روناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت: داهاتووی ئەردۆغان بەندە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لەگەڵ شکستی تورکیادا پارتی دیموکراتی کوردستان کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.
“هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان وەچەرخانێکی جیاواز بوو بۆ کورد”
روناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لەوە دەکات، سەرەڕای ئەو هەڵبژاردنانەی لە باکووری کوردستان و ئەو فشارانەی لەسەر گەلی کورد هەبوون لەلایەن دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاوە، کورد توانی زۆرترین شارەوانی بەدەستبهێنێت، وتیشی: هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی باکووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پێگەی گەلی کورد وەچەرخانێکی جیاواز بوو، هەروەک چۆن کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان توانی دژ بە داعش بوەستێتەوە، لە باکووریش سەرەڕای زیندانی کردن و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، بەڵام کورد توانی شارەوانی لە ناوچە کوردیەکاندا بەدەستبهێنێت.
هەروەها وتی: لە دوای هەڵبژاردن دەوڵەتی تورکیا دەیویست بە لابردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و دانانی قەیوم دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بەڵام سەرهەڵدانی گەل لە وان هەموو خواستەکانی دەوڵەتی تورکیای تێکشکاند، ئێمە دەتوانین گەلی باشووری کوردستان بە ئیرادەی گەلی باکووری کوردستانەوە ببەستینەوە، گەلی باشووری کوردستان دەتوانێت هەمان هەڵوێستی باکووری کوردستانی هەبێت، وەک چۆن فەرمانبەران و مامۆستایان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕژانە سەر شەقامەکان و توانیان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بچەسپێنن، ئەم یەکگرتنانەی گەلی کورد دەتوانێت سەرکەوتنەکانی کورد لە هەر جێگایەک بێت، بە ئەنجام بگەیەنێت.
” داهاتووی ئەردۆغان بەندە پارتیەوە”
ڕوناک مەجید، ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان بە نوێنەرایەتی کورد لە ناوچە کوردنشینەکاند توانی سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنێت، دەشڵێت: لە ئەنقەرە، ئیزمیر و ئەستەمبوڵ، کە ئەردۆغان لێی دۆڕا جەهەپە بە بێ کورد نەیدەتوانی تێیدا سەربکەوێت، وەک چۆن “مەڕاڵ دانش بێشتاش” بە ئیمام ئۆغڵوو دەڵێت، هیچ کات سەرکەوتوو نەدەبویت ئەگەر کورد دەنگی پێت نەدایە، ئەم سەرکەوتنە دەریدەخات کورد لێرەدا توانا یان هێزێکە دەتوانێت گۆڕانکاریی دروست بکات، ئەم سەرکەوتنانەی کورد لە باکووری کوردستاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، کە لە ئێستادا هەموو جیهان چاوی لەسەر ئەوەیە کورد دەتوانێت جارێکی دیکە لەسەر پێی خۆی بووەستێت، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی کورد توانایەکی جیاوازی هەیە لە بەرەوپێشبردنی توانای ژنانی کورددا.
ڕوناک مەجید باسی لەوەکرد، هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە، دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان چەند هۆکاریکی لە پشتەوەیە، ئەوانیش نەمانی ١١ کورسی کۆتاکان هۆکارێکە بۆ بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەگەر ٥١ نەهێنێت لە پەڕلەماندا ناتوانێت حکومەت دروست بکات، وتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری بکات دۆڕاوە، بەشداریش نەکات دۆڕاوە، بۆیە لێرەدا چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستانیان دەکرد، چونکە داهاتووی ئەردۆغان بەندە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لەگەڵ شکستی تورکیادا پارتی دیموکراتی کوردستان کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند”.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی ئاماژەی بەوەشدا، تێکدانی هەڵبژاردنەکان لە باشووری کوردستاندا دەگەڕێنیتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان و هەبوونی دەستی ئەدۆغان، “بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی باشووردا بە ئەمری ئەردۆغان بووە، تا بتوانێت قەوارەی خۆی لە باشووری کوردستاندا بهێڵێتەوە، بەڵام بە بەشداری نەکردن یان دەنگ بە دەستنەهێنانی پارتی هەڵگیرساندنی شەڕێک دەبێت لەلایەن پارتییەوە، ئەم بارودۆخەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت، چونکە سیاسەت لە کوردستاندا گرێدراوی یەکدین، بۆیەدەبێت هەرچۆنێک بێت ئەم ستاتۆیە بمێنێتەوە، بەڵام دەتوانین گۆڕانکارییەکی جدی تێدا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین پێگەی گەلی کورد جارێکی دیکە لە عێراقدا پێگەی خۆی هەبێت، بەڵام بەدەر لە پارتی چونکە بەردەوام لەگەڵ دوژمنان دایە”.