لە چوارچێوەی سەردانەکانی یەکێتیی بە هۆی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک یەکێتیی لە سەردانێکدا سوپاسی پشتیوانییەکانی تەڤگەری ئازادیی کرد.
ئەمڕۆ چوار شەممە شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرپرسی مەڵبەندی دووی کەرکوکی یەکێتیی ڕەوەند مەلا مەحمود، سەردانی بارەگای ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکووکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانیان کرد، لە لایەن هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤەری ئازادییەوە – کۆمەڵ سەرمەد و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوک، پێشوازی لە شاندەکەی یەکێتیی کرا.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتیی هەڵمەتێکی سەردانکردنی سەرجەم و پارتە سیاسیەکانی کەرکوکی دەستپێکردووە، وەکو لایەنی براوەی هەڵبژاردن و زۆرترین دەنگی شارەکە، بە سەردانیکردنی پارتە کوردیەکان دەستیان پێکردووە، ئەمڕۆش لەو چوارچێوەیەدا سەردانی تەڤگەری ئازادیان کرد.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان هەر لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، ئەوەی ئاشکرا کرد، هیچ لیست و بەربژێرێکیان نابێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە پێناو ئەوەی دەنگی کورد لەو پارێزگایە پەرتەوازە نەبێت، هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی هاوپەیانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی کۆبوونەوەی شاندەکەی یەکێتیی لە گەڵ تەڤگەری ئازادیی کۆتایی هات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەوەند مەلا مەحـمود باسی لە ئامانجی سەردانەکە کرد و ڕایگەیاند، دەمانەوێت لە گەڵ سەرجەم پارتە کوردییەکان پشتیوانیی یەکتربین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، هاوکات ڕۆڵی تەڤگەری ئازدیی لە هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی کورد بەرز دەرخێنین.
لای خۆیەوە کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی سەردانی شاندەکەی یەکێتیی بە گرنگ ناوبرد، جەختی لەوە کردەوە پێویستە لایەنەکان یەکڕیزبن بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بۆ ئەوەی کۆتایی بە نەهامەتییەکانی خەڵکی شاری کەرکوک بهێنرێت.