تەڤگەر_باران رەختە
هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، بەداخەوە دەمارگیریی نەتەوەیی و مەزهەبیی رەنگیداوەتەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوکدا و جەختشیکردەوە: چارەسەریی ئەوەیە بە فیکری “نەتەوەی دیموکرات” هەموو نەتەوە و ئایینەکان پێکەوە شاری کەرکوک بەڕێوەبەرین.
لە رۆژانی رابردوودا ١٣ حیزبی کەرکوک کە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان-یشی تیادا بوو، راگەیەندراوێکیان بۆ رایگشتیی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە کردوە: لای هەمووان ئاشکرایە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چارەنووسی ئاییندەی پارێزگاکە دیاری ئەکات، بە فرە لسیتییش ئاییندەی کەرکوک ئەخەینە مەترسییەوە.
کۆمەڵ سەرمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاکانی عێراقەوە لەبارەی شاری کەرکوکەوە بە ماڵپەڕی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، لیژنەی هەماهەنگیی چەپ دەستپێشخەرییەکی کردبوو بۆئەوەی بتوانین لیستێکی هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان دروست بکەین، کۆبوونەوەیەک کرا و دوو خاڵی پۆزەتیف هەبوون کە یەکەمیان حیزبەکان گەیشتینە ئەوەی کە دۆخی کەرکوک هەستیارە، قۆناغەکە پێویستی بەیەکدەنگیی هەیە و ئەو حیزبانەی کە لەو کۆبوونەوەیەدا بوون یەک لیستییان بە تاکە رێگایە زانی.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری یەکجاریی نەدرا، چونکە بەشێک لە حیزبەکان ئامادە نەبوون، هەریەکە لە پارتی و دوو حیزبی ئیسلامیی بەشدار نەبوون، لاموایە هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوان لیستی تایبەت بەخۆیان هەبێت لە کەرکوک.
هێمای بۆ ئاستەنگییەکان لە شارەکەدا کرد و وتی: تائیستا پارتی گەورەتریین کێشەیە لەبەردەم یەک لیستیی لە کەرکوک، هەروەها یەکێتیی هەرچەندە دەستپێشخەریی کردوە بۆ یەک لیستیی، بەڵام لە دەستپێشخەرییەکەی جددیی نەبووە، ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی بە باشی ئەزانیین تەواوی حیزبەکان لە چوارچێوەی یەک لیستییدا کۆببینەوە و خزمەت بە تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە بکەین. هەروەها حیزبەکان هاوڕان لەم هەڵبژاردنەدا کورد نەیباتەوە، ئەوا بەشێوەیەکی یاسایی شارەکە لەدەست ئەدات، پێشتریش بەهۆی لێکەوتەکانی رێفراندۆم، کورد لایەنی سەربازیی و ئیداریی شارەکەی لەدەستدا؛ وەک تەڤگەری ئازادیی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە لیستێکی هاوبەشە لەپێنا و خزمەتکردنی شارەکە دا بە تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانییەوە.
هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی، جەختی لەوەشکردەوە: هەڵبژاردن ئەبێت بخرێتە خزمەت پرۆسەی دیموکراسییەوە. کورد، تورکمان و عەرەب لەبری ئەوەی بێن هەڵبژاردن بکەنە خزمەتی پرۆسەی دیموکراسییەوە، بەداخەوە دەمارگیریی نەتەوەیی و دەمارگیریی مەزهەبیی و ناسیۆنالیستیی رەنگیداوەتەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک دا، ئێمە بە پێویستی ئەزانیین هەڵبژاردن بخرێتە خزمەتی دیموکراسییەوە؛ هەر بۆیە چارەسەرییش ئەوەیە بە فیکری “نەتەوەی دیموکرات” بە ئاشتیی هەموو نەتەوە و ئایینەکان پێکەوە بتوانین شاری کەرکوک بەڕێوەبەرین.
لە 18/١٢/2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە (15) پارێزگای بە شاری کەرکوکی-شەوە بەڕێوەئەچێت.