مەزڵوم عەبدی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قۆناغێکی مەترسییدار و پاکتاوێکی نوێیە

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی‌ هەسەدە رایگەیاند، هێرش و دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان قۆناغێکى مەترسییدارە، داواشی کرد، دەوڵەتی تورک کێشە ناوخۆییەکانی لەناو سنوورەکانیدا چارەسەر بکات.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ سووریای‌ دیموكرات (هەسەدە) لەبارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، کە تیایدا هاتووە، هێرش و دەستدرێژییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بە قۆناغێکى مەترسییدار دەزانم و ئەم دۆخە زیانێكی گەورە بە خەڵكی مەدەنیی دەگەیەنێت و ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی‌ سیاسەتی پاكتاوكردنێكی نوێ.

راشیگەیاندووە، هێرشەكانی دەوڵەتی تورك ئاستی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە، وای كردووە مەترسییەكان لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە زیاتر بێت، هەروەها داوا لە دەوڵەتی تورك دەکەم، سەرنجی لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بێت و لە سنووری خۆیدا چارەسەریان بكات.

مەزڵوم عەبدی جەختیشی كردووەتەوە، ئێمە پشت بەو ڕێككەوتنانە دەبەستین، كە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی هەمانە، دانمان بەخۆماندا گرتووە بۆ ئەوەی دۆخەكە خراپتر نەبێت و جەنگی گەورەتر روو نەدات.

مەزڵوم عەبدی لە كۆتاییدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی كرد، رێگریی لە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بکەن و ئارامیی و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن، دەشڵێت: “بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕێكخراوە مافی مرۆڤ مایەی نیگەرانییە”.

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …