شاندی کەنەکە لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کۆبوونەوە

شاندی کەنەکە لە سلێمانی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر دروستکردنی کۆدەنگی نێوان لایەنەکان و ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکاریی کردەوە.
لەچوارچێوەی سەردانەکانیان بۆ لای حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، سەردانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانی کرد لە شاری سلێمانی و پێکەوە کۆبوونەوە.
شاندەکەی کەنەکە پێکهاتبوون لە زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە، زەینەب مستەفا و شۆڕش خدر و چەند کەسێکی دیکە و لەلایەن محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی و تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی تەڤگەرەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا تەڤگەر و کەنەکە گفتوگۆیان لە بارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی ئێستای ئەو دەوڵەتە بۆ سەر باشوری کوردستان کرد.
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، دوای کۆبوونەوەکە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەیاندا، باسیان لە مەترسییەکانی داگیرکاریی و ئەو هێرش و هەڕەشانە کردووە کە ئێستا یەخەی گەلەکەمانی گرتووە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئەم گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەمان لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی بە پێویستزانی، بۆ ئەوەی بە یەکگرتووی ڕووبەڕووی داگیرکاریی ببینەوە، چونکە ڕۆژ بەڕۆژ مەترسییەکان فراوانتر دەبن.
وتیشی: خواستی تورکیا ئەوەیە ناکۆکی بخاتە نێوان لایەنەکان و ئەوەی گەلەکەمان بەدەستی هێناوە لەناوی بەرن.

لەبەرامبەردا تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتی: دەستخۆشیمان لەهەوڵەکانی کەنەکە کردووە و بۆ ئەو دیدارانەی لەگەڵ پارت و لایەنەکان دەیکەن بۆ ئەوەی کۆدەنگی دروستبکەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە وەک تەڤگەر پشتیوانیان بۆ هەوڵەکانی کەنەکە و دروستکردنی کۆدەنگی نێوان لایەناکان دووپاتکردوەتەوە.
هاوکات وتیشی: دەستدریژییەکانی دەوڵەتی تورک نەک ڕۆژ بەرۆژ بەڵکو کاتژمێر بە کاتژمێر زیاد دەبن، هەربۆیە ئەو پەلامارەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورک بۆسەر کامپی مەخمور ئیدانە دەکەن.

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *