تەڤگەری ئازادیی هەڵوێستی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نیشاندا

تەڤگەری ئازادیی پرۆژە و هەڵوێستی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و  پشتیوانی خۆی بۆ چوار کاندیدی سەربەخۆ دەربڕی، وتیشی بۆ سزادانی دەسەڵات هەموو هاوڵاتییان بچنە سەر سندوقی دەنگدان.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی – هۆڵی هۆتێل داوا، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئاهەنگێکی ناساندنی سازدا، بەو هۆیەوە پرۆژە و هەوڵوێستی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی مانگی ١٠ی پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرد.

هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو تەڤگەر و ڕاگەیاندن ئاهەنگی ناساندنەکە بەڕێوەچوو.

محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: پێویستە عێراقییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئاهێکیان بەبەردا بێتەوە، ئەمەش پێویستی بەشۆڕشێکی دیموکراتییە، هەتا بۆ ئەوەی  سزای دەسەڵات بدەین، پێویستە بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

وتیشی: چونکە سوتاندنی دەنگ و بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بۆ خۆی خزمەت بەو دەسەڵاتە گەندەڵە دەکات، بۆیە بانگەوازیی لە هاوڵاتییان دەکەین، کە بە جۆش و ورەیەکی بەرزەوە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگبدەن، بە نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل.

تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی قسەی کرد و وتی: ئێمە ڕەخنەمان لەهەموو ئەو فراکسیۆن و نوێنەرانەی دیکە هەیە، کە لە ڕابردوودا چوونەتە پەرلەمانی عێراق، چونکە پێمان وایە کە کەمترین خزمەتیان بە هاوڵاتیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پرۆژەیەکی تۆکمەمان ئامادەکردووە، بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان، بۆ خزمەتکردن بە پرسی ژن، ژینگە، قوتی خەڵک و مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سێ کاندیدی ئێمە ژنن، ژنی بە ئیرادە، کە دەتوانن نوێنەرایەتی هەموومان بکەن.

 جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی، ڕاشیگەیاند: داوا لەهەموو کەسێکی وڵاتپارێز و هەموو ئەو لایەنانە دەکەین، کە خۆیان کاندیدیان نییە پشتیوانییمان بکەن و دەنگ بە کاندیدەکانمان بدەن.

هاوکات لە ئاهەمگی ناساندنەکەدا، هەر چوار کاندیدە سەربەخۆکە، بانگهێشتکران بۆسەر سەکۆ و بەم شێوەیە خۆیان ناساند:

ـ محەمەد حەسەن، کاندیدی سەربەخۆ ژمارە ۲۹ لە بازنەی ٤ی سنوری ڕاپەڕین.

ـ شیرین عەبدوڵا، کاندیدی سەربەخۆ ژمارە ۳۳ لە بازنەی ١ی پارێزگای کەرکوک.

ـ ڕوناک مەجید کاندیدی سەربەخۆ ژمارە ۲٤ لە بازنەی ٢ی پارێزگای سلێمانی.

ـ یوسرا ڕەجەب کاندیدی سەربەخۆ ژمارە ۲۳ لە بازنەی ٥ی پارێزگای سلێمانی.

 پاشان هەریەکە لەکاندیدە سەرخۆکان وتەی خۆیان پێشکەشکرد، سەرەتا شیرین عەبدوڵا قسەی کرد و تی: وەکو کاندیدێکی سەربەخۆ لەسۆنگەی هەستکردن بەرپرسیارێتیی، وەک کەرکوکییەک کە هەست بە ئێش و ئازارەکانی خەڵکی کەرکوک دەکەم، خۆم کاندیدکرد و بەڵێن دەدەم کە ببمە پارێزەری مافەکانی خەڵک و خزمەت بەهەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بکەم و هەموو کێشەکانی کەرکوک لە پرۆژەم دایە بۆ چارەسەرکردنیان.

ڕوناک مەجید، ئاماژەی بەوەدا، قوت و ئازادیی دوانەیەکە مافی هەموو هاوڵاتییەکە، بەڵام نوێنەرانی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغداد تەنها شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە و هیچ کات خزمەتی خەڵکیان نەکردووە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت مۆدێلێکی جیاواز لە نوێنەرایەتی پێشکەشبکەین و ببینە دەنگی گەل و هەموو مافە دەستورییەکانی گەلەکەمان دەستەبەربکەین و شەڕی مافەکانیان دەکەین.

محەمەد حەسەن وتەی خۆی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند:  بە گرنگمان زانی، کە دەڤەرەکەمان نوێنەرێکی ڕاستەقینەی هەبێت، هەموومان دەزانین گەورەترین قەیران و کێشەی ناوچەکەمان هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، بۆیە دەبێت سنورێکیان بۆ دابنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە لە عێراق کاردەکەین، بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرش و پێشێلکارییانە و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان.

هەروەها لە کۆتاییدا یوسرا ڕەجەب وتی، لەڕابردوودا بەدەر لە پلانە هەرێمیی و دەرەکییەکان، پلانگێڕیی ناوخۆییش هەبوو لەسەرمان، کە نەبمە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل، بەڵام هەموو بەربەرست و پلانگێڕییەکانمان تێکشکاند و توانیمان ببین بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل و داکۆکی لە خاک و ماف و زمانی کورد بکەم.

ئەوەشی وت: جارێکی دیکەش دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەگەر چوینەوە پەرلەمان بە گڕوتینێکی زیاتر لە جاران کاردەکەین و سوپرایزمان ئامادەکردووە، بۆ مافیاکانی نەوت، یاسای نەوت و غاز دەردەکەین لەدەستی مافیاکان، ئەوانەی کە خستوویانەتە دەستی داگیرکەرانەوە.

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *