گرووپی کۆشان لە شاری رانییە، دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، گردبوونەوەیەکی سازدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٢/٣٠، گرووپی کۆشان بۆ پرسە نەتەوەیی مرۆییەکان لەشاری رانییە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دژ بەو ھێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکوور رۆژھەڵاتی سوریا بەڕێوەبرد و لە گردبوونەوەکەدا سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەشدار بوو.
ستار رەسول بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە وێڕای شەرمەزارکردنی دەوڵەت تورک، داوای لە ھێزە سیاسیی و رێکخراوەکان کرد خاوەن ھەڵوێست بن، ھەروەھا بێدەنگیی و بێھەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزارکرد.
دەقی بەیاننامەکە:
«ئەوەی لەبەر نیشتیمان دەڕوات و جۆگەلەی بەستووە ئاو نییە! ئەوە خوێنی رۆڵەکانییەتی»
ھاوونیشتمانییانی دڵسۆز و بەھەڵوێستـ….
هاوخەمانی ڕۆژئاوای بریندار…
وەک ئاگادارن دەوڵەتانی داگیرکەر بەگشتیی و بەتایبەت دهوڵهتی توركیای فاشست، بهردهوامه له هێرشهكانی بۆسهر تەواوی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و لە ئێستاشدا سەرنجی پەلامار و داگیرکاری خۆی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان چڕکردووەتەوە، ئەمەش دوای شکستە گەورەکەی سوپای داگیرکەر لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لە (زاپ و مەتینا و کوڕەژارۆ)ی سنووری سەپێنراوی نێوان باکوور و باشووری کوردستان؛ جێی ئاماژەیە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٢٣ ی ئهم مانگهوە بەشێوەیەکی چڕو بەردەوام کە تا ئێستاش بەردەوامە دوور لەھەموو یاسا و پێوانەیەکی جەنگ، دەیان دهزگا و دامهزراوهی مەدەنی و خزمهتگوزاری و کارگە و شوێنی دانیشتوان، كه پێویستی ژیانی ڕۆژانه و خزمەتگوزاری گشتین كردووەتە ئامانج و لهكاری خستوون، کە لە ئاکامدا چهندین ھاوڵاتیی مەدەنی شههید و برینداربوون.
گومانی تێدانییە، دەوڵەتی تورک ھەرگیز چاوی بە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان ھەڵنایەت، دەیەوێت لەو دۆخە ئاڵۆزەی جیھان و ئەو پەرتەوازەییەی لە ناوخۆدا هەیە، سوود وەربگرێت و داگیرکارییەکانی پەرەپێبدات؛ بەوشێوەیە ئارامی و ژیانی ئاسایشی ڕۆژئاوا تێکبدات.
ڕوون و ڕەوانە، کە ئەم دهوڵهته پانقەومییە مەزهەبییە، هەموو هاوکێشەکان بە پێوەری بەرژەوەندییە نەتەوەپەرستیی و ئایینگەراکەی خۆی پێوانەدەکات، هەر لەو ڕوانگەیەوە، پێشكهوتن و دهستكهوتهكانی ڕۆژئاوای کوردستان و سیستهمی بهڕێوهبهرایهتییهكهی، كه سیستهمی خۆبەرێوەبەری دیموكراتییه له باكوور و ڕۆژههڵاتی سووریا و تێیدا كورد و ههموو گهلانی ناوچهكهی لەخۆ گرتووە، وەک تارمەییەک سەیردەکات و بە مەترسی لەسەرخۆی دەیبینێت! بەتایبەت دوای نووسینەوە و پەسندکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی وەک دەستوورێک بۆ گەلی کورد و گەلانی سوریا، دیسان کێچ چووەتە کەوڵییەوە و چاوی بەرایی نادات کورد سەردار و کاربەدەستی هیچ بستەزەمینێک بێت!
لێرەوە ڕایدەگەیەنین، کە ئەو دەوڵەتە دژ بەئازادیەی گەلان ھەر جارەی بە بەھانەیەکی نابەجێ داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ ئەنجام ئەدات، کە جێی داخە جیھان و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بێدەنگ و بێھەڵوێستن، ھەر بۆیە ئێمە وەک گرووپی کۆشان بۆ پرسە نیشتیمانیی و مرۆییەکان کە کۆمەڵێک چالاکوان و کەسایەتی دەڤەری راپەڕیین لەخۆدەگرێت وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانیی، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو ھێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و دەسکەوتەکانمان، بەتوندی شەرمەزاردەکەین و لەبەرامبەر ئەو هێرش و تیرۆرهی توركیا کە لهدژی گهلهكهمان و كهمهنهتهوهكانی تری ناوچهكه ئەنجامی دەدات، داوا لە نەتەوەیەکگرتوەکان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین رێگەبگرن لەو داگیرکاریی و وێرانکارییانە، ھەروەھا داوا لە ھەرتاکێکی بە ویژدان و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتیی و ھێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین، بێدەنگیی بشکێنن و خاوەنھەڵوێستبن لەبەرامبەر ئەو شەڕە داسەپاوەی دەوڵەتی فاشستی تورکیادا، ئێمە تەنھا بە یەکگرتووییمان دەتوانین سەرکەوتن زامن بکەین.
رۆژی یەکگرتن و ھەڵوێست و پێکەوەبوون و یەکگرتنمان، گرەنتی سەرکەوتنمانە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلی کورد و گەلانی ئازادییخواز…
شەرمەزاریی بۆ داگیرکاریی و شەڕخوازیی
٣٠/١٢/٢٠٢٣ رانییە
گروپی کۆشان بۆ پرسە نەتەوەیی و مرۆییەکان