ئەمریکا لە ناوچە ستراتیژیەکان پاشەکشەدەکات

ئارام هادی

لەم ڕۆژانە شایەدی کشانەوەی پێ بەپێی سەربازە ئەمریکیەکانین لە ناوچەکە، لە (ئەفغانستان) کشانەوە لە (عیراق) ڕۆڵەکەیان دەکرێتە ڕاوێژکاری، (قسە ھەیە لە بنکە سەربازیەکەی حەریری نزیک ھەولێریش بکشێنەوە) لە ئایندەیەکی نزیکدا گەر لە چەند وڵاتێکیتری ناوچەکە نەکشێنەوە ئەوا تەنھا لە چوارچێوەی ڕاوێژکاری دەمێننەوە، بە کشانەوە یان گۆڕینی ھێزەکان لە شەڕکەرەوە بۆ ڕاوێژکاری لە ھەر وڵاتێک، یەکسانە بە کەمکردنەوەی ھەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە بە قازانجی (ڕوسیا. چین. ئیران. تورکیا).

کشانەوە یان گۆڕینی ناونیشانی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پەیوەندی بە ئیدارەی ئەمریکاوە نیە ھێندەی پەیوەندیی بە سیاسەتی قوڵ (پشتی پەردە)ی شانۆگەریەکەوە ھەیە، (دەکرێت کشانەوەی ئەمریکا پەیوەندی بەم ھۆکارانەی خوارەوە بێت).

یەکەم:بە ڕوخاندنی یەکێتیی سۆڤیەت و مانەوەی ئەمریکا بە تاک جەمسەر، سیستەمە جیھانیەکە ھاوسەنگی لە دەستدا و لە (١٩٩٠- ٢٠٢٠) قورسایی جیھانی زیاتر لەسەر شانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە ئەوروپیەکان بو، ئەمەش بارگرانی زۆری دەوێت، دەکرێت ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ ئەو ژمارە لە وڵاتانی جیھانی کە دەوری پۆلیسی سیستەمەکەیان درابۆیە نەیانتوانی بێت جیھان بەڕێوەبەرن، ناچار گەڕانەوە بۆ دابەشکردنی کێکەکە بەسەر ڕکابەرەکانیان کە (ڕوسیا- چین)ە، بەو حوکمەی لە ڕووی داراییەوە چین تەنگی پێ ھەڵچنیوە و لە پێشکەوتویی چەکیشدا ڕوسیا ھێندەی نەماوە ھاوشانی بوەستێت.

دووەم: پەلاماردانی ئیران لەلایەن تورکیاوە ئەگەرێکی دوورنیە، لەبەر ئەوەی ئەردۆغان لە پێش ھاتنە سەرکاری لە ٢٠٠٢ ئەو بەڵێنەی بە ئەمریکیەکان داوە، ئەمریکیەکانیش بەو مەرجە پاڵپشتیان لە ھاتنە سەرکاری ئەردۆغان کرد، ھەرچەندە ئەردۆغان لە بەڵێنەکەی پاشگەزبۆوە، بەھۆی تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لە کودەتا شکستخواردوەکەی تەموزی ٢٠١٦، بەڵام دەکرێت ڕێککەوتنی نوێ لە نێوانیان ئەنجام درابێت، لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم شەڕەدا ئەمریکا دەیەوێت لەناوچەی نزیک شەڕەکەوە دووربێت.

سێیەم:دوای شەڕی جیھانی دووەم بەریتانیا نەخشە و پلانی بۆ ئەمریکا دادەڕشت و ئەمریکاش بە تەکنیکە ئاست بەرزەکانی جێبەجێیکردوە و لە زۆربەشیاندا سەرکەوتو دەبو، بەڵام دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی دیکتاکتۆری (ێدام حسێن) بەریتانیا ھەنگاوی جدی ھاوشانی ئەمریکا نەنانەوە، لە بەھاری عەرەبی و شەڕی داعشیشدا زیاتر فەرەنسیەکان دەرکەوتوبون!، چونکە ئەو ڕژێمانەی دەڕوخان دەستکردی بەریتانیەکان بون، گەر بەریتانیا ھەنگاوێکیشی نابێت لە چوارچێوەی ھەواڵگریدابوە، ئێستاش زیاتر ھەست بە دوورکەوتنەوەی بەریتانیا لە ئەمریکا دەکرێت.

چوارەم: لێکەوتە خراپەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جیھان و بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر لە شەڕێکی جیھانی زەرەری پێگەیاندن، بەجۆرێک زۆری دەوێت تا ژێرخانی ئابوری ئەمریکا بچێتەوە ئاستی پێش کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایەکی جیھانی ھەیە لەسەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەوتوترین چەکی بایۆلوجی چینی بو بەدژی ئەمریکا بە پلەی یەکەم و ئەوروپا بە پلەی دووەم خستیە بازاڕەوە، چین بەم ڤایرۆسە ئەمریکا و ئەوروپای ناچار بە کشانەوەی کرد.

پێنجەم: ڕای پێنجەم کە لە چوارچێوەی (سیاسەتی پشتی پەردە) دەخولێتەوە و ڕەنگە زۆرینەی خوێنەران بە خەیاڵ و خەو لێکدانەوەی بۆبکەن، ئەوەیە، کە “ئەمریکا ئاسمانی کۆنترۆڵکردووە و لە ھەموو ئەو وڵاتانەی کار لە بۆشایی ئاسمان دەکەن پێشکەوتوترە” و بە ڕێککەوتن ئەو وڵاتانەی ناچار کردووە لە بواری بۆشایی ئاسماندا ھاوکاری ئەمریکابن، لە بەرامبەردا ئەمریکا لەسەر زەوی بە شێوەیەکی لەسەرخۆ بە قازانجی ئەو وڵاتانە پاشەکشە لە زۆر ناوچەی ستراتیژی و گرنگ دەکات!.

دواجار ئەوەی ڕوودەدات کشانەوەی ئەمریکیەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیدایە، کێ جێگەی دەگرێتەوە دیارە، بەڵام دوای دەرچونی ئەمریکا لە ناوچەکە جۆری بەڕێوەبردنی سیاسەتەکە چۆن دەبێت دیارنیە، ئەوەی بۆ ئێمەش گرنگە ئەوەیە ئایا کورد کە پێگە جوگرافیەکەی زۆر گرنگە، دەتوانێت کارتە بەھێزەکانی بە قازانجی سەرخستنی ئامانجەکانی بەدی بێنێت؟

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *