“پێویستە دژی گۆشەگیریی چالاکیی ڕادیکاڵتر ئەنجام بدرێت”

هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی دیموکراتیکی مەخمور، فیلیز بوداک، تیشکی خستە سەر گۆشەگیری توندکراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: “ڕێبەر ئاپۆ هەبوونی ئێمەیە، پێویستە هەبوونی خۆمان بپارێزین”.

هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی دیموکراتیکی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور)، فیلیز بوداک، دەربارەی گۆشەگیریی توندکراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکی و خەبات لە چوارچێوەی “هەڵمەتی کاتی ئازادییە”، ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم و دەسپێکی پیلانگێڕیی مەزن، لە ٢٦ هەمین ساڵیادی زیندانیکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەرک و بەرپرسیارێتی گەل، بەتایبەت ئەرک و بەپرسیارێتی گەنجان و ژنان لە پێشخستنی تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها چەندین بابەتی تر، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  کرد.

سەرەتا بوداک ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆشەگیرییەکی توند و ڕەهادایە، لەنێو سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی ڕاگیراوە، گوتی: ” لە ڕەوشی ئێستادا، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ نەتەوە و گەلێک گۆشەگیرکراوە، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و قڕکردن و سڕینەوە دەبێتەوە. ٢-٣ ساڵە دەستپێشخەریی “کاتی ڕێبەر ئاپۆ یە” لەلایەن گەلی کورد و دۆستەکانییەوە دەستی پێ کردووە. لەسەر ئەو بناغەیە لە مەخمور و سەرتاسەری کوردستان و لە سەرتاسەری ئەوروپا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامدرا. دۆستانی کورد، بە تایبەت وەک سەندیکای کرێکاری، زیاتر وابەستەی ئەو پارتەن کە ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەرایەتی دەکات، وەک پارتی کرێکاران (پەکەکە)، بەگشتی کرێکاران و کارمەند و ڕەنجدەران و جڤاک، زیاتر خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. بە تایبەت ئەو سەندیکا کرێکاریانەی لە ئینگلتەرا خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن لەم چوارچێوەیەدان. لەسەر ئەم بناغەیە، لە مەخمور و ڕۆژئاوای کوردستان و کوردستان بە گشتی چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو. ئەم چالاکییانە وەک زنجیرە چالاکییەکی تەواوکەری یەکترن، بۆ ئەوەی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی ئیمراڵی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕۆژەڤدا بمێنێتەوە، ئەوە نیشان بدرێت و هەمووان تێبگەن کە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ چەندە پێویست و گرنگە . لەم چوارچێوەیەدا چالاکییەکان ئەنجامدرا”.

چالاکییەکان بەردەوام دەبن

بوداک ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوبات، لە مەخمور لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کاتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە” چالاکی ئێشکگری ئەنجامدرا، گوتی: ” پاشان ئەم چالاکییە گۆڕا بۆ چالاکیی ئێشکگری، لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوەکان بۆ بەردەوامبوون لەو چالاکییانە دەستیپێکرد. چالاکیی ڕۆژووی برسێتی گەیشتە ئاستێک، مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ گۆڕا بۆ چالاکیی ئێشکگریی ئازادی کە لە مەخموور بەردەوامە. ئەم چالاکییە لە لایەن دامودەزگاکان و گەلی کەمپەکە بە گشتی هەر ٥ ڕۆژ جارێک بە نۆرە بەڕێوەدەبرێت. دەتوانین بڵێین ئەو کارە لە ڕای گشتیدا دەنگدانەوەیەکی مەزنی هەبوو، بەتایبەتی لە کوردستان کاریگەریی مەزنی هەبوو. هاوپەیوەند بەمەوە، پێشتر خێوەتی ئێشکگری لە ڕۆژئاوای کوردستان دانرا، چالاکیی جیاواز لە ئەوروپا دەستی پێ کردووە. دەکرێت بڵێین لێرەدا مەخمور تا ڕادەیەک پێشەنگایەتی چالاکییەکانی کردووە، بەتایبەتی کاتێک باس لە ڕێبەرێتی دەکرێت.

