لە شاری رانییە، دژ سەردانی سەرک کۆماری تورکیا بۆ عێراق، گرووپی کۆشان کردبوونەوەیەکی ناڕەزایی جەماوەریی رێکخست.
گرووپی کۆشان بۆ پرسە نیشتیمانیی و مرۆییەکان، لە شاری رانییە لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، گردبوونەوەیەکی نارەزایی سازدا و تیایدا بەیاننامەیەکی بۆ رایگشتی بڵاو کردەوە، تیایدا هاتووە: وێرایی بەبیرھێنانەوەی کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەر، لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورکیای فاشست بەمیکانیزم و فۆڕمی جیاواز، درێژە بەداگیرکاریی و قڕکردنی کوردان ئەدات.
هەروها گرووپی کۆشان، داوا لە گەل و لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، لەبەرامبەر ئەو مەترسییانە خاوەن ھەڵوێست و یەکگرتووبن.
دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامەی گروپی کۆشان
هاونیشتیمانیانی کوردستان
هێزو لاینە سیاسیەکان
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
ڕاگەیاندنکارانی کاراو ئازا
بە بۆنەی یادەکانی ئەنفال و جینۆسیایدی گەلی کورد لەباشوری کوردستان کە لەسەرەتا و ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گەلی کورد لەباشور لەسەر دەستی ڕژێمی فاشیستی بەعس، توشی مەرگێکی بەکۆمەڵ کرا، بەداخەوە تاکو ئێستاش ئاسەوارەکانی ئەو تاوانە کاریگەری لەسەر ژیان و ژینی کوردستانیان هەر ماوە، تاوانێک برینەکانی ئەوەندە قوڵە لەسەر جەستەی گەلی کورد، مەگەر هەر بەیەکگرتوی و هەست و هۆشیاری یەکڕیزی لە هەنبەر ئاڵەنگاریەکانی ئەمڕۆی بەردەممان سارێژبکرێت،
ئازادیخوازان و بە پەرۆشانی ئازادی،
ئێمە وەک گروپی کۆشان ئەو یادو یادەوریەی کارەسات بارە بەرزڕادەگرین، لە هەمان کاتدا لەو ڕووداوە خەمناک بەسوێیە، گیانی تێکۆشان و ئیرادەی بەرەنگاری وەر دەگرین، دەبێت بڵێین هێشتا ڕژێمە فاشیست و سەردەستەکانی داگیرکەری گەلی کورد، لەهەر پارچەیەکی کوردستان، لە فۆڕمی ترو بە میکانزمی تر بەردەوامی بە قڕکردنی گەلی کورد دەدەن،
هەڵبەت ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەو کارەساتانە دەکەینەوە،
کە کوردستانیان و گەلی کورد لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردان.
بنۆڕن لە ڕۆژهەڵات، ڕژێمی تیوکراسی شۆڕشی ( ژن، ژیان، ئازادی)، ژینا بەزەبری هێز خامۆش دەکات، ڕۆژ بە ڕۆژ پەتی سێدارە لەگەردەنی ئازادی خوازان توندتر دەکات. لە ڕۆژئاوا، ئەو ستاتیۆیەی کە بەری ڕەنج و قورباندانی هەزارەها کچ و کوڕی جوامێرو خێزانی شەڕەف مەندە، لە هەر چوار لاوە لەبەردەم هەڕەشەو هێرشی دڕاندانە دایە،
هە روا لە باکوری کوردستانیش گەل دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەی لەدواین هەڵبژانەکان تۆماریانکرد، دیسان ڕژێمی فاشیستی ئەکەپە لەبیرو تەکبیری بێکاریگەرکردنی ئەوسەرکەوتنە گەورەیدان.
هاونیشتیمانیانی کوردستان, لای هەموولایەک ڕوونە باشوری کوردستان وەک کیانێکی فیدڕاڵی، لەبەردەم هەڕەشەیەکی جددی دایە، نەمانی هیچ دامەزراویەکی شەرعی خەڵک.. وای کردووە هەڕەشەکان زیاتر ببن، بەداخەوە دەوڵەتی عێڕاق سەروەری لەکەدارکراوە، هەر لە درزی ئەم لەکەدار بوونەی سەروەری دەوڵەتی عێڕاقدا، دەوڵەتی داگیرکارو فاشیستی تورکیا، لە ڕابردوو بێ شەرمانە چەندان جار ڕەشەکوژی ئەنجام داوە و چەندان کیلۆمەتر هاتۆتە قوڵایی خاکی عێڕاق. ئێستاش نیازمەندە لە ژێر ناو و بە پاساوی ترس و پرسی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، ئۆپراسیۆنێک ئەنجام بدات، هەڵبەت ئێمە پێمان وایە کە ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە تەنها بە ئامانج گرتنی زیاتری داگیرکارکردنی باشوری کوردستانە، چونکی ڕابردووی داگیرکارەیەکانی دەوڵەتی فاشێستی تورکیا، ئەوەمان پێدەڵێت، هەر بۆیە ئێمە لە گۆشەنیگا و هەست کردن بەو مەترسیە گەورەیە، بانگی هەموو ئازادیخوازانێک دەکەین دوور لە ئینتیمای حیزبی وئایدۆلۆجی هێڵی سیاسی، هەڵسەنگاندن و هەڵوێست و هەنگاوی کرداری بنێین بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو سەردانە چاوەڕوانکراوەی ئەردۆغان کە بڕیارە بۆ عێڕاق ئەنجامی بدات، بەنیازی زەمینە سازکردن وهاوبەش دۆزینەوە بۆ ئەو ئوپڕاسیۆنەی، کە دەرگای داگیرکاری زیاتر دەکاتەوە،..
لێرەوە ڕوی دەممان دەکەینە هەموو لایەک، مەترسیەکە بەهەند وەربگرن و هەنگاوی دروست بگیرێتەبەر بۆ کۆ دەنگی نیشتیمانی وبەرژەوەندی نەتەوەیی.