٣١ی ئاب، “سەرکەوتن”ێکی نائەخلاقیی!.

پارتی “سەرکەوتن”ێکی نائەخلاقی هەڵبژارد، بەسەر دۆڕانێکی شەرەفمەندانە. حیکمەتێک لە سە بەردێک هەڵکەنراو و له‌سه‌ر تابلێتی په‌رستگایه‌کی کۆن ‘دۆڕان له‌به‌رامبه‌ر سه‌رکه‌وتنێکی نائه‌خلاقانه‌ هه‌ڵبژێره‌*! ‘، تەمەنی ئەم حیکمەتە بۆ ١٢٠٠ ساڵێک دەبێت، لێ بەلێ پاش ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو گۆڕانکارییە دراماتیکییە وپڕ لە تراژدیاییە و پڕ لەکۆمەڵکوژی وشەڕو شۆڕ و شۆڕشەکانی دنیا، بەڵام پیر نەبووە و نامرێت، چونکە حەقیقەتە. پارتی لە دوای راپەرێنەوە تا شەڕی ناوخۆ، بەهۆی خۆسەپاندن و داگیرکردن، دەیوست هەموو جومگە سەرەکییەکان بەخۆیەوە ببەستێتەوە و هەر ئەویش کۆنترۆڵی بکات. ئەو شەڕە رەوشێکی خراپی دورستکرد، مەودای بەداگیرکارانی کوردستان دا، تا ئاگری شەڕ قورستر بکەن و ناکۆکییەکان گەورەتر، شەرێك بوو دواتر گۆڕدرا بەشەری بەوەکالەت بۆ تورکیا و ئێران، ئێستاش بەردەوامی هەیە.

پارتی بۆ سەرکەوتن لەوشەڕە، گوێی نەدا بە هیچ پرینسپێک، بۆ کورد کوشتن و کوشتنی گەلانی عێراق سەرسەخترین دوژمنی پەلکێشی کوردستان -هەولێر کرد. پارتی بۆ “سەرکەوتن” شێوازی زۆر نائەخلاقانە و دوور لە هەموو مۆڕاڵێکی مرۆڤانە، پەلکێشی تانکەکانی بەعسی سەدامی کرد و، پەرلەمانی کوردستانی پێداگیرکرد. ئەم سەرکەوتنە شەرمەزارییە، تا پارتی بمێنێت، لەکەیەک دەبێت، ئیدی لێ رزگار نابێت، پارتی باجی ئەو “سەرکەوتن”ە نائەخلاقییەی دا و زیاتریش دەدا، پارتی نەها بۆتە بەشێک لە مەنزومەی قێزەوەنی جاسوسیی تورکیا.

خیانەتی ٣١ ی ئاب، بەردەوامە، تا هەولێر لە لایەن پارتیەوە داگیرکرابێت، ٣١ی ئاب بەردەوامە، ٣١ی ئاب بەرهەمی ئیتفاقی نێوان پارتی وبەعس بوو، زهنیەتی بەعس ئێستا حاکمە لە هەولێر، زهنیەتی بەعس و زهنیەتی تۆرانی ئاکەپە جیاوازییان نییە، بۆیە خەڵکی هەولێر بە جیاوازی هەژمونی داگیرکەرانەوە لە قۆناغە جیاجیاکانەوە، هەست ناکەن لە ژێر داگیرکاریی دەرباز ببوبێتن.

تیرۆری و زیندانی ئازادیخوازانی هەولێر وبادینان بەتایبەتی سەرهەڵداوانی شیلادزێ، بەرهەمی ئەو خیانەتەیە.

٣١ی ئاب، تەنها رۆژێک نییە ٢٤ کاتژمێر بێت، بەڵکو کۆکراوەی خیانەتەکانی ناو نەتەوەیەکە لە بنی مێژووەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەر بەردەوامی هەیە. بە کورتی دەتوانرێت خیانەتێک لە پێش لە دایکبوونی مەسیح بە هەزاران ساڵیش لە زەمەنی ئیمپراتۆریەتی ماددەکان کرابێت، ناوی بنێین ٣١ی ئاب، ئەگەر دوای هەزار ساڵی دیکەش بکرێت هەر ناوی بنێین ٣١ی ئاب. ٣١ ی ئاب داماڵینە لە هەر نرخێکی مرۆیی. گەلانی دنیا، هەموو خیانەتکارانیان روو رەشکردووە، بەرکەناریان خستوون و ریسواییان کردوون. بەشێک لە کوردان زاکیرەیان نییە یا دەیانەوێت نەیانبێت. ٣١ی ئاب خیانەتێکە بە تەوێڵی بەرەیەکی بێ بەهای ناو نەتەوەیەک کە ناهێلێت ژیان بکات. ئێستا باشور لە سایەی دەرئەنجامەکانی ٣١ی ئابدا ژیان دەکات، چتۆ ژیانێکە؟!. هیچ پاساوێک ناگاتە ئەو خیانەتە، گوایە ئێران دەهات، دەبوو سەددام بێتەوە، کەرامەتی نەتەوەیەک بنپێبخات، هەرگیز وانییە. خۆ هێنانی سوپای تورک ٣١ی ئابێکی دیکەیە، خۆ وەپێشکەوتن بۆ پاسدارانی ئێرانی بۆ لێدانی شارە تازە ئازادکراوەکانی رۆژهەڵات لە هەشتاکان، ٣١ی ئابێکی دیکەیە. خۆ شنگال و خەندەق و گەمارۆ بۆسەر رۆژئاڤا، ٣١ی ئابێکی دیکەیە، ٣١ی ئابەکان درێژەیان دەبێت. بۆچی گەلی فەرەنسا، ئێستا هەیە، بۆچی فیشیەکانیان تێدا دووبارە نابێتەوە؟ بۆچی پۆلۆنییەکان، هەنگارییەکان، ئیسرائیلییەکان بوونیان هەیە؟!. بۆچی کورد بوونی نییە، لانی کەم لەم پارچەیەی کە بە نەفرەتی کوردایەتی ساختەدا دەناڵینێت؟!، چونکە ٣١ی ئابەکانمان زۆرترە لە نەورۆزەکانمان. نەورۆز یەک رۆژ، ٣١ی ئابەکان سەدان لە ساڵێکدا. ئەوەی ئێستا بە خێرایی ئەو رووەتەی خیانەت لە رەگەوە دەردەهێنێت، هەڵسوڕاوانی هەنگاوی ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ کە ئێستا بە روونی هێلی خیانەتی لە هێلی وڵاتپارێزیی جوداکردۆتەوە و هەمیشە ریسوا و لاوازی دەکات.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …