لە مانگێکدا لانیکەم ١٦٢ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

لە مانگی خەرمانان (٢١ی ئاب تا ٢٢ی ئەیلول) لانیکەم ١٦٢ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون، هەر لەو مانگەدا ٢ کاسبکار کوژراون و شەش کۆڵبەریش بریندارکراون و چوار زیندانی کوردیش لە سێدارەدراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی لە ماوەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.

مانگی خەرمانان بەهۆی ئەوەی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کەوتبووە ئەو مانگە، تیایدا گوشار و هەڕەشەکانی هێزەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە گەیشتە بەرزترین ئاست.

وەک لە ئامارەکەدا هاتووە لەو مانگی خەرماناندا زیاتر لە ٥٠٠ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و فەرمانگەی ئیلاعاتەوە بانگهێشتکرابوون و هەڕەشەیان لێکرابوو کە بەهیچ جۆرێک بەشداری لە رێورەسمەکانی یادکردنەوەی ساڵیادی سەرهەڵدانەکە و یەکەم ساڵەی گیانبەختکردنی خۆپیشاندەراندا نەکەن.

هەمان ئەو گوسآرانە خرایە سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووان و لەپێناو رێگری کردن لە بەڕێوەبردنی ساڵیادی کوژرانی ئازیزانیاندا فشاریان خرابووەسەر و بەشێکیشیان دەستبەسەر کرابوو.

وەک لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، لە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی ئەیلول) کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شاری سەقزی زێدی ژینا بەمەبەستی رێگری لە هەموو جۆرە مەراسیمێک گۆڕستانی ئایچیی و دەوروبەری ماڵی ژینایان گەمارۆدا و بۆ ماوەیەکیش ئەمجەد ئەمینیان دەستبەسەر کرد.

هەمان رۆژ لە نزیک گۆڕستانی ئایچی کە گڵکۆی ژینا ئەمینی لێیە و بە زریپۆش گەمارۆدرابوو، هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لە گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوی فەردین جەعفەری کرد، کە تائێستاش لە دۆخی کۆمادایە، هەر لەو رۆژەدا لە سنە و مەهابادیش دوو کەس بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندارکران.

لە درێژەی ئامار و راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی خەرماناندا ١٦٢ چالاکوانی وکرد لە پاڕێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و تاران بە تۆمەتی چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسی دەستبەسەر کراون. لە کۆی دەستبەسەرکراوان ٦ کەسیان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان رەوانەی زیندان کراون.، هەروەها ١٤ دەستبەسەرکراویش بە دانانی بارمتە بە شێووەی کاتی ئازاد کراون، ئەوانی دیکە تائێستا دەستبەسەرن و لەبارەی چارەنوسی هەندێکیانەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.

هەر لە مانگی خەرماناندا ١٩ هاووڵاتی و چالاکوانی مەدەنیی کورد لەلایەن دادگاکانی شۆڕش و دادگا گشتییەکانەوە لە شارەکانی تاران، سەقز، سنە، پیرانشار و مەهاباد سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەو مانگەدا سزای لەسێدارەدان بە سەر چوار کورد لە زیندانەکانی قزل حیساری کەرەج و سەقزدا جێبەجێ کراوە، کە ئەو کەسانە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانیان رووبەڕوو کرابووەوە.

کسبکارێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی پویا بابایی کە بە گومانی بە قاچاخبردنی کاڵا و کەلوپەل دەستگیرکرابوو، لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان لە ناو بنکەی پۆلیس لە کرماشان گیانی لەدەستدا. لە پارێزگای ئەلبورزیش بەتەقەی هێزەکانی پۆلیس کاسبکارێکی خەڵکی شاباد بەناوی حامد باقری کوژرا، هەر لەو مانگەدا شەش کۆڵبەریش بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت لەناوچە سنوورییەکانی بانە، سەردەشت و چاڵدران برینداربوون.

بەشێکی دیکەی ئامارەکە تەرخان کراوە بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و راگەیەنراوە کە لەو مانگەدا لانیکەم ٢ ژن لە شارەکانی رەوانسەر و سەرپێڵ لەلایەن ئەندامی بنەماڵەکانیانەوە کوژران.

لە کۆتا بەشیش ئاوڕ لە دۆخی کرێکاران و دابیننەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە شوێنی کار دراوەتەوە و لەو بارەوە باس لەوەکراوە کە لانیکەم شەش کرێکار بە هۆی رووداوەکانی شوێنی کارەوە لە شارەکانی سنە، پیرانشار، بانە، بۆکان و مەهاباد گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …