ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13/8/2023 لە هۆڵی سینەما سالم لە سلێمانی مەڕاسیمێک کە لە لایان دەزگای میدیای ڕۆژنیوز-ەوە ڕێکخرابوو بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس (وەدات حسێن) بە بەشداری چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر وتاری هەریەک لە دەزگای میدیایی ڕۆژنیوز و خانەوادەی ڕۆژنامەنووس ویدات حسێن و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆنامەنووسان و سەنتەری میترۆ خوێندرایەوە کە تیایدا ئیدانەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و داوای هەرچی زووە بەسزاگەیاندنی بکوژەکانیان و هەروەها ئازادکردنی زیندانیانی بادینانیان کرد، بەڵێنیان دا کە لەسەر ڕێبازی شەهید ویدات حسێن بەردەوام ئەبن و دۆسیەی ویدات حسێن و شەهیدانی تری قەڵەمیش بەردەوام کراوە ئەبێ لای ئەوان تا ساتی بەسزاگەیاندنی بکوژەکانیان. لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس وەدات حسێن، چەکدارانی پەدەکە رێگریان لە خانەوادە و بەشێک لە گیراوانی بادینان و ئازادیخوازان گرت یادی حەوت ساڵەی تیرۆرکردنی وەدات حسێن لەسەر گڵکۆی ڕۆژنامەنوس بکەنەوە.
لە مەراسیمەکەدا (تارا حسێن) هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی بەشدارییان کرد.
وەدات حسێن ناوی تەواوی ( وەدات حسێن عەلی) بوو و لە ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگ-ی باکوری کوردستان لە دایکبووە و بنەماڵەکەیان لە بنەڕەندا خەڵکی پارێزگای دهۆکن، ناوبراو پەیامنێری ئاژانسی ڕوژنیوز بوو، پێشتریش بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان کاری کردووە و لە دهۆک و دەوروبەری چەندین کار و چالاکی هەبووە.
حەوت ساڵ پێش ئێستا و لە بەرواری 13/8/2016 لە پارێزگای دهۆک لە لایان چەند چەکدارێکەوە کە دوو ئۆتۆمبێلیان لە جۆرەکانی (کیا سیراتۆی ڕەش و ئۆپترای سپی) پێبوو ڕفێندرا و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە نزیک شارۆچکەی (سیمێل) بە برینداری دۆزرایەوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە گیانی لەدەست دا و شەهید بوو، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر تیرۆرکردنی ناوبراو دەستگیر نەکراوە و خانەوادەکەی و بەشێک لە هاوڕێ و هاوپیشەکانیشی پێیان وایە، پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لە پشت تیرۆرکردنی ناوبراوەوە بووە بەهۆی کاروچالاکەکانی و کاری ڕۆژنامەوانییەکەی و بە وتەی کەس و کاریشی پێش تیرۆرکردنی چەند جارێک لە لایەن ئاساییشی پارتیەوە لە دهۆک هەڕەشەی لێ کراوە و داوایان لێ کردووە کە سیخوڕیان بۆ بکات و ئەویش ڕەتی کردۆتەوە.