سارا رەزا: ئەوەی دەکرێت توندوتیژی نییە بەڵکو کۆمەڵکوژیە بەرامبەر بە ژنان

بەرپرسی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی، باس لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژیی سەر ژنان دەکات و دەڵێت هەموو ساڵێک لەسەر توندوتیژیی دژی ژنان قسە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە نەگەیشتووەتە چارەسەرێکی ڕیشەیی، باشووری کوردستان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووی نەک تەنها ژن تیایدا کوژراوە، بەڵکو کۆمەڵکوژیی بەرامبەر بە ژنان کراوە، شۆڕشێک دژی ژنان بەرپا بووە ئەم شۆڕشەش لە ژێر کاریگەری سیستمی دەسەڵاتدارێتیی و ئەقڵیەتی پیاوسالاریی بەڕێوەدەچێت.

سارا رەزا- بەرپرسی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، لە کاتێکدا مانگی تشرینی دووەم بە مانگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دادەنرێت، بەڵام هێشتا توندوتیژی تیایدا بوونی هەیە، تەنانەت لە هەندێک لە مانگەکانی تری ساڵەکە ڕێژەی توندوتیژی تیایدا بەرزە بە پشت بەستن بەو حاڵەتانەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، لە کاتێکدا هەندێک حاڵەت هەن دەشاردرێنەوە و ناخرێنە بەر باس.

“ڕێکخراوەکانی ژنان کارێکیان نەکردووە حاڵەتەکانی توندوتیژی کەم ببنەوە”

سارا ڕەزا دەسەڵات و سیستم بە بەرپرسی ئەم دۆخە دەزانێت، باس لەوە دەکات لە باشووری کوردستان شەڕی ئایدۆلۆژیای سیستمی دەسەڵاتدارێتی و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بەرامبەر بە ژنان جێبەجێ دەکرێت، وتیشی: لە باشووری کوردستان ڕێژەیەکی باش لە ڕێکخراوەکانی ژنان هەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بەرامبەر بە توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بوەستنەوە لە ئەنجامی پەرتووبڵاویان و کۆک نەبوونیان لەگەڵ یەکتر، هەروەها ژنان هۆشیاریان دەربارەی یاساکان نییە تا بتوانن بە پشت بەستن بە یاساکان داکۆکی لە مافی خۆیان بکەن، لە لایەکی دیکەوە خودی یاساکان لە خزمەتی پیاواندان و مافی ژن ناسەنن.

“ئەو دەسەڵاتەی باشوور بەڕێوە دەبات هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان”

لە درێژەی قسەکانیدا سارا ڕەزا باسی لەوەکرد، ئەو دەسەڵاتەی باشووری کوردستان بەڕێوە دەبات خۆی هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان، چونکە ئەو کەسانەی ژن دەکوژن بە سزای خۆیان ناگەن، لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دەدرێن، خودی ڕێکخراوەکانی ژنانیش بە بەرگی ژنانە کار ناکەن و لە ژێر سایەی حزبدا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمانە هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم نەناسرێت.

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەکرد بۆ ئەمساڵ هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکییەکیان نەکرد بچنە ناو خەڵکەوە، بەڵکو لە هۆڵە داخراوەکاندا سیمیناریان لە دووری چاوی میدیاکان ئەنجامدا، دەشڵێت: ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە درێژایی شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چالاکی جۆراوجۆریان هەبوو وەک نەمام ناشتن، سەردانی گۆڕی ژنە بێ ناسنامەکان و ئەنجامدانی سیمینار لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکان هەروەها ئەنجامدانی ڕێپێوان لە شاری سلێمانی.

لە کۆتایدا سارا ڕەزا بە پێویستی دەزانێت، ژنان لە باشووری کوردستان ئەزموون وەربگرن لە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، خۆشیان پەروەردە بکەن لەسەر فکری ئازادی ژن، چونکە چارەسەری دۆزی ژنە.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …