تەڤگەری ئازادیی تاکە لایەنیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بوو ریفراندۆی رەتکردەوە و پرۆژەی چارەسەریشی پێشکەشکرد

شەش ساڵ بەر لەئێستا و پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، تاکە لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان بوو، بەشێوەیەکی فەرمیی ریفراندۆی رەتکردوەو پڕۆژەی چارەسەریشی پێشکەشکرد و رایگەیاندبوو: ریفراندۆم نه‌ك هه‌ر ناتوانێ ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر باشووری كوردستان گه‌ورترده‌كات.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە 13/8/2017 بە ٣٧ رۆژ پێشئەوەی ریفراندۆ ئەنجامبدرێت، بەشێوەیەکی فەرمیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا مەترسییەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بۆ رایگشتیی ئاشکراکرد و “نا” بۆ ئەنجامدانی ریفرانۆمی لە بەیانێکی فەرمییدا راگەیاند.

دەقی بەیاننامەی ئەو کاتی تەڤگەری ئازادیی:

(نا) بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم

وه‌ك ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان 26 ساڵه‌ له‌ ده‌ستی رژێمی داگیركاری به‌عس رزگاری بوه‌ بێگومان ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ له‌سه‌ر ره‌نج و خوێنی سه‌دا‌ن هه‌زار شه‌هید به‌ده‌ست هاتوه‌ به‌ڵام مه‌خابن ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری كوردستان نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانی ئامانجی شه‌هیدان به‌ده‌ست بێنن و به‌ڵكوهه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو به‌ده‌ست هاتوون نه‌توانرا سودیان لێ وه‌ربگیرێت وه‌ بێباكانه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌یان خسته‌ خزمه‌تی خۆیان و بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌كانیان و

خه‌ڵكی باشووریان رووبه‌رووی شه‌ڕی ناوخۆیی، برسیكردن و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و نا دادی وسه‌ركوتكردن كرده‌وه‌ وسه‌رئه‌نجام بێ ئومێدی و كۆچی به‌كۆمه‌ڵی هاوڵاتیان و ده‌یان دیارده‌ی تری مه‌ترسیداری دیكه‌ به‌رۆكی ئه‌م گه‌له‌ی گرته‌وه‌، شكستی حوكمرانی حزبه‌ده‌سه‌ڵاتدره‌كانی باشوری كوردستان هه‌موو بواره‌كانی سیاسی و ئیداری و ئابوری و سه‌ربازی گرتۆته‌وه‌ و له‌ رۆژگاری ئه‌مرۆماندا كۆمه‌ڵگای تا ئاستی گێژاو بردوه‌و سیاسه‌تی تاكره‌وی و نادیموكراتی و نانه‌ته‌وه‌یی ده‌سه‌ڵاتداران چ له‌ ئاستی ناوخۆیی و چی له‌ ئاستی دنیای ده‌روه‌دا به‌ ته‌واوی روبه‌رووی شكستی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌.

له‌ ئێستاشدا ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری كوردستان به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق، بۆ داپۆشینی شكسته‌كانیان له‌ حوكمرانی دا و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌یی و حزبی رۆژه‌ڤی ریفراندۆمیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی باشوری كوردستاندا سه‌پاندوه‌

ئێمه‌ وه‌ك ته‌ڤگه‌ری ئازادی پێمانوایه‌ ریفراندۆم نه‌ك هه‌ر ناتوانی ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ر بكات به‌ڵكو مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر باشوری كوردستان گه‌ورترده‌كات كه‌له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی لای خواره‌وه‌ به‌گونجاوی نازانین له‌ ئێستادائه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت:

1ـ مسعود بارزانی له‌ڕێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌شێوه‌ی نایاسیایی درێژ بكاته‌وه‌.

2ـ ئه‌م بریاره‌ حزبیه‌و نایاساییه‌ وه‌ هه‌روه‌ها ریكه‌وتنی سیاسی له‌سه‌ر نیه‌و زه‌مینه‌سازی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

3ـ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات ، به‌ڵكو قه‌یران و مه‌ترسی و ئاڵۆزی زیاتر به‌دوای دا دێنێت.

4-له‌ئێستادا پێویسته‌ یه‌كێتی گه‌لان و باوه‌ڕمه‌ندییه‌كان پێش بخرێت، به‌ڵام ڕیفراندۆم ده‌بێته‌ هۆی پێشخستنی ناكۆكی نه‌ژادی و مه‌زهه‌بی.

پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری:

یه‌كه‌م: قۆناغی هه‌نوكه‌یی:

1- ئێستا له‌ باشووری كوردستاندا ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌رییه‌كانی به‌ بنبه‌ست گه‌یاندووه‌ و بۆشایی یاسایی و ناعه‌داله‌تی هه‌یه‌ هه‌ر له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌تا سه‌رۆكی هه‌رێم و كۆمیسیۆن وته‌واوی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆئه‌وه‌ش ئێمه‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی 150 كه‌سی كه‌ پیك بیت له‌ نوینه‌رانی،گه‌ل، پارته‌سیاسییه‌كان ، ریكخراو و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی، به‌ ڕه‌چاو كردنی هاوسه‌نگی ڕه‌گه‌زییه‌وه‌، به‌ چاودێری (یۆنامی) بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی سیستم و ئاماده‌ كردنی پرۆژه‌ی ده‌ستور و هه‌لبژاردنی په‌رله‌مان وحكومه‌ت .پێویست ده‌بینین، بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ شێواز و ڕێكاره‌كانی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م بابه‌ته‌مان هه‌یه‌.

2- سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی زۆره‌ملی هه‌لبگیری و چاره‌سه‌ری كیشه‌ی موچه‌ ی فه‌رمانبه‌ران بكری.

3- داهاتی نه‌وت و سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌ شیوه‌یه‌كی شه‌فاف ئاشكرا بكری و بكه‌وێته‌ خزمه‌تی گه‌له‌وه‌ .

دووه‌م: پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ریی ریشه‌ییی و ستراتیژی (خۆبه‌ریوه‌به‌ری دیموكراتی)

هۆكاری بنه‌ره‌تی دروست بونی هه‌مو كیشه‌ و قه‌یرانه‌كان له‌ كوردستان و جیهاندا بالاده‌ستی زهنیه‌تی ده‌سه‌لاتخوازیه‌، بۆ گۆڕانكاری له‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتخوازی وكۆتایی هاتنی عه‌قڵییه‌تی خێڵه‌كی و بنه‌ماڵه‌یی و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و كۆتایی هاتنی پاوانخوازی بوژانه‌وه‌ی ئابورییه‌كی كۆمیناڵی و پێشخستنی دیموكراتی، كۆتایی هێنان به‌كۆچكردن و ڕێگریكردن له‌تیرۆری سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان ـ ئازادیخوازان ـ ژنان ـ فه‌راهه‌مكردنی ژیانیكی شایسته‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌، بۆ پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و ڕێگری كردن له‌ شه‌ڕی نه‌ژادی و مه‌زهه‌بی، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی تاكه‌ ڕێگه‌ی چاره‌سه‌رییه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌تێكۆشانی هێڵی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتدا ئه‌گاته‌ ئامانج. ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش له‌لایه‌ن ڕێبه‌ر ( عه‌بدوڵلا ئۆجالان) وه‌ پیش خراوه‌ هاوشێوه‌ی” ئه‌م سیسته‌مه له‌ رۆژئاوای كوردستان پراكتیزه‌ بوه‌‌ و له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ به‌ریوه‌ ده‌بری له‌ سه‌ر ریبازی ( دیموكراتی راسته‌وخۆ ) كه‌ باشترین سیسته‌می ئازادی و دیموكراتی به‌رهه‌م ده‌هینی به‌به‌شداری هه‌مو پیكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ی و ئاینی و مه‌زهه‌بی و ره‌گه‌زی و چین و تویژه‌كان. “

1- گه‌ل به‌شێوه‌ی خۆبه‌رێوه‌به‌ری له‌ ئاستی گوند و شارۆچكه‌ و قه‌زا و ناحیه‌ و شاره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای كۆنفیدرالیزمی دیموكراتی رێكبخرێت.

2- له‌به‌رامبه‌ر دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تی، دیموكراتی راسته‌وخۆ.

3- له‌ دژی گه‌نده‌ڵی و ره‌نخۆری و ناعه‌داله‌تی و ئابوری پاوانخوازی، ئابوری هه‌ره‌وه‌زی پێشبخرێت

4- به‌مه‌به‌ستی پاراستنی كۆمه‌ڵگا له‌ هێرش و توندوتیژی پێشخستنی هێزی پاراستنی ره‌وا.

5- له‌ به‌رامبه‌ر جیاوازی ره‌گه‌زی و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری هاوسه‌نگی ره‌گه‌زی

6- پیشخستنی فكرو فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی و دیموكراتی وبه‌یه‌كه‌وه‌ ژیان

بانگه‌وازی له‌گه‌له‌كه‌مان ئه‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ی ریفراندۆم كه‌ پرۆژه‌یه‌كی بیچاره‌ییه‌ بێ هه‌ڵوێست نه‌مێنن و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشخستنی چاره‌سه‌ری بنگه‌یی كه‌ خۆی له‌ (خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی)ده‌ ده‌بینێته‌وه‌ تێكۆشان به‌هێز بكه‌ن. ‌

ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌لگه‌ی كوردستان

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی

13/8/2017

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی پرسەو سەرەخۆشیی ئاڕاستەی بنەماڵەی حەکیم لوقمان دەکات

‎پرسەو سەرەخۆشیی ‎بۆ بنەماڵەی بەڕێزی  شەھید حەکیم لوقمان، لەشارۆچکەی کەلەکچی سەر بەپارێزگای دھۆک. بەھەستێکی قوڵەوە …