با بەیەک دەنگ لەدژی داگیرکاری و دەسەڵاتداری فاشیزم و هێڵی خیانەت ڕابوەستین

بۆ ڕای گشتی کوردستان و نێودەوڵەتی

(نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئازادیخوازان)

وەک ئاشکرایە حکومەتی فاشیستی ئاکپارتی و مەهەپە لە تورکیا لەبەرامبەر دەستکەوتە بەدەست هاتووەکانی گەلی کورد و بەرخۆدانە شکۆدارەکەی کەوتووەتە دۆخێکی شڵەژانی هیستریایی و هاربوون، ساڵانێکە هێرشێکی بەربڵاو لەسەر باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، هەمیشە بە بیانووی جیاواز لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە مەودای شەڕ لەسەر خاکی کوردستان درێژ دەکاتەوە، دەوڵەتی تورکیا بەدەیان کیلۆمەتر قووڵی خاکی باشووری کوردستانی بەزاندووە، بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لەدژی گەریلا و تیرۆری وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان، ڕەشەکوژی هاووڵاتییانی مەدەنی بە فڕۆکە و بۆمبباران لە شار و گوندەکانی کوردستان نیشانەی شکست و بێچارە بوونی ئەو دەسەڵاتە فاشیستەیە لەبەرامبەر بەرخۆدێران و پارێزەرانی گەلی کورد. لە کاتێکدا پرۆژەی پێکەوە ژیان لە ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی باڵای ئیلهامبەخشە بۆ ژیانێکی ئارام و ئاشتییەکی شەرەفمەندانە، هاوکات ئامانج و هەوڵەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ڕوونە و دەیەوێت پرۆژەی پێکەوە ژیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدات، هەر لە پیلانگێڕییە شکستخواردووەکانی ئەم دواییەی دێرەزوور تا کەرکوک لەڕێگەی دنەدانی هەستی نەژاد پەرستی و تائیفی پێکهاتەکان و تێک دانی ئەمنی قەومی ناوچەکە کە هەمان ڕێبازی داعشە، دەخوازێت خەونی عوسمانی نوێ پێک بهێنێت. هاوکات هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، پێنجوێن، دوکان و کەلار شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیل بە ئامانجی ئەوەیە شکست و تۆقاندن لەناو سایکۆلۆژیای تاکی کورددا بچێنێت و ئەمە بکات بە قەدەرێکی جێگیر لەناو سۆسۆسایکۆلۆژیای کۆمەڵگەی کوردیدا، لەبەرامبەر ئەو تاکە ئازادەی کە دەخوازێت بە شێوازێکی شەرەفمەندانە بژێت و سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتن تۆمار دەکات، بەم میتۆدە تورکیا دەیەوێت هەر سەرکەوتنێکی ئێمە بە شکستێک بار بکات.

هێرشکردنە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرچاوی جیهان و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو پێوان و ڕێسا و یاسایەکی نێودەوڵەتییە و دەکەوێتە خانەی تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی، دەبێت هەرچی زووە پێش لەو شەڕانگێزی و وێرانکارییەیی دەوڵەتی شەڕی ئەردۆغان بگیرێت، چیتر جیهان و مرۆڤایەتی لەئاست ئەو تاوانانە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبێت و خۆی نەکاتە هاوبەشی تاوان.

پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی خۆیان هەستن و چیتر ڕێگە نەدەن بە کۆمەڵکوژی و وێرانکاری لەسەر خاکی کوردان، داوا دەکەین هەرچی زووە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان وەک هەرێمی دژە فڕین لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزی نێودەوڵەتییەوە بڕیاری لێ بدرێت.

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بانگەوازی لە تەواوی کوردستانیانی ئازاد و وڵاتپارێز دەکەین، بەیەک دەنگ لەدژی داگیرکاری و دەسەڵاتداری فاشیزم و هێڵی خیانەت ڕابوەستن، بەداخەوە ئەمە دەڵێین پارتی دیموکراتی کوردستان کە ڕۆڵی پاسەوانی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا دەگێڕێت لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو شوێنانەی کە جەندرمەی تورک جەسارەت ناکات بۆی بجووڵێت هێزەکانی پارتی پێشیان دەکەون ئەمەش بەئاشکرا ڕاگەیاندنی شەڕی کوردکوژییە، بۆیە داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان و تاک بە تاکی گەلەکەمان دەکەین کە لە ڕیزەکانی بەرگری چوار بەشی کوردستان بوەستنەوە لەو کاتە مێژووییەدا کە دەبێت ناسنامەی گەلی کورد بپارێزین و بەو ڕۆحییەتەوە، مەیدانەکان و بەرەی یەکگرتووی تێکۆشان گەشتر و فراوانتر بکەین، لێرەوە داوا لەلایەنە سیاسیەکان و تەواوی گەلی وڵاتپارێزی باشووری کوردستان بەهەموو چین و توێژە جیاوازەکانییەوە دەکەین، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی نیشتمانیی خاوەن هەڵوێستبن و بەشداری هەموو ئەو چالاکیانە بکەن کە بۆ ئەو ئامانجانە بەڕێوە دەچن.. بێگومان دوژمن لە بێچارەیی و شکستدایە، بە یەکدەنگی و هەڵوێستەکانمان مسۆگەر گەلی کورد دەبێت سەربکەوێت.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

٢٠٢٣/١٠/٦

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …