ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٠٠ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون

ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کۆڵبەران خوێناویترین ساڵبوو، نزیکەی ٣٠٠ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەشی لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بوونە قوربانی گەیشتە سەرووی ٢ هەزار کەس.

هەژاری، بێکاری و نەبوونی دەرفەتی پێویست بۆ دابیکردنی بژێوی وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد روو لە کاری تاقەتپڕوکێن و دژواری کۆڵبەری بکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران کە ئۆباڵی ئەو دۆخە ناهەموارەی هاووڵاتیانیان لە ئەستۆیە، بێ سڵکردنەوە بەردەوامن لە کوشتار و کردنەئامنجی ئەو کۆڵبەرانەی لە پێناو ناندا گیانیان خستووەتە مەترسیەوە.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ناوەند و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە، لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵدا کردنە ئامانجی کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و لەو شەش مانگەدا لانیکەم ١٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و نزیکەی ٢٢٠ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت پێکراون.

خاڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە لە پارێزگای سنە و ناوچە سنووریەکانی نەوسودی هەورامان لە پارێزگای کرماشان دوو شوێن بوون کە زۆرترین کۆڵبەریان تێدا کراوەتە ئامانج. بەجۆرێک کە تەنیا لە دوو مانگی سەرەتای پاییزی ٢٠٢٣، لە کۆی ١٣٨ کۆڵبەر کە بوونە قوربانی ٨٥ کۆڵبەریان لە بانە و ٣٣ کۆڵەبەری دیکەش لە نەوسود بوون.

 لە ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣٠٠ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران تۆمار کراوە:

هەربەپێی ئامارەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بە گشتی ٦١ کۆڵبەر بوونە قوربانی، کە لەو ژمارەیە ١١ کۆڵبەر کوژراون و ٥٠ کۆڵبەر برینداربوون کە ٤٢ حاڵەتیان واتە رێژەی نزیکەی ٧٠٪یان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بووە.

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی لەو شەش مانگەدا کوژراون یان برینداربوون، ٣٥ کەسیان لە پارێزگای کرماشان بوون، ٢١یان لە پارێزگای سنە و ٨ کەسیشیان لە پارێزگای ورمێ.

لە خاڵە سنوورییەکانی شارەکانی پاوە (١٦)، مەریوان (١٠)، سەلاسی باوەجانی (٩)، جوانڕۆ (٦) و بانەش ٦ کۆڵبەر بوونە قوربانی.

بەم پێیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣٠٠ کۆڵبەر بوونە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٣٠ کۆڵبەر کوژراون و نزیکەی ٢٧٠ کۆڵبەریش برینداربوون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانە لە ١١ ساڵی رابردوودا.

لە نێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٣ زیاتر لە دوو هەزار کۆڵبەر بوونە قوربانی

لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ناوچە سنوورییە جیاجیاکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان ٢٥٨ کۆڵبەر بەهۆکارەکانی وەک تەقەی راستەوخۆ، تەقینەوەی مین، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و هەرەسی بەفر و رەقبوونەوە کوژران و برینداربوون.

لەو ژمارەیە ٤٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢١٥ کۆڵبەریش برینداربوون، لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی ساڵی ٢٠٢٢ کوژراون ٢٩ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی تورک گیانیان لەدەستداوە و ١٦٠ کۆڵبەریش لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران برینداربوون.

زۆرینەی کۆڵبەرانی قوربانی لەو ساڵەدا کە ژمارەیان ١٣٩ کەسە لە پارێزگای کرماشان بوونە قوربانی و ١٠٠ کۆڵبەریش لە پارێزگای سنە و ١٩ کۆڵبەریش لە پارێزگای ورمێ.

لە سەلاسی باوەجانی ٤٢ کۆڵبەر، لە بانە و جوانڕۆ هەرکامێکیان ٣٩ کۆڵبەر، لە پاوە ٣٠، لە سەقز ٢١، مەریوان ١٨ و لە سەردەشتیش ١٧ کۆڵبەر لەو ساڵەدا بوونە قوربانی و بەم پێیە تەنیا لە خاڵە سنووریەکانی ئەو حەوت شارەی رۆژهەڵات بوونە ٢٠٦ کۆڵبەر قوربانی.

لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووش بە گوێرەی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز لانیکەم ٥٤٦ کۆڵبەر کوژراون و هەزار ٢٤٩ کۆڵبەر برینداربوون، واتە هەزار و ٧٩٥ کۆڵبەر بوونە قوربانی، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران پێکراون.

ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە پێی ساڵەکان بەم جۆرەیە:

ساڵی ٢٠١٣:

کوژران: ٣٨

برینداربوون: ٥٤

کۆی گشتی: ٩١

ساڵی ٢٠١٤:

کوژران: ٣٤

برینداربوون: ٥٥

کۆی گشتی: ٨٩

ساڵی ٢٠١٥:

کوژران: ٤٢

برینداربوون: ٣٠

کۆی گشتی: ٧٢

ساڵی ٢٠١٦:

کوژران: ٥١

برینداربوون: ٧١

کۆی گشتی: ١٢٢

ساڵی ٢٠١٧:

کوژران: ٦٧

برینداربوون: ١٦٣

کۆی گشتی: ٢٢٠

ساڵی ٢٠١٨:

کوژران: ٧٠

برینداربوون: ١٥٨

کۆی گشتی: ٢٢٨

ساڵی ٢٠١٩:

کوژران: ٨٠

برینداربوون: ١٨٣

کۆی گشتی: ٢٦٣

ساڵی ٢٠٢٠:

کوژران: ٦٧

برینداربوون: ١٦٣

کۆی گشتی: ٢٣٠

ساڵی ٢٠٢١:

کوژران: ٥٤

برینداربوون: ١٦٧

کۆی گشتی: ٢٢١

ساڵی ٢٠٢٢:

کوژران: ٤٣

برینداربوون: ٢١٥

کۆی گشتی: ٢٥٨

بە کۆکردنەوەی ئامارەکانی ئەمساڵ و ١٠ ساڵی رابردوو دەردەکەوێت کە لە نێوان ٢٠١٣ تا ٢٠٢٣دا بەلانیکەمەوە ٢٠٩٥ کۆڵبەر بوونە قوربانی، بە جۆرێک ٥٧٦ کۆڵبەر کوژراون و ١٥١٩ کۆڵبەر و کاسبکاریش لە ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون.

ئەوەی لەم ئامارەوە بەدی دەکرێت لە ساڵی ٢٠١٦ وەوە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بونە قوربانی لە هەڵکشاندابووە. هۆکارێکی ئەو هەڵکشانە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە، کە لەم حەوت ساڵەی رابردوودا  بەهۆی دژوارتربوونی دۆخی ئابووری دارایی هاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی بێکاری، هەڵاوسان و هەژاری لە ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتیان بۆ دابینکردنی بژێوی ناچار بوون روو بکەنە کاری دژوار و پڕ مەترسی کۆڵبەری.

زۆرینەی رەهای قاچاخی کاڵا لە رێگەی دەروازە و رێڕەوە سنوورییە فەرمییەکانەوە ئەنجام دەدرێت

دەستنەپاراستن و کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە، زۆر جار بەوە پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە، کە هەوڵێکە بۆ رێگری لە بە قاچاخبردنی کاڵا و شمەک و زیان گەیاندن بە ئابووری وڵاتەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی خودی ئامارەکانی دەوڵەت و پەرلەمانی ئێران کەمتر لە ٥٪ی قاچاخی کاڵا لە ئێران بۆ خاڵ و رێڕەوە سنوورییە نافەرمییەکان ئەنجام دەدرێت و زۆرینەی رەهای ئەو کاڵایانەی بە قاچاخ دەبرێنە ئێرانەوە لە رێگەی دەروازە فەرمیەکان، بەندەر، ئەسکەلە  ناوچە ئازادە ئابووریەکانەوەیە، کە لە ژێر دەستی هێزەکانی دەوڵەتدان و بە قاچاخبردنەکە لە قەبارەیەکی فراواندا لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووی دوڵەت و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وەک سوپای پاسداران ئەنجام دەدرێت.

لەو ئامارانەدا روونکراوەتەوە، کە قەبارەی ساڵانەی بەقاچاخبردنی کاڵا بۆ ناو ئێرانبۆ ئێران لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ میار دۆلاردایە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ رێڕەوە نافەرمیەکانی وەک رێگاکانی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و ئەوەی دیکە لە رێڕەوە سنووریە فەرمیەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

هیچ کەس بەهۆی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانەوە لێپێچیینەوەی لەگەڵ ناکرێت

جگە لە بێبنەمابوونی پاساوی رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی و توندوتیژانە لەگەڵ کۆڵبەران، لەو تاوانەدا خودی یاساکانی بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانیشەوە پێشێلدەکرێت، بەو پێیە، بەگوێرەی یاسا دەبێت هێزە چەکدارەکان بۆ دەستگیرکردنی هەر تۆمەتبارێک، سەرەتا بە تەقەکردن بە ئاسمان هەوڵی گرتنی بدەن ولە قۆناغی دواتر بۆیان هەیە لە پشتێن بەرەوخوار تەقەی لێبکەن و لە کۆتا قۆناغ و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، بۆیان هەیە لە پشتێن بەرەوژوور تەقەی لێبکەن.

سەرباری ئەوەی لە زۆرینەی حاڵەتەکانی کردنەئامانجی کۆڵبەراندا بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران دەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هۆی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران رووبەڕوو لێپرسینەوە نەبووە و ئەوەش بەهۆکارێکی سەرەکی بەردەوامبوونی کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکاران دادەندرێت.

 

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …