هاتنی ئەردۆغان بۆ عێراق ئاژاوەگێڕییە
هاتنی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد و ئاژاوەگێڕییە.
دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٢٢ساڵی دەسەڵاتی ئەردۆغان دا، گەورەتریین هێرشی سەربازیی و دیبلوماسیی و راگەیاندنی و شەڕی تایبەتیی لەبەرامبەر گەلی كورد لە ھەر چوار بەشی كوردستان ئەنجامداوە. بە ئاشكرا و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، لە عێراق و سوریا بۆ دژایەتیی گەلی کورد ھاوکاریی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی کردوە؛ داگیرکاریی عەفرین و سەرێکانی و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، بەھاوکاریی چەتەبەکرێگیراوەکانی ئەوە نمونەی ئەو کۆمەڵکوژیی و کاولکارییە.
ئەو دەوڵەتە فایشست و دژ بە کوردە، ھەربەئەوە نەوەستاوە هێرش بكاتە سەر گەریلاكانی هێزی پاراستنی گەل، بەڵکو دەستی لەخەڵکی سڤیل و ژن و منداڵیش نەپاراستووە، بەشێوەیەکی دڕندانە بە چەكی قەدەغە كراو، هێرشی کردوەتە سەر ناوەندە خزمەتگوزاریی و مەدەنیی و تەندروستییەکان، بە ھەزاران ھاووڵاتیی شەھید و بریندار کردووە. لە باشوری کوردستان رۆژنییە ھاووڵاتیی مەدەنیی شەھید نەکات و رەز و باغ و دارستانەکان وێران نەکات. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی توركیا، بە بێ جیاوازیی دژایەتیی كورد دەكات، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بێ شەرمانە، بێ ئەوەی دەرس لە رابردوو وەربگرێت، بە هەموو دەرفەتی خۆیەوە هاوكاریی ئەم داگیركاریی و هێرشە دوژمن كارییە بۆ سەر گەریلاكانی ئازادیی كوردستان دەكات، کە لەھەموو ھەلو مەرجێكدا گەریلای ئازادیی، ئامادەی پاراستنی گەلی کوردستان و دەسکەوتەکانیەتی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە. ئاشکرایە پڕۆژە و نیەتی ئەردۆغان، زیندوكردنەوەی میساقی میللییە كە ئەویش گەڕانەوەی نەخشەی سیاسیی دەوڵەتی عوسمانییە لە ناوچەکەدا، کە خودی ئەردۆغان ھەوڵی بۆ ئەدات و ئەیەوێت ئەم پرۆژە داگیرکارییە جێ بەجێ بکات، هەر بۆ ئەوەش سڵ لەھیچ ناکاتەوە و سەر بەھەموو شوێنێکدا دەکات، بێگومان ئەو دەسەڵاتە فاشیستەی تورکیا، لە نێوان هیچ كوردێک ھیچ جیاوازییەك ناكات.
هەر بۆیە وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە شۆڤێنیی و داگیرکارییە، ئەركی هەموو تاكێكی خاوەن کەرامەتی كوردە، كە بەگژ ئەو سیاسەت و ھێرشانەدا بچێتەوە؛ باشترین وەڵامیش لەھەموو ئاستێکدا هەڵوێستی یەكگرتویی و نەتەوەییانەیە. تەنانەت لایەنی سیاسییە عێراقیەكانیش، بەرپرسن لە پارستنی سەروەریی خاكی عێراق، بەرامبەر پڕۆژەی داگیركاریی و لەناو بردن، چونکە لە دەرەوەی پروژەی داگیركاریی و پارچە کردنی خاک، چاوەڕێی هیچ كارێكی تر لە ئەردوغان ناكرێت.
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، وەستانەوە لەبەرامبەر هەر هێرش و پەلاماردانێکی داگیرکاریی، بۆسەر خاک و سەروەریی باشوری کوردستان، بە ئەركێكی ئەخلاقیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆمان دەزانیین و لەدژی دەوەستینەوە. لێرەوە داوا لە تەواوی گەلەکەمان و ئازادییخوازان و سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقییەكان دەكەین، دژی ئەم پڕۆژە مەترسییدارەی دەوڵەتی توركیا خاوەن ھەڵوێست بن، لەجیاتی پێشوازیی و ھاوبەشیی کردن لەگەڵیدا، دەست بەجێ داوای چوونەدەرەی سوپا داگیرکەرەکەی لەناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان لێبکرێت. دەبێت ھاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەردوغان بۆ داعش و گرووپە تیرۆرستییەکانی لەیاد نەکەین کە وای کرد ھەزاران ھاووڵاتیی عێراقیی بە کورد و عەرەب، ئێزیدی و کریستیانیی بوونە قوربانیی لە شەنگال و موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەر دۆغان نەوەک ئاوەدانیی و ئاشتیی، بەڵکو تەنها نەهامەتیی و کاولکاریی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت!
نەخێر بۆ ھاتنی بکوژی ھەزاران ھاووڵاتیی بێتاوان، نەخێر بۆ شەڕ و داگیرکاریی، بەڵێ بۆ ئاشتیی و چارەسەری دیموکراتی، سەركەوتو بێت ئیرادەی ئازادییخوازیی گەلی کورد.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان – دەستەی بەڕێوبەرایەتیی
٢٠٢٤/٤/٢٢