“پێویستە چالاکییەکانی ژنان لە شەقامدا ئەنجام بدرێت”

داکۆکیکارێکی مافەکانی ژنان رایگەیاند، ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژن پردێکن لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا، ئەرکیان گەیاندنی گرفتەکانی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەیە بە دەسەڵاتداران و چارەسەرکردنیان، وتیشی، چالاکییەکان تەنها لە ڕۆژی جیهانی ژنان و دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدرێ و لە کاتێکدا پێویستە هەموو کاتێک ژنانی چالاکوان چالاکیان هەبێت.

کەژاڵ عەبدولقادر – داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان قسەی بۆن ئاژانسی هەواڵی ژن کرد و تی: لە ئێستادا نیشاندانی گرفتەکانی ژنان و کۆمەڵگە لە ئاستێکی کەم دایە، بە شێوازێک بابەتەکان دەردەخەن وەک بڵێی توندوتیژی کەم بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە توندوتیژییەکان لە بەردەوامیدان و ڕێگری لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان هەیە، ڕێگە نادرێت بەڕێوەبەرایەتییەکان ئامارەکانی توندوتیژی بڵاوبکەنەوە.

“خراپی دۆخی ئابووری توندوتیژییەکانی زیاد کردووە”

ئاماژەی بەوەکرد باری ئابووری خەڵک خراپە، ئەمەش وایکردووە بە شێوەیەکی گشتی دۆخێکی سەخت بەڕێوەببەن و کێشەکانیان لەناو خێزانەکانیاندا زیاد بکات، وتی: ژن هەیە لە کار دەکراوە و بەوهۆیەوە هاوژینەکەی کردوویەتی بە کێشە لەگەڵی، دواجار ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، بەڵام ئەم گرفتانە باس ناکرێن بۆ ئەوەی هەرێم ناشرین نەکرێت.

ڕوونیکردەوە، ژنانی چالاک هەن و دەیانەوێت چالاکی بکەن بەڵام ڕێگریان لێدەکرێت و بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت، بەتایبەت ئەو ژنانەی لەناو حزبەکاندان و ئاڕاستە دەکرێن، دەشڵێت: ئەو ژنانە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکەن و ئاڕاستە کراون، ئەمەشە وایان لێدەکات بۆ مافی ڕەهای ژن کار نەکەن.

“چالاکییەکان پێویستە مەدەنی بن و لە ژێر سایەی حزبدا نەکرێن”

ئەو چالاکوانە بە پێویستی دەزانێت ڕۆژانە کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکرێت بەتایبەت لە باشووری کوردستان، چونکە کۆمەڵگە گەیشتووتە ئاستێک ژن لە هەموو بوارێکدا توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و مافی پێشێل دەکرێت، لە ماڵەکانیان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە شوێنی کار مووچەی کەمیان پێدەدرێت و بەکاردەهێندرێن، وتیشی: لە شوێنە جیاوازەکان سوکایەتی بە ژنان دەکرێت لە پێدانی مافەکانیان تا دەگاتە ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بێدەنگ بوون لە ئاستی ئەم کێشانە پرسەکانی ژنانی ئاڵۆزتر کردووە.

کەژاڵ عەبدولقادر، لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، چالاکییەکان پێویستە بێتە دەرەوەی هۆڵە داخراوەکان و لەسەر شەقام و ناو گەڕەکەکاندا بکرێت، ژنان چالاکی مەدەنی و سەر شەقامیان هەبێت، نەک بەو شێوەیەی ئێستا کە چالاکییەکان لەناو هۆڵە داخراوەکاندان و لە چوارچێوەی حزبەکاندان وتیشی: چالاکییەکانی ژنان پێویستە تەنها لە سنوری شاری سلێمانیدا چڕ نەبێتەوە، بەڵکو بچێتە ناوچە دوورە دەستەکان، بەو ئامانجەی ژنان هۆشیار ببنەوە و توندوتیژییەکان ڕێژەیان کەمتر بێتەوە.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …