هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت
بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان ڕوبەڕووی توندوتیژیی، بێ مافی، دەستدرێژیی و هەڵاواردن و پەڕاوێز خستن و هێرشە جیاوازەكان بوونەتەوە تا ئاستی قڕكردن و كۆمەڵكوژیی. لە سەدەی نۆزدەیەمدا ڕۆژی هەشتی مارس وەكو ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕەنجدەر دیاری كرا بەهەوڵ و پێشەنگایەتیی ژنە سۆسیالیست و ئازادییخواز كلارا زەتكین، تا هەنوكە كە لە سەدەی بیستویەكداین و لە سەروبەندی شەڕی سێیەمی جیهانیی داین هێرشەكان بۆ سەر ژنان بەردەوام و بەجیهانیتر بوون. ژنان قوربانی یەكەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریین وەك چۆن لە ژێر ناوی پاراستنی ناموس و كولتور و بەناوی ئایین، ژنان قوربانیی زهنییەتی پیاوسالاریی و فیوداڵیزمن، بە هەمان شێوە لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زانستگەراییشدا جارێكیتر ژنان دەبنەوە قوربانیی. لە باشوری كوردستاندا ڕۆژانە شاهیدی تیرۆر و ناچار بە خۆكوژیی ژنانین، لە سایەی دەسەڵاتێكی ڕەگەزگەرادا كە بكوژان و تیرۆریستان، بێ سزا دەرباز دەبن و دەبنەوە پاسەوانی پیاوانی حیزب و بنەماڵەكان.
لەهەمان كاتدا تیرۆری ژنانی سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕی وەكو ناگیهان ئاكارسەل و فریال سلێمان، بە ئامانجی لێدان لە هۆشیاریی كۆمەڵگە و بەتایبەتیی ژنانی ئازادییخوازە كە بە تێپەڕاندنی زهنییەتی باڵاخوازیی پیاو، پێشەنگایەتیی بۆ ئاواكردنی سیستمێكی دیموكرات لە ژینگەیەكی ئازاددا دەكەن، كە تیایدا مرۆڤ ئازادانە بێ جیاوازیی ڕەگەزیی و ئەتنیكیی و نەتەوەیی، بژیت.
ئەوەی شیاوی ئاماژە پێدانە، هەڵوێستی ئازادیی ژنان لە ئێستادا بە بارتەقای قوربانییەكان لە لوتكەدایە، بە واتایەكی تر چەندە هێرشی داگیركاریی، نەتەوەیی و ڕەگەزیی بوونی هەیە، هێندەش ئاستی تێكۆشانی ژنان لە بڵندیدایە، بەرخۆدانی ژنانی كورد لە زیندانە تاریكەكانی فاشیزم و داگیركاراندا لە ئاستی هەرە بڵندی خۆیدایە، بە دروشم وجەوهەری “ژن ژیان، ئازادیی” وەریشە مورادیی و زەینەبی جەلالییان، لە زیندانەكانی ئێران و ژنانی سیاسەتمەدار و چالاكوانان لە توركیادا پێرسپەكتیڤ بۆ ژنانی جیهان دەنێرن، لە خۆبەڕێوەبەرییەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەشەنگال و لە مەخمور، ئیرادەی ئازادیی ژن پێشەنگایەتیی مۆدێرنیتەی دیموكراتیك دەكات، لە چیاكانی كوردستان ژنی كورد بەرخۆدانی سەدەی كردووە بە داستانگەلێك، مێژوو بە شانازییەوە وەك میراسی دایكە خوداوەندەكانی میزۆپۆتامیا بینوسێتەوە و نەتوانێت چاوپۆشیی لێبكات، لە ئێستادا بە پێشەنگایەتیی ژنی كورد و بە زانستی ژنۆلۆژیی بییرمەند و هەڤاڵی ڕاستەقینەی ژنان ڕێبەر ئاپۆ خەباتی ئازادییخوازانەی ژنان کە خەباتێكی ئینتەرناسیۆناڵە و لە جیهاندا بەرچاوی ژنانی ڕوناك كردوەتەوە.
دەستكەوتەكانی ژنی كورد و پێشكەوتنی هۆشیاریی مێژوویی، داگیركارانی كوردستان و دژبەرانی ئازادیی شۆك کردوە.
وەكو دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، پیرۆزبایی هەشتی مارس لە تەواوی ژنانی خەباتكار و دایكانی شەهیدان و تەواوی ژنان دەكەین، سۆز و پەیمانی ئێمە بۆ درێژەدانە بە خەباتی نەپساوە و بەردەوامی ژنانی ئازاد، هەمیشە دەستی ژنبوون و خوشكایەتیمان درێژ دەكەین بۆ تەواوی ژنان و بانگەوازیی خەباتی پێكەوەیی و یەكڕیزیی ژنان دەكەین، بە یەكێتیی نەتەوەیی ژنانی كورد و هاوپەیمانییەكی ستراتیژیی، بە خۆ ڕێكخستن كردن و هۆشیاریی ژنان، بە بەهێز كردنی هەڵوێست و چالاكییەكانمان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتیمان، گەرەنتی گەیشتنمان بە ژیانێكی ئازاد و كۆمەڵگەیەكی سیاسیی ئەخلاقیی دەكەین، بێگومان بەم تێكۆشانە سیستمێكی دیموكراتیك و هاوسەنگ لە دایك دەبێت.
دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان
٢٠٢٤/٣/٨