بەشێک لە شکستە سیاسی و ئیداریەکانی باشوری کوردستان، دەرئەنجامی ڕیفراندۆمە شکست خواردوەکەی ٢٠١٧-یە.

ڕۆژی( ٢٠١٧/٩/٢٥) ڕۆژێکی ئاسایی و سروشتی نەبوو لە مێژووی گەلەکەماندا، لەو ڕۆژەدا گەلەکەمانیان توشی دابەشبوونکرد بەسەر دوو بەرە و دووبژاردەی چوونیەک و بێمانا.
لەو ڕۆژەدا سیناریۆیەکی داڕێژراوی نێو-دەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی بەپێشەنگایەتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەبرا و لەبن ناوی ڕیفراندۆمدا خەڵکیان چەواشەکرد و مەیلی سەربەخۆخوازیی هەندێک ڕۆشەنبیر و هاوڵاتییان بۆ یەکلاییکردنەوەی کۆنەقین و کێشە کەسییەکانیان لەگەڵ بەغداد بەکارهێنا و گەل-یان جارێکی تر توشی بێ هیواییەکی هاوشێوەی ئاشبەتاڵەکانیان کردەوە، هەرکەس دەزانێت ڕیفراندۆم مافێکی گەردوونی و دەست-لێبەر-نەدراوی گەلانە، گەل هەر کاتێک ئامادە بوو بە هۆشیاریەوە دەتوانێ ڕیفراندۆم بۆ هەر شتێک کە بیەوێت بێ ئەوەی بکرێتە هەڵڵایەکی میدیایی و سینگ دەرپەڕاندن و پەنجە وەشاندن، لەم و لەو، بە خیانەتکار و جاش ناساندنی ئەوانەی قسەیەکی تریان هەیە. بەهەرحاڵ ئەوەی ڕویدا، مەیلی کەسێک بوو کرایە سەرمەشق و پێودانگی هەموو بڕیارێکی چارەنوسساز، هەڵبەت بۆ ئەمەش ئیلهامیان لە دوژمنان وەرگرت نەک گەلی وەڵاتپارێزیی خۆیان، هەرچی ئەگەری ئەو ڕوداوە هەبووە، لە خزمەتی یەکێک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا بووە. مەسعود بارزانی ڕوو لە خەڵکی کوردستان لەوەدا بوو بڵێت: پێتان خۆشبێت هەر دەیکەم و پێتان ناخۆشبێت هەر دەیکەم، لەبەرئەوە بوو چونکە هەموو شتێکی بەتورکیاوە گرێدابوو.
تورکیاش هەم لە ناڵێ دەدا و هەم لە بزماریش، خۆی بۆ هەرچی لێکەوتەیە ئامادەکردبوو، ئەگەر شکستی هێنابا، سیاسەتی لەسەر دەکرد، وە لەڕێگای دژایەتیکردنیەوە خۆی دەگرتەوە و دەهاتەوە سەر شانۆی سیاسی ئیقلیمی، لە کۆتاییدا هەرواشی کرد! ئەگەر هاتباو سەرکەوتوش بووایە، ئەوا لە ڕێگای فشارەکانی شەڕی پەکەکەی پێدەکردن، دەیگۆت: من دەوڵەتم پێداون.. ئەگەرچی لە ئێستادا هەردوو ئامانجەکەی تورکیا نزیکن لە بەدیهاتن. ئێستاش ئەگەر بێتو ئەوان خیانەت و جاشایەتییان تەرک بکەن بۆ دوژمنان، پایەیەکی گونجاوتر و سەنگینتر لە کۆمەڵدا بەدەست دەهێنن! ئێستاش تەنها گەل و وەڵات ئازار دەچێژن و ئەوان بەخەیاڵیاندا نایەت کە نیوەی پارچەیەکی وەڵات کەوتۆتەوە دەستی نەیارە مێژوویەکەیانەوە.
هەرچی دەربارەی هەڵوێست و خواستی ئێمەیە، ئێمە هەمیشە ڕامانگەیاندووە، کە گەلی خۆمان سەروەرمانە، وە هەرچی سیناریۆی ئامادەکراوە دژی گەل بەهەموو توانایەکمان لە دژی دەوەستینەوە.
هەمیشە ڕامانگەیاندوە کە دەبێ هێزی خۆمان کۆبکەینەوە. ئێجگار نامۆبوو، ئەوانەی سەرکێشی ڕیفراندۆم بوون، دژی کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکخستن و کۆکردنەوەی هێز و خەڵکی شەنگال و ڕۆژئاواش بوون، ئەوانە ئێستاشی لەگەڵ بێت، دژی دەنگی ئازادن لەهەموو شوێنێک.
ئێمە لەتەڤگەری ئازادی بەبڕواوە لە دژی بڕیاربەدەستانی ڕیفراندۆم بووین چونکە ستەمێکی دیاربوو، بۆیە بە گەلی خۆمانمان گۆت: بایکۆتی بکەن، لە ئەنجامدا بەرەی بایکۆت سەرکەوت و زۆرینەی گەلەکەمان بەپیر ستراتیژی ئێمەوە هاتن و پڕۆژەی ڕیفراندۆمیان کە پڕۆژەیەکی نامۆ و ناڕاست بوو، بایکۆتکرد، وە بەرەی بایکۆت ئەوەندە پاڵەپەستۆی خستبۆ سەریان بەشێوەیەک شەرمیان دەکرد باسی ڕێژەی بەشداری خەڵکی بکەن.
ئەوانەی ئەو نەهامەتیانەیان بەسەر گەل و وەڵاتدا هێنا، تا ئێستاش بە هەڵپەیەکی شێتانەوە تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ ئەو بەغدایەی کە خەریک بوو بەحیساب لێیجیادەبوونەوە، ‌هەر ڕۆژەو بەشێوەیەک لێی دەپاڕێنەوە و ماستاوی بۆدەکەن، تا مەرحەبایەکی سیاسیان بکەن و پشکێکی زۆرتر وەربگرن.
هەموو ئەوانەی ئەو کات بە دوژمن لە قەڵەمیان دەدان و حەماسی گەلی کوردستانیان ئاراستە دەکردن، ئێستا دێنەوە هەولێر و بەدۆستی باوباپیران دەیانناسێن. تا ئێستاش هەرهەموو قسەیەکیان کەسانێکی دڵسۆز بریندار دەکەن!
ئەوکات زۆر بەڕاشکاوی وتمان: <<دەبێت هەرێمی کوردستان و باشور بەگشتی لە تورکیایەکی ڕەگەزپەرست و خوێنخۆر جیابکرێتەوە نەک لە عێڕاق-ێک کە دانیناوە بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا>>.
لە ئێستاشدا هەڵبژاردنێک هەیە، ئێمە و ئەوان پاڵپشتی لە کۆمەڵێک کاندید دەکەین لەو هەڵبژاردنەی پێشوەختەی عێڕاق، بۆیە لەبەرئەوەی ئەوان شکستیان هێناوە، ئێمەش سیاسەتێکی تاڕاددەیەک باشمان بەڕێکخستنکردووە، لەبەرئەوە داوا لە گەلی خۆمان دەکەین، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هەرچی هێزی پشتگیریکاری ڕیفراندۆم هەیە سزا بدەن و پێیان بڵێن: ئەوە ئێوەبوون دەتانویست لە عێڕاق جیامان بکەنەوە، ئێستا خێرە دەتانەوێ بۆ چوونەوەتان بۆ هەمان عێڕاق خۆتان هەڵبژاردوە و دەتانەوە بە سەرکزی بگەڕێنەوە بۆی؟

هەروەها چێکی بکە

چرۆ شوانیی: پارتی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارەیە هیچ کاتێک لە خزمەت و بەرژەوەندیی گەلەکەیدا نەبووە

هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت، پەرلەمان چی بۆ هەرێمی کوردستان کردوە؟ دەسەڵاتێک زاڵە بەرسەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *