پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان ئاماژەی بە رێپێوانی گەورەی ئازادیی کرد و وتی، “ئامانجمان ئازادیی جەستەییە، نەک هەر هەڵگرتن و شکاندنی گۆشەگیریی”.
پەرلەمانتاری مێرسینی دەم پارتی عەلی بۆزان لەبارەی رێپێوانی گەورەی ئازادیی کە پێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد چەند رۆژێکە بەردەوامە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
بۆزان وتی، ” ٣٥ مانگە هیج هەواڵێک لەبارەی بەڕێز ئۆجالانەوە بەردەست نییە، لە دوورگەی ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی دژوار لە ئارادایە. رێپێوانی ئازادی کە ئێمە ٥ رۆژە دەستمان پێکردووە، چالاکیەکی جیا و تاکوتەرا نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد’. پێشتر بەرەو گەملیک رێپێوانمان ئەنجامدابوو، لە زیندانەکان مانگرتن لە خواردن هەیە، هەروەها بۆ ئەوەی ببنە دەنگی زیندانیانی مانگرتوو، لە دەرەوەی زیندانیش ئێشکگریی ئازادی بەردەوامە. ئێمە ئەمڕۆ لە پێنجەم رۆژی رێپێوانی گەورەی ئازادیداین کە لە قەرس و وانەوە دەستیپێکرد و تا ١٥ی شوبات بەردەوام دەبێت”.
بۆزان بە بیری هێنایەوە، کە رێپێوانی گەورە لە قەرس و وان_ەوە لە دوو قۆڵەوە بە ٧٥ کەسەوە دەستیپێکردووە و وتی، “ئەو ٧٥ کەسە بەنوێنەرایەتی ملیۆنان کەس رێپێوان دەکەن. لە شار، ناوچە و شارۆچکەکان کە پێیدا تێپەڕبووین، بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی خۆمانمان بینی، لەبارەی گۆشەگیری بەڕێز ئۆجالانەوە قسەکرا، گفتوگۆ ئەنجامدرا و لەهەموو شوێنێک هەڵوێستی هاوبەش نیشاندرا. گەلی کورد بەڕێز ئۆجالان وەک ئیرادەی خۆی دەبینێت و بۆ چارەسەری پرسی کوردیش بە تاکە بەردەنگی دادەنێت. لەبەر ئەوەش دەیەوێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە.
بۆزان ئەوەی خستەڕوو کە لە چالاکیەکاندا تائێستا داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری دەکرا و وتی، “رەنگە یەکەم جار بێت بە دەنگێکی بەرز داوای ئازادیی جەستەیی دەکرێت”.
‘گۆشەگیری کاریگەری دەکاتە سەر ٨٥ ملیۆن مرۆڤ، ئێمە سورین لەسەر ئەوەی ئامانجەکەمان بهێنینەدی’
پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) عەلی بۆزان لە کۆتاییدا رایگەیاند، “کاتێک کە ئێمە لەبارەی گۆشەگیرییەوە قسە دەکەین، ئێمە باسی گۆشەگیرییەکی چڕی ٣٣، ٣٤، ٣٥ مانگی دەکەین. بەڵام لە ئیمراڵی ٢٥ ساڵە گۆشەگیری هەیە. لە ئیمراڵی هیچ شتێک بە گوێرەی یاسا و رێسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان جێبەجێ ناکرێت. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە سیاسەتی ناوخۆیی لە تورکیا و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتەوە، ئەو کاتە دەبینرێت کە ئەگەر خواست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم وڵاتە هەیە، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئەم رێپێوانە تەنیا بۆ کوردەکان نییە، گۆشەگیری لە سەر بەڕێز ئۆجالان کاریگەری لە سەر ٨٥ ملیۆن کەس داناوە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد یەک گرنگترین هۆکارەکانی دروستبوون و بەردەوامبوونی قەیرانی داراییە. تا رێپێوانەکەمان ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، تا ئەو کاتەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەبێت، ئێمە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین”.