لە کاتێکدا پێشوازی لەسەری ساڵی 2023ی زایینی دەکەین
جیهان بەگشتی و ناوچەکەمان بەتایبەتی بە دۆخێکی زۆر هەستیار و مێژوویدا تێ دەپەڕێت، هەر لە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری کە ئابووری جیهانی تووشی دەیان قەیرانی تر کردووە و شەڕی کاولکاری ڕووسیا و ئۆکراینا، بێ چارەیی بۆ ئەم کێشانە وا خەریکە جیهان بەرە و جەنگی جیهانی سێیەم دەبات، ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستانیش پشکی شێری بەرکەوتووە لەم قەیرانانە، پێچەوانەی ئەوەی چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ بدۆزنەوە، قەیرانەکان قووڵتر دەکەن، لە ناوەوەی هەرێمی کوردستانیش ئەم حکومەتە و حکومەتەکانی ڕابوردووش لە ڕووی ئیداری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نەیان توانیوە قەیرانەکانی هەرێم بەرەو ئاقارێکی چارەسەری ببەن، قەیرانی گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و ڕێکنەخستنەوەی داموو دەزگا حکومییەکانی حکومەتی هەرێم وەکوو ڕێکنەخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە بڕیارێکی سیاسی حیزبییانە و دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ چەندین جار.
هەموو ئەم قەیران و ئاریشیانە وای کردووە ڕۆژ بە ڕۆژ پێگە و سەنگی هەرێم لە عێراق و ناوچەکە بەرەو لاوازی بچێت و لە مەترسی زیاتر نزیک بێتەوە، لەم ڕەوشەدا هەرێم نە بۆ خۆی دەبێتە هەرێمێکی سەقامگیر و بەهێز، نە بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش دەبێتە هیوایەک و پاڵپشتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، ناتوانین ئەم هەموو کێشانەش بخەینە ئەستۆی دەرەوەی هەرێم و قەیرانە جیهانییەکان، بە پێچەوانەوە ئەم ئاریشیانە فاکتەری ناوەوەی هرێمیش لێ بەرپرسیارن بەتایبەت لایەنە سیاسییەکان و لەسروی هەمووشیانەوە هەر دوو پارتی دەسەڵاتدار، دەرەنجام ئەم کێشانەی هەرێم کاریگەری لەسەر ناوچە جێ ناکۆکییەکان دەکات و کێشەکانی زیاتر دەکات سەقامگیریش لەو ناوچانە نابێت.
قەیرانەکانی عێراقیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە و لە گۆڕ چاوەڕوانی خەڵک نەبوو کە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجامدا و دوای چاوەڕوانییەکی زۆر حکومەتێکی زۆرینەی لایەنی سیاسی نەک زۆرینەی پەرلەمان دروست بوو، بەڵام قەیرانەکانی ئابووری و گەندەڵی و پەرتەوازەی کۆمەڵگە و بەزاندنی سیادەی عێراق لە لایەن دەوڵەتانی هاوسێوە، وای کردووە حکومەتی تازە دامەزراویش نەتوانی وەکوو پێویست چارەسەری قەیرانەکانیش بکات چونکە ئەوەندەی بەرژەوەندی سیاسی حیزبی و شەخسی زاڵە ئەوەندە بەرژەوەندی میللەت و وڵات و کۆمەڵگە گرنگ نییە لایان، چاوەڕوانی خەڵکیش سنوورێکی هەیە کە بزانن ئەم حکومەتە چی پێیە و دەتوانێت چی بکات، ئەگەر نا بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی تری بەرفراوانی نا ڕەزای دەبێتەوە.
کوردیش وەکوو شەڕێک و بەشداربووی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، تاکوو ئێستا نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی ببینێت و دەستکەوتێکی باش بۆ هەرێم بەدەست بهێنیت، چونکە ئەوەندە خەریکی پۆست و بەرژەوەندی حیزبی بوون، ئەوەندە لە خەمی دەستکەوتەکانی کورد نەبوونە، نەیانتوانیوە پێگە و سەنگی کورد لە بەغدا باش بپارێزن و کێشەی ناوچە جێ ناکۆکەکان و پێشمەرگە و بودجەی هەرێم چارەسەر بکەن.
لەسەر قەیرانی چارەسەری گەلی کورد کە ڕێبەری گەلان ڕێگە چارەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی دیموکراسی بە فیکر و تەرزێکی نوێ و ئاشتییانەی ڕاستەقینەی گەلانی ناوچەکە داڕشتووە، ڕۆژ بە ڕۆژ گۆشەگیری و تەجرید زیاتر دەکات و ناهێڵن ئەو دەنگە ئازادە و ئەو ئایدیۆلۆژییە سیاسییە دیموکراتییە کۆمەڵایەتییە بگاتە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە و جیهان، بۆیە گەلانی ناوچەکە بەگشتی و بۆ گەلی کورد بەتایبەتی و ئەو کەسانەی بەدوای چارەسەری سیاسی ئاشتییانەی کێشەی کورد و ناوچەکە دەگەڕێن، پێویستە هەوڵێکی جددی بدرێت، تاکوو ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، چونکە ئازادبوونی ڕێبەر ئاپۆ ئازادبوونی ناوچەکەیە لە زۆربەی شەڕ قەیرانەکانەکانی.
تەڤگەری ئازادیی تێکۆشانێکی دیموکراسی نەتەوەیی کۆمەڵایەتی سیاسی بەردەوامی هەیە لە هەر دوو ئاستی هەرێم و عێراقدا، تەڤگەری ئازادیی ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە لەم کاتەدا، سەرەڕای ئەو فشار و گوشارانەی لەسەریەتی، هەروەها لە شەهید بوونی مامۆستا شەماڵدا گەیشتە لووتکە.
تەڤگەری ئازادیی لە کۆنگرەی چواری خۆی کە ئەم ساڵ سازی کرد، بەڵێنی بە خوێنی شەهیدان داوە کە ڕاسپاردەکانی کۆنگرە و ڕێبازی شەهیدان و ئەو ئەرکەی کەوتووتە سەر شانی لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بە ئەنجامی بگەیەنێت، تاکوو بتوانین 2023 بە پێشەنگیەتی ژنان و گەنجان ئەرکەکانی سەرشانمان پەرە پێ بدەین و تێکۆشان پێش بخەین، بە هاوکاری هەموو لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژەکان هەموو پێکەوە ئەو بەرنامە کارەی پێشکەشمان کردووە جێ بەجێ بکەین و کێشەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیانە چارەسەر بکەین.
ساڵی نوێی ٢٠٢٣ بۆ گەلەکەمان چارەنووس سازە، چەندە مەترسی و پیلانگێڕی هەیە پێچەوانەش دەرفەتی سەرکەوتنی گەورە و مێژووی هەیە بێگومان دەرفەتی سەرکەوتنمان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و تێکۆشانمانەوە، لە پێشهاتەکانی جیهان بە دەستبەردار بوون لە سیاسەتی وابەستەیی و تاکڕەوی و خۆسەپێنی.
بەو بۆنەوە بانگەوازی لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و کەسایەتییە ئازادیخواز دەکەین بەر پرسیاریەتی ئەخلاقی و نیشتمانی و نەتەوایەتی خۆیان نیشان بدەین پێکەوە بوونمان گەرەنتی سەرکەوتنمانە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٣١/١٢/٢٠٢٢