٥٠ ساڵە قوربانی دەدرێت

بوداک ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ئەنجامدانی چالاکییەکان، کۆبوونەوەیە لەدەوری ڕێبەرێتی، گوتی: “ئێمە لێرەدا ڕوونین، هەبوونی ڕێبەر ئاپۆ هەبوونی ئێمەیە. لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ناسی، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ درکمان بە هەبوونی خۆمان کرد و خۆبوونی خۆمان ئەزموون کرد. مرۆڤ دەتوانێ بڵێت ئەوە یەکەم جارە گەلی کورد بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بە ڕێبەرایەتی ڕێبەرێک بۆ ناسنامەی خۆی شەڕ دەکات، هەوڵ دەدات بە زمان و چاندی خۆی بژی. چونکە هەرچەند قوربانیدانەکە قورس بێت، تەنانەت ئەگەر ٥٠ ساڵ قوربانی درابێت، کاتێک مرۆڤ تامی ئازادی دەکات، واتە کاتێک مرۆڤ هەست دەکات کە موڵکی خۆیەتی، چەندە ئاسوودەیە و هەست دەکات بە ڕۆح و ویژدان و ئەخلاق موڵکی خۆیەتی، ئیتر هەموو قوربانیدان و باجێک لەبەرچاو دەگرێت. بەم هۆکارە، ئەمڕۆ شەڕ لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە قورس بێت، بەشداری لەم شەڕەدا دەکات و تێکۆشانێکی مەزن و دەستبەجێ دەکات. هەمووان لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆن. بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین، ڕێبەر ئاپۆ کوردی بنیات نایەوە”.

خۆ ناسینەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێکهات”

لە درێژەی قسەکانیدا، فیلیز بوداک ئاماژەی بەوەدا کە کوردان پێشتر سەر بە خۆیان نەبوون، گوتی: “ڕەنگە لە ڕووی جەستەیی و نەتەوەییەوە کورد بێت، بەڵام وەک ڕۆح و مێشک و چاند، لە هەبوونی خۆی  دوورخراوەتەوە. ئەو کوردانەی کە ڕێبەر ئاپۆ بنیاتی ناون، ئەمڕۆ دەتوانن بڵێن ئێمە کوردە ڕاستەقینەکانین، ئەو کوردانەی خاوەندارێتی لە هەبوون و کەرامەتی خۆیان دەکەن. هەر بۆیە ئەمڕۆ هەموو گەلی کورد بازنەیەک لە دەوری ئیمراڵی دروست دەکەن. خۆناسین لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێکهات و چاندی خۆناسینیش بە هەمان شێوە. هەموو ئەو هێرشانەی ڕوودەدەن، لە هەمان کاتدا، هێرشن بۆ سەر هەبوونی ئێمە. ئەو دروشمانەی زۆرترین جار لە جڤاک بەرزدەکرێنەوە، ئەو وشانەی کە زۆرجار مرۆڤەکان گوێبیستی دەبن؛ ئەوەیە “ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمەیە”، “هێرش بۆ سەر هەبوون و ئیرادەمان هەیە”. ئەمەش بەو مانایەیە کە جڤاک بە تەواوی ڕێبەرێتی وەک ئیرادەی خۆی دەبینێت و خاوەندارێتی لێ دەکات”. 

“خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ خاوەندارێتییە لە خۆت”

بوداک ئاماژەی بەوە کرد، جڤاک لە کەسێتی ڕێبەرێتیدا گۆشەگیر کراوە و دەڵێت: “ئامانج لە هەموو ئەو چالاکییانە پاراستنی هەبوون و ناسنامەی خۆمانە، چونکە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە ناسنامەیە. هێڵ و ئایدۆلۆژیاکەی باوەڕی ئێمەیە. کاتێک ئەم هەموو تایبەتمەندییە لە کەسێتی ڕێبەرێتی کۆدەبێتەوە، ئیتر دەبێتە نەتەوە و ناسنامەی نەتەوە. خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا خاوەندارێتی لە خۆتە. بە واتایەکی تر، ڕەنگە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە بێت، بەڵام ئێمە وەک هەبوونی خۆمان خاوەندارێتی لێ دەکەین. هەر بۆیە لە کوردستاندا ململانێیەکی زۆر سەخت بۆ حوکمڕانی هەیە و لەبەر ئەوەی ململانێیە بۆ حەقیقەت، مرۆڤ بە هەر نرخێک بێت پاشەکشە ناکەن. ئەم ڕەوش و هەڵوێستە بە تایبەتی لە ژێر کاریگەری ژنان و گەنجاندایە”.

بوداک وتەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بیرهێنایەوە دەربارەی “هەڤاڵێتیی دەگمەن و دۆستی ساختە” گوتی: “ئەو هێز و کەسانەی بەڕاستی دەڵێن ئێمە دۆستی ڕێبەر ئاپۆین، تەڤگەری ئازادیی کوردستانە و ئێمەش وەک گەلی کورد کاتێک دەڵێین دۆستی ڕێبەر ئاپۆ و هەمان دۆزین؛ پێویستە تێکۆشانێکی بەهێزتر پێشبخەین. پێویستە چالاکییەکان لەم ئاستەدا ئەنجام بدرێن. چونکە چیتر ناتوانن بە نۆرەی ئێشکگری و مانگرتن لە خواردن ئەنجام بەدەست بهێنن. ئەم چالاکییانە تا ڕادەیەک دەتوانن ڕۆژەڤ و ڕای گشتی بخوڵقێنن، بەڵام لە هەمان کاتدا چالاکییەکانی وەک بایکۆتکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و ڕاگرتن و ئیفلیجکردنی ژیان ئێستا پێویستە. چونکە ئەو مەترسییەی ئەمڕۆ لە ئیمراڵی هەیە، کەس ناتوانێت لێکدانەوەی بۆ بکات بەبێ ئەوەی بزانێت ڕەوشی ئیمراڵی چییە، چی دەگوزرێت. ڕەوشی ڕێبەرێتیمان چۆنە؟ هاوکات ڕەوشی هەبوونمان چۆنە؟ چونکە ئەوەندەی گۆشەگیرییەکە قورستر بووە، دەبێت تێکۆشانی ئێمەش هێندەی ئەوە بێت. ئاستی چالاکییەکانمان بەگوێرەی پێویست بێت بۆ شکاندنی گۆشەگیری، تاوەکو بە ئازادی لەگەڵ ڕێبەرێتیمان بژین”.

“پێوەرەکانی خۆیان پێشێل دەکەن”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، بوداک ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو پێشێلکارییەکی یاسایی ئەنجام دەدات بەمەبەستی ڕێگریکردن لە سودمەندبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە یاسای “مافی هیوا” و گوتی: “گومانێک لە دژی دەوڵەتی تورک هەیە . چونکە لە هەمان کاتدا ڕێبەر ئاپۆ جێگرەوەیەکی بۆ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بنیات ناوە. بۆیە کاتێک باس لە سیستەم و ڕێبەرێتی دەکرێت، حساب و بەرژەوەندی هەموو ئەو دەسەڵاتانە هەموویان یەکدەگرن لە جێبەجێکردنی گۆشەگیریدا. بەهۆی ئەوەوە، لە بەرامبەر ئەو کردەوە و ئەشکەنجەیەی لە ئیمراڵی ئەنجام دەدرێت، ڕێکخراوێکی وەک (سی. پی. تی.) کە گوایە خۆی وەک ڕێکخراوێک بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە خۆی پێناسە دەکات، لەم بابەتەدا ڕێسا و پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆی پێشێل دەکات. ئەو ڕاپۆرتانەی کە دەیخاتە ڕوو، ڕەنگدانەوەی ڕاستی ئێستا نین، هەروەها ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامی دەدات بەبێ مۆڵەتی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ڕای گشتی هاوبەشی بکات. کۆمیتەی بەگژاچوونەوەی ئەشکەنجە ئەمڕۆ چاوپۆشی لەو ئەشکەنجەیە دەکات کە لە ئیمراڵی دەکرێت، ئەم ئەشکەنجەیە لەسەر کەسێک نییە، بەڵکو لەسەر نەتەوەیەک و گەلێک و ئیرادەیەک دەکرێت. ئەو لایەنەی پێویستە زۆرترین فشاری بخرێتە سەر، دادگای ئەوروپایە، تا بتوانێت بە زووترین کات هەنگاو بنێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئیمراڵی، ئەشکەنجەی سەر گەلێک. لانی کەم بەپێی پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆت مامەڵە بکە”.

“پێویستمان بە چالاکی ڕادیکاڵترە”

بوداک دەربارەی کار و خەباتی کەمپەکە، گوتی: ” بەرەو ٩ی تشرینی یەکەم، دەسپێکی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هەنگاو دەنێین. لەوێ ئەو هێزانەی بۆ پیلانگێڕی کۆبوونەوە و بەرژەوەندییەکانیان لەو پیلانگێڕییەدا یەکی گرت، ئەمڕۆ دیسان لەسەر یەک سفرە پێکەوەن. بۆ ئەوەی بتوانن لەم چوارچێوەیەدا تێکۆشانێک بەڕێوەببەن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ٢٥ ساڵی گۆشەگیری کە هەرگیز لە جیهاندا نەبینراوە، خەریکە تێدەپەڕێت؛ مرۆڤ دەتوانێت چالاکی ڕادیکاڵتر و سەرنجڕاکێشتر لە ئاستی نێونەتەوەیی و کوردستاندا ڕێک بخات. بە تایبەتی پێشخستنی چالاکییە جەماوەری و بەردەوامەکان. چونکە وەک دەڵێین ڕێبەر ئاپۆ هەبوونی ئێمەیە، دەبێت ٢٤ کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەرێتی بژین. بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەرێتی بژین بۆ شکاندنی گۆشەگیری، تەنها بە ٢٤ کاتژمێر تێکۆشان و چالاکی ئەم ئامانجە دێتە دی”.  

هەروەها چێکی بکە

هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران

کەمێک پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە، هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران. …