وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراق، لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگای حەشدی شەعبی لە بەغداد، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە بەرپرسیار زانی لە بۆردومانی بارەگاکانی بزووتنەوەی نوجەبا لە بەغدادی پایتەخت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، یەحیا رەسوڵ – وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە بە رایگەیاندوە، لە هێرشێکی ئاشکرا و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی و ئاسایشی عێراق، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردەوەیەکی ئەنجامدا کە جیاواز نەبوو لە کردەوە تیرۆریستییەکان، بە ئامانجگرتنی یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکان لە بەغدادی پایتەخت، کە لە هێرشەکەدا زیانی گیانی هەبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە بەرپرسیار دەزانن لەم هێرشە دا بۆ سەر دەزگایەکی ئەمنیی عێراقیی کە بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە پێی دراوە کاردەکات، هێرشەکە پێچەوانەی هەموو لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئەمە بە پێشهاتی هێرشێکی مەترسییدار بۆ سەر عێراق دەزانین.