ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێم متمانەی لە نێوان حزب و گەلدا نەهێشتووە، بۆیە گەل پێویستی بەوەیە دووبارە متمانە دروست بکاتەوە و خۆیان بە ڕێکخستن بکەن بۆ تێکشکاندنی سیستمی دەسەڵاتدارێتی، ئەمەش بە هێزی ژن دەکرێت و جەختی کردەوە: سیستمی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان چارەسەرە بۆ دۆخی باشووری کوردستان.
“سیستمی سەرمایەداری بەرژەوەندی هەیە لە شەڕی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان – روناك مەجید، ، ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی لە قەیرانی شەڕ دایە، لە قەیرانێکدایە دوژمنان، سیستمی سەرمایەداری و هێزە هەژمونگەراکان هەمیشە لە هەوڵی داگیرکاری زیاتر و نانەوەی پشێوی و شەڕی زیاتر دان، چونکە ئەگەر ئارامیەک هەبێت، ئەوان لەسەر کۆی سیستمی جیهانی دەسەڵاتیان نامێنێت.
ئەوەشی روکردەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی فرە مەزهەب، ئاین، کولتوور و زمان دایە، بۆیە دەیانەوێت ململانێ بەردەوام بێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی سیستمی سەرمایەدارییە، چونکە لەلایەکەوە بۆ ساغکردنەوەی چەک و تەقەمەنییەکانیان، لەلایەکی دیکەوە لەم ڕێگەیەوە دەستدەگرن بەسەر داهات و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەت.
“دوژمنانی کورد دەیانەوێت کوردستان بە پارچەیی بمێنێتەوە”
باسی لەوەشکرد، دوژمنانی گەلی کورد لە هەر جێگەیەک بن هەوڵ دەدەن کوردستان بە پارچەیی بمێنێتەوە، تەنانەت لە هەر پارچەیەکیشدا دەیانەوێت دەستی داگیرکاریان بسەپێنن، نوێنەری داگیرکارانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتی تورکیایە، بۆیە تورکیا بەردەوام لە هەوڵی داگیرکاریدایە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و بووەتە نوێنەری سیستمی دەسەڵاتدارێتی و سەرمایەداری جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هەموو هێز و توانایەوە هێرشی سەر گەلی کورد دەکات، بە تایبەت لە باشووری کوردستان، کاتێکیش هێرشیان دەکرێتەوە سەر لە بەرامبەردا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باشووریش، ئەمەش بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە تەقەمەنی و چەکێکی قەدەغەکراو بەڕێوە دەبات.
“حزبە دەسەڵاتدارەکان لە باشووری کوردستان هەڵقوڵاوی گەل نین”
ئەوەشی خستەڕوو، حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان هەڵقوڵاوی ناو گەل نین و گەل دروستی نەکردوون، وتیشی: حزبەکان شۆڕشێکیان دروست نەکردووە، بە پێچەوانەوە دروستکراوی هێزە زلهێزەکانی جیهانن لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئاشکرایە هەر هێزێک هەڵقوڵاوی گەل بێت و ڕێبەرەکەی لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرابێت، بێگومان بەردەوامی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بەهۆی ئەوەی لە هەوڵدا نین بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێم، بۆیە بەردەوام بوونەتە پاشکۆی هێزە زلهێز و هەرێمییەکان.
دەشڵێت: حکومدارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە ئێستادا هەموو دەسەڵاتەکان لەژێر دەستی ئەودایە و لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش دەستی باڵای هەبووە، تاوانباری یەکەمن، چونکە پاشکۆی سیستمێکی دەسەڵاتدارێتی جێبەجێ دەکەن، ئەویش دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، باشووری کوردستان ماوەی ٣٣ ساڵە لە ئەزمونێکی جیاواز دایە، ئەم ئەزمونەی نەبووەتە پاڵپشتیەک بۆ پارچەکانی تری کوردستان، بەڵکو بووەتە دوژمنیان و هۆکارێک بۆ ئەوەی گەلەکەی لە خراپترین دۆخدا بژین.
“باشووری کوردستان دژایەتی ڕۆژئاوا دەکات نەک ئەزموونی لێوەربگرێت”
باسی لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە خۆبەڕێوەبەرییە و ڕوونیکردەوە، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان هاوکاری دەوڵەتە زلهێزەکان دەکەن، کە بە ناڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دروستکردنی خەندەق و بەربەست بۆ هاتوچۆکردن لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەمووی پەیامن بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێم بۆ دەوڵەتی داگیرکەر، لە کاتێکدا دەبوو پەدەکە پاڵپشتی ڕۆژئاوای کردایە و وەک دوو هێزی کوردی ببوونایە بە هێزێک دژی دوژمنانی کورد، نەک ببێتە ڕێگایەک بۆ دەستگەیشتنی دوژمنان بە ڕۆژئاوای کوردستان.
لەوەشدەدوێت: دەسەڵاتدارانی هەرێم هەمان سیستمی تورکیا لە باشوور پەیڕەو دەکەن، تەنانەت لە داڕووخانی ئابووریشدا کە ئێستا تورکیا لە داڕووخاندایە و بەهەمان شێوە باشووریش لە داڕووخانی ئابووری دایە، بەڵام سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان جیاوازە لە باشوور، چونکە لە باشوور سیستمی دەسەڵاتدارێتییە و لە ڕۆژئاوا لە گەڕەک و گوندەکانەوە سیستمی خۆبەڕێوەبەری هەڵقوڵاوە، لە ڕۆژئاوا ئاستی هەرە باڵا جێبەجێکاری گەلە، بەڵام لە باشوور گەل داخوازی دەسەڵاتداران جێبەجێ دەکات.
“جێبەجێکردنی سیستمی ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان هۆکار بۆ نەهێشتنی قەیرانەکان”
ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی، تیشکی خستەسەر جێبەجێکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوور، تا ببێتە چارەسەری قەیرانەکان و وتی: لە ساڵی ٢٠١١وە لە ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستاش شۆڕش بەردەوامە و لە ژێر ئابڵوقەی سێ هێزی گەورەی تورکیا، سووریا و باشوور دایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستێکی خۆبەڕێوەبەری بەرز دایە، چونکە سەرلەبەری داهات بۆ گەل بەکاردەهێندرێت، بەڵام لە باشووری کوردستان داهاتی ژێر زەوی لە خزمەتی دەسەڵات و حزبێک دایە، بۆیە ئەگەر لە باشووری کوردستان هەمان سیستمی ڕۆژئاوا جێبەجێ بکرێت قەیرانی سیاسیی، ئابووری، دیبلۆماسی و سەربازیی نامێنێت.
لە کۆتایدا ڕوناک مەجید ڕوونیکردەوە، ماوەی سێ ساڵە ڕۆژئاوای کوردستان سەرقاڵی پڕۆژەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی “دەستوور”ن، بەڵام لە باشووری کوردستان تا ئێستا سێ جار ڕەشنووس پێشکەش بە پەرلەمان کراوە و خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، کەواتە کێشەکە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دایە، وەک ڕێگە چارەسەرییەک ڕوناک مەجید وتی: دەسەڵاتدارانی هەرێم متمانەی لە نێوان حزب و گەلدا نەهێشتووە، بۆیە گەل پێویستی بەوەیە دووبارە متمانە دروست بکاتەوە و خۆیان بە ڕێکخستن بکەن بۆ تێکشکاندنی سیستمی دەسەڵاتدارێتی، ئەمەش بە هێزی ژن دەکرێت، ئەوەی لە ڕۆژئاوا کرا ژنان پێشەنگایەتیان بۆ کرد، نەک وەک باشوور حزب ئاڕاستەی ژن بکات، دواجار دەبێت هێزەکان یەک بگرن و ڕووبەڕووی داگیرکاری ببەنەوە.