەمی دەوڵەت – چینایەتی نەبوون و بەشوێن چیەوەن و چی ئاوادەکەن، لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت. ھەروەھا ئەو ھەوڵانەی بیرمەندی تێکۆشانی ئازادی کوردان ڕێزدار ئۆجەلان، بەرز بنرخێنرێن لە ئاواکردنی کەسێتی ئازادو مرۆڤسازیدا.
بەھیوای ئەوەی لە داھاتوودا کاری زیاترو شایان بەو ناسین و ھەڵسەنگەندنەی کەسێتی پەرەی پێبدرێت. کەبەردی بناغەی ئاواکردنی کۆمەڵگەی ئازاد، خۆسەرو دیموکراتیکە.

هەروەها چێکی بکە

ڕادەستكردنەوەی ئامینە كاكەباوە بە توركیا

  پێشڕەو محەمەد  چەند سەرنجێكی هاوشێوە سەبارەت بە دیپۆرتكردنەوەی جووەكان: دوای ئەوەی سوید و فینلاند …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .