هەپەگە ئاماری هەفتەی ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا گەریلاکانی کوردستان ١٥٢ چالاکییان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامداوە و ٢١٨ سەربازی تورک کوژراون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ئاماری شەڕی هەفتەی ڕابردووی دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو ڕۆژێک بە فڕۆکەی جەنگیی و پێشکەوتووتریین تەکنەلۆژیا جوگرافیای کوردستان بۆردوومان دەکات، بەڵام ناتوانێت ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت، جارێکی دیکەش بۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان لە شەوی ١٧ی نیسانەوە هێرشێکی بەفراوانی داگیرکاریی لە زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد، ئەمە هێرشێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شەڕێکی گەورەیە لە ئاستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا.
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە لە ١٧ تا ٢٤ی نیسان گەریلاکانی کوردستان ١٥٢ چالاکیی جیاجیایان دژی سوپای تورک ئەنجامداوە، کە ٥٨ چالاکییان شەڕ و گورزلێدان، ٢٩ چالاکیی بە چەکی قورس، ٢٩ چالاکیی تەقاندنەوە، ٢٣ چالاکیی قەناسبەدەست، سێ چالاکیی هەڵکووتانەسەر، حەوت چالاکیی ڕێکخراو و سێ چالاکیی کە بەنهێنیی چوونەتە ناو داگیرکەران و گورزیان لێداون.
هەپەگە هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەریشی خستووەتەڕوو و دەڵێت: ئەوەندەی هێزەکانمان پشتڕاستیان کردووەتەوە، ٣٨٧ جار هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان کراون، هەروەها ٢٤٣ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگیی و هاوەن تۆپباران و بۆردوومان ئەنجامدراوە.
هەپەگە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییشی لەلایەن سوپای تورکەوە ڕاگەیاندووە و دەڵێت: حەوت جار سەنگەرەکانی هێزەکانمان بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کراوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە، ٢١٨ داگیرکەر سزادراون و ٤٨ داگیرکەریش برینداربوون، هاوکات چوار درۆن خراوەتە خوارەوە و گورز لە ١١ هێلیکۆپتەر و درۆنێکیش دراوە، سەنگەرێک خاپوورکراوە و سیستمێکی کامێرای حەراریی تێکشکێندراوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێرشە داگیرکارییەکان سەرەتا لە ١٤ی نیسانەوە بە بۆردوومانی چڕ دەستیپێکرد، شەوی ١٧ی نیسان سەرباری بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگیی، هەوڵیدا بە هێلیکۆپتەر هێز لە ناوچەکانی گەریلا دابنێت، هێزەکانمان لە هەموو شوێنەکان بەبێ سانسۆر وەڵامی پێویستیان دانەوە، ڕێگەیان نەدا داگیرکەران داببەزن، شەویش بەهەمان شێوە هەوڵیاندا دابەزن، هێزەکانمان بەردەوامبوون لە بەرپەرچدانەوەیان و گورزیان لە ١١ هێلیکۆپتەر دا.
هەپەگە دەڵێت: سوپای تورکی داگیرکەر کە نەیتوانی سەربازەکانی لە ئاسمانەوە داببەزێنیت، ئەمجارە هەوڵدەدات لە زەمینەوە بێت، بەڵام گەریلاکان بە بەرپەرچدانەوەیان ڕێگەیان نەدا سوپای تورک بە ئامانجەکانی بگات.
لەبارەی بەکارهێنانی گازی کیمیاییش لەلایەن سوپای تورکەوە، هەپەگە ڕایگەیاندووە: سوپای تورکی داگیرکەر لە چوارەم ڕۆژی هێرشەکانییەوە چەکی کیمایی بەکاردەهێنێت لە ناوچەکانی کوڕەژارۆ، وەرخەلێ، شەهید شاهین، کونیشکا و گردی ناوەڕاست.
هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بە هاوکاریی پەدەکە بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستانەوە و لە هێڵی بامەڕنێ، ئامێدی و دێرەلوکەوە هێرشی کردە سەر زاپ، پەدەکە بەئاشکرا ڕێگەی دا لە پشتەوە خەنجەر لە سەنگەرەکانی گەریلا بدرێت، هێزەکانی پەدەکە لە پشتی کوڕەژارۆ جێگیربوون و هەوڵیاندا ناوچەکانی گەریلا داگیربکەن، ماوەی هەفتەیەکە هێزەکانی پەدەکە هەتا ئێستاش دەستیان لەو هەڵوێستە هەڵنەگرتووە.