مرۆڤ و ژینگە

لەتیف فاتیح فەرەج

بابەتی ژینگە بابەتێکی گرنگی ئەم ساڵانەی دواییە، کە زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت. مەترسیەکانی شێواندن و پیس بونی ژینگە، ناهۆشیاری گشتی بەرانبەر ژینگە و هەروەها پیسکردنی ژینگە لەلایە دەوڵەتانی پیشەسازی وکۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە وای کردوە هەر ڕۆژ زیاتر بیر لەڕێ و شوێنی باشتر بکرێتەوە. هەرچەند تائێستا زۆربەی هەوڵەکان لەهەموو دنیادا لەچوار چێوەی قسەدا ماونەتەوە، بۆ نمونە هیچ سزایەکی گەورە نیە بەرانبەر وێرانکردنی ژینگە، هیچ کۆمپانیا و کارخانەیەک داناخرێن. کاتێک بە بیانوی بوونی شەڕ و ئاڵۆزییەوە دەوڵەتێک دارستان و شاخ و ژینگەیەک وێراندەکات و دەسوتێنێت و گڕ تێبەردەدا کەس نیە سزای بدات. ئەمەش وای کردوە ئەوانەی ژینگە وێران دەکەن هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەبێت. هەروەها تاکەکانیش هیچ خەمێکی ئەوتۆیان بۆ ماڵە گەورەکەیان نەبێت کەگۆی زەویە.

ئەمڕۆ لەهەمو کات زیاتر مرۆڤ دەبێت بەرپرسیارانە ماماڵە لەگەڵ ژینگە و سروشتەکەیدا بکات. ئەمە دەبێ ببێتە وانەی بەردەوام و هەمیشەی تاکەکان. با لەشتە زۆر بچوکەکانەوە دەست پێبکەین، ئەو بوتڵە پلاستیکیەی کە ئاوی تێدا دەخۆیتەوە و دواتر لەجامی ئۆتۆمبێلەکەتەوە توڕی دەدەی بەلای کەمەوە بۆ شیبوونەوەی لەزەویدا پێویستی بە دووسەد تا پێنج سەد ساڵە. ئەوە جگە لەوەی یەکێکە لەهۆیەکانی گەرم بوونی زەوی، ئەمە پێویستی بەهۆشیاریە، توڕی مەدە و بزانە دەبێت لەکوێ فڕە بدرێت، من بتڵی فڕێدراوم هەر لەسلێمانی و چەمچەماڵ نا لەپاریس و وینیپیکیش بینیوە. کەواتەمرۆڤ لەسەرتاسەری دنیا پێویستی بەهۆشیاری ژینگەییە، ئێمە دەبێت وانەیەکی تایبەت لە قوتابخانە، پەیمانگا، زانکۆ، مزگەوت،کەنیسە و میدیا…هتد دبنێین بۆ ژینگە. دەبێ هەرکەس لەکەسێکەوە تا کۆمپانیا و دەوڵەتێک لەسەر پیس بوونی ژینگە سزا بدرێت. پێویستە ناوەندێکی جیهانی هەبێت مرۆڤ ناچاری ئەوە بکات ڕێز لەژینگە بگرێت.

سوتاندنی هەر دارێک ڕەنگە هۆیەک بێت بۆ ئەوەی مرۆڤێک، ئاژەڵێک، پەلەوەر و باڵدارێک توشی تەنگە نەفەسی بێت، ئەی ئەگەر دارستانێک بسوتێنرێت چی دەبێت! هەڵبەت مرۆڤ بێئاگا لەوەی کە لەبڕین یان سوتاندنی هەر دارێکا تەنها ئەوەی نەکردوە کە دارێک نەمێنێ و سروشت ناشرین بکات، بگرە دەشێت لانە و ماڵی پەلەوەرێ، باڵدارێک یان سێبەری ئاژەڵێکی وێرانکردبێت. ئەمە جۆرێکە لەدڕندەیی، بۆیە پەروەردەی ژینگەیی بۆ هەموان پێویستە لە مناڵێکەوە تا سەرۆکی وڵاتێک، تا ئەوسەربازەی بەقسەی سەرەوەی خۆی ژینگەکەی خۆی وێران دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی کەسێکی نزیکی خۆی.

مرۆڤ دەبێت فێر بکرێت کە بەر پرسیارەتیەکی گەورەی لەئەستۆیە لە ئاست پاراستنی ژینگەدا. فڕێدانی فلتەری جگەرەیەک نا هۆشیاریەکی گەورەیە، ناکرێت مرۆڤ ماڵەکەی خۆش بوێت و گەڕەکەکەی نا، گەڕەکەکەی خۆش بوێت و شارەکەی نا، شارەکەی خۆش بوێت و وڵاتەکەی نا، وڵاتەکەی خۆش بوێت و جیهانەکەی نا، ئێمە لەسەرتاسەری دنیا گرێدراوین بەیەکەوە.

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …