بەیاننامەیەک لەسەر هێرشەکانی رۆژئاوا
جارێکی تر دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شوێنە خزمەتگوزاریی و مەدەنیی و پیشەسازییەکانی رۆژئاوا، لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی شەڕی ئیسرائیل و حەماسە و لەڕێگە چارەیەک دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە کاولکارییە. دەبینین تورکیا لە جیاتی ئەوەی ببێتە هێزی چارەسەریی و بەرقەرارکردنی ئاشتیی لە ناوچەکە، کەچی بە پێچەوانەوە بووەتە ئامرازی جەنگ و کاولکاریی، ئەمەش لە عەقڵیەتی بێچارەیی و شەڕخوازیی خودی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان سەرچاوە دەگرێت، چونکە لە شەڕ زیاتر هیچ رێگە چارەسەرییەکی ئاشتییانەیان پێ نییە، چ لە ناوخۆی تورکیادا و چ بۆ دەوروبەر و دەرەوەی خۆی، لە کاتێکدا بزووتنەوەی ئازادییخواز تێکۆشان و بەرخۆدانێکی مەزن دەکات دژی داگیرکارییەکانی تورکیا، لەپێناو ئازادیی و ئاشتیی و بوونی گەلێک، دەبینین ئەو هێرشە نامرۆڤانەی سوپای داگیرکەری تورک! زیاتر ناوەندە خزمەتگوزاریی و پیشەسازیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی رۆژئاوا بە ئامانج دەگرێت، پێشتر تورکیا چالاکی فیدایی دوو گەریلای لە ئەنکەرە کردە پاساو بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، گووایە ئەم دوو گەریلایە لە رۆژئاوا راهێنانیان پێکراوە و لە وێوە ئاڕاستەی تورکیا کراون، کەچی چالاکیی ئەمجارە لە شاخە، بەڵام هێرش دەکرێتە سەر ژێرخانی ئابووریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دەوڵەت دژی گەلی کوردە بە هەموو بەش و رەنگەکانییەوە. هەرچەندە مێژوو وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە کە تورکیا دوژمنی کوردە! نەک تەنیا بزووتنەوەی ئازادیی، لە سەرهەڵدانی شێخ سەعیدەوە بیگرە تا کۆمەڵکوژیی دێرسیم کە لەم قۆناغەدا پەکەکە هێشتا لە منداڵدانی مێژووشدا نییە، دەرخەری ئەم راستییەن، بۆیە ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی چەواشەکارییدایە، لە کاتێکدا مەیدانی شەڕ جیاوازە، بەڵام ئەوان پەلاماری شوێنێکی تر دەدەن، ئەمەش لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسیی و سەربازیی دێت کە ئیتر دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت خۆی لەبەردەم ئیرادەی هێزی ئازادییدا رابگرێت، شکست لە دوای شکست بەر سوپاکەی دەکەوێت. بەتایبەتییش ئەم چالاکییە بەهێزەی ئەم دواییە، کاریگەریی لەسەر هاوکێشەی هاوسەنگیی هێز دادەنێت لە ناوچەکەدا.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە، ئەو پێشکەوتنانەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رۆژانە جێکەوت دەکرێن، بەتایبەت نووسیینەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی، کە وەرچەرخانێکی مەزن بوو بۆ خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی رۆژئاوا لە بواری یاسا و بە سیستەم کردنی ئەو قەوارەیە، وای کردووە دەوڵەتی داگیرکەر و خۆفرۆشە وابەستەکانی چاویان بەم دەستکەوتانە هەڵنەیەت و هێرش بکەنە سەری، بەڵام گەلی رۆژئاوا بە ئیرادەی سەربەخۆ و بەفەلسەفەی نەتەوەی دیموکرات رۆژ بە رۆژ سەرکەوتنی مەزن بەدەست دەهێنن، لەسایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی لاوان و ژنان.
لە کۆتایدا لە کەسایەتیی ئەم پۆلە شەهیدەدا، سەری رێز بۆ تەواوی شەهیدانی رێگەی ئازادیی دادەنەوێنین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٢٦/١٢/٢٠٢٣