جومعە كەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕایدەگەینێت: دەوڵەتی داگیركەریی تورك جگە لە زمانی شەڕ و قڕكردنی كورد هیچی تر نازانێت، بەم هێرشانەی دەیەوێت داعش زیندوو بكاتەوە ،بۆ تێكدانی ئەو ئارامییەی لە ناوچەكەدا هەیە.
لە بەرەبەیانی دوێنێوە تۆپهاوێژ و فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بێ وەستان زیاتر لە ٢٩ ناوچە و گوندی ڕۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان کردووە، کە ژێرخانی ئابووریی و سەرچاوەکانی ژیان و دامەزراوە گرنگەکانیان کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا ١٢ کەس شەهید بوون.
لەمبارەیەوە جومعە كەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ڕایگەیاند: ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەكانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەکەین، بە تایبەت بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی، دامەزراوە خزمەتگوزاریی و ناوچەكانی نیشتەجێبوون .
ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتی داگیركەریی تورك جگە لە زمانی شەڕ و قڕكردنی كوردان، هیچ شتێكی تر نازانێت، تا پێشكەشی كورد و گەلانی ناوچەكەی بكات.
ڕاشیگەیاند: ئەم هێرشانە لە كاتێكدایە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بوون، كۆتاییان بە چەتەكانی داعش هێنا، ئێستا دەوڵەتی تورك دەیەوێت بەم هێرشانە سەر لە نوێ داعش زیندوو بكاتەوە و ئەو ئارامییەی لە ناوچەكەدا هەیە بیشێوێنێت.
جومعە كەریم، لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا داوای لە سەرجەم هێزەكانی هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، كە ڕۆژئاوا و خەڵكەكەی و خانەوادەی ئەو ١١هەزار شەهیدەی لە شەڕی دژ بە داعش شەهید بوون بپارێزرێن، هەروەها ناوچەیەكی دژە فڕین لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان درووست بکرێت.