كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا/كۆمسیۆنی باشووری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هێرش و داگیرکارییەکانی سەر شەنگال شەرمەزار دەکەن و داوا لەسوپای عێراق دەکەن دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکانی بۆسەر ئێزدیەکان بوەستێنێت و هەموو لایەك فشار بخەنە سەر سەرۆك وەزیرانی عێراق (كازمی) كە بە پلانی توركیا و مالی بارزانی دەستی بەم لەشكركێشیە کردووەن.
دەقی بەیاننامەکە:
كۆمەڵگەی ئێزیدی، لە دیرۆكدا چەندین جار ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕكردن و كۆمەڵكوژی بوونەتەوە لەسەر دەستی داگیركەران و دەسەڵاتدارنی كۆنەپەرستی دژە مرۆڤایەتی، دوا كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان لەسەر دەستی كۆنەپەرستانی داعشی بوو لە ٣ ئابی ٢٠١٤، ئەمەش لە ئەنجامی هەلهاتنی سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی پەدەكەدا بوو لە بەرامبەر داعش، جێهێشتنی كۆمەڵگەی ئێزیدخان بۆ بەر تیغی تیژی مرۆڤ كوژانی داعش، كە لە ئەنجامدا كۆمەڵ كوژیەكی گەورەی ئێزدیەكانی لێكەوتەوە و هەزارانیان كۆمەڵ كوژ كران و هەزارانی تریان فڕێندران تاكوو ئێستا چارەنوسیان نادیارە
دوابەدوای ئەو كۆمەڵكوژییە دڕندانەیە، كۆمەڵگەی ئێزدی بڕیاریدا هێزی جەوهەری خۆی ئاوا بكات بۆ پاراستنی كۆمەڵگەی ئێزیدی و ڕزگاركردنی هەرێمی شەنگال، بۆ ئەو مەبەستە یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال و یەكینەكانی ژنانی شەنگال (یەبەشە و یەژەشە) پێكهات لە 19ی کانوونی یەکەمی 2014 چەندین گوند و شار و شارۆچكەكانی شەنگالیان ئازادكرد. لەئێستادا سیستەمی خۆبەڕێوەبەریان ڕاگەیاندوە، ئاسایشی ئێزدخانیان پێكهێناوە و هەرێمێكی ئارام و پڕ ئاشتی و ئاسایشیان بونیاد ناوە
ئاشتی و ئارامی، پێشكەوتن و سەقامگیری هەرێمی شەنگال هێزە هەڵاتوەكان و دەوڵەتی فاشستی توركیایان نیگەران و بێزار كردوە، ئۆقرەیان لەبەر بڕاوە و كەوتونەتە پیلانگێڕی دژی ئەم ستاتویە ئارام و ئاشتی خوازە
هاوكات لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی داگیركەری توركیا لە ١٧ نیسانی ٢٠٢٢ بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لە باشوری كوردستان و هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، سوپای عێراق لەسەر داوای دەوڵەتی فاشستی تورك و هێڵی خیانەتی ماڵی بارزانی، دەستی كردوە بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو ئێزیدیانەی كە لە كۆمەڵكوژی داعش ڕزگاریان بووە، بەژمارەیەکی زۆر سەرباز و زرێپۆش و تانکەوە چوونە ناو شەنگالەوە و جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر چەند گوند و خاڵێكی سەربازی هێزەكانی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان و بۆمب باران كردنی چەند شوێنێكی مەدەنی
ئامانجی هێرشی ئەم چەند هەفتەی دوایی سوپای عێراق دابڕینی پەیوەندی ڕۆژئاوای كوردستان و هەرێمی شەنگالە، لە هەمان كاتدا هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و هێزەكانی پاراستنی شەنگالە
بۆیە داوا لەسوپای عێراق دەکەین دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکانی بۆسەر ئێزدیەکان بوەستێنێت. هەموو لایەك فشار بخەنە سەر سەرۆك وەزیرانی عێراق (كازمی) كە بە پلانی توركیا و مالی بارزانی دەستی بەم لەشكركێشیە
كردوە،
دەست لە هێرشكردنە سەر شەنگال هەڵگرێت، چونكە بەم لەشكركێشیەی دەستی پێكردوە ئیرادەی گەلانی عێراق دەخاتە بەردەم چارەنوسێكی ڕەش كە ڕژێمی بەعسی فاشی بە بیرمان دێنێتەوە
لە هەمان كاتدا داواكارین لە گەلی خۆمان و سەرجەم گەلانی عێراق لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات خاوەنداری بكەن لە ئێزدیەكان و خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە هەموو شێوە جیاوازەكانی خەبات و تێكۆشان بۆ ڕێگرتن لە دووبارە كۆمەڵكوژی ئیزدیەكان
سەركەوتوو بێت خەباتو بەرخودانی گەلی شەنگال
كۆمسیۆنی باشوری
كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا
3 / 5 / 2022