جەبار یاوەر، شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ئەو شەڕەی کە تورکیا دەیەوێت لەگەڵ پەکەکە بیکات هیچ بەرژەوەندییەکی عێراقی تێدا نییە و عێراق بەشێک نییە لەو شەڕە.
جەبار یاوەر شارەزای کاروباری سەربازیی و ئەمنی ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئاژانسی رۆژنیوزی راگەیاندووە: لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە سنوور و سیادەی عێراق بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە ئەو سنوورانە کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە هێزەکانی سنووریی، بنکە و بارەگای سنوورییان نییە و نەیتوانیووە هێزەکانی بگەیەنێتە سنووری عێراق-تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای گفتوگۆکانی نێوان عێراق و شاندەکانی تورکیا، تا ئێستا هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوتووە کە عێراق بچێتە شەڕێکەوە کە بەرژەوەندیی ئەوی تێدا نییە، چونکە بەشێک نییە لەو شەڕە، بەڵکو شەڕی نێوان تورکیا و هێزەکانی پەکەکەیە، بۆیە سوودی بۆ عێراق نییە بچێتە ئەو شەڕەوە لە کاتێکدا چەندین کێشەی ناوخۆیی هەیە“.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: ئەو ئۆپەراسیۆنەی، کە باس دەکرێت پێم وانییە ئەنجام بدرێت، چونکە خۆی ڕۆژانە ئۆپەراسیۆن بوونی هەیە و بە بەردەوامی لە ساڵەکانی ٩٠ـوە تا ئێستا چەندین ئۆپەراسیۆن هەبووە، بە تایبەتیی ئەم ئۆپەراسیۆنەی، کە پێی دەگوترێت چنگی قوفڵ لە ٢٠١٩ بەردەوامە بە هێزی ئاسمانیی و زەمینیی، هەروەها هەلومەرجەکانی ناو تورکیا لە بەرژەوەندیی ئاکەپەدا نییە، دیارە سیاسەتی ئاکەپەش هەڵە بووە لە سەرەتاوە، لەوانەیە باروودۆخی ئێستای ئاکەپە، حکومەتی تورکیا یارمەتیدەر نەبێت، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات.
جەختیشی کردەوە، کورد “دەبێت لایەنی ئاشتیی بێت، ئەو کێشەیەی هەیە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەک بە شەڕ”.