دەوڵەتی تورک لە ھەرێم تیرۆر بەڕێوە دەبات

 زەکی ئاکل

باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ ناوچەیەک کە دەوڵەتی تورک تێیدا دەتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە هەموو چەکەکانی تاقی بکاتەوە. بازاڕەکانی لە دەستی ئەودایە. هەوڵ بدات لە ڕێگەی باشوورەوە ئابووریە شکستخواردووەکەی لەسەر پێ ڕابگرێت.

تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان و باخچەلی دا بووەتە مەترسییەکی ئاشکرا بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە، دوایین ڕووداوەکان کە لە قەرەباخ ڕوویاندا لەسەر دەستی ئەو بەڕێوەبەرییە فاشیستە ھاتنە ئاراوە. چەتە چەکدارەکان کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا جێگیرکراون، لە دژی هەموو وڵاتانی عەرەبی وەک ئامرازێکی هەڕەشە و سەرانەوەرگرتن بەکاردەهێنن. خۆی لەخۆیدا ئەو چەتانە ڕۆژانە لە سوریا خوێن دەڕێژن، موڵک و ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن، هیچ جۆرە شەڕ و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی نییە کە ئەنجامیان نەدابێت.

دەوڵەتی تورک فڕۆکەخانەی سلێمانی کە لەژێر کۆنترۆڵی یەنەکەدایە کردە ئامانج و تێیدا 3 پێشمەرگە شەهید بوون و 3 پێشمەرگەش بریندار بوون. پێشتریش هەڕەشەیان لە یەنەکە کردبوو و ئابلۆقەیان خستبووە سەرفڕۆکەخانەی سلێمانی. هەوڵ دەدەن یەنەکە ملکەچی ئەوان ببێت و وەک پەدەکە مامەڵە بکات. کە یەنەکە سەری دانەنواند، ئەمجارەیان بەئاشکرا کردیانە ئامانج. ماوەیەکە لە سلێمانی و دەوروبەری ژمارەیەک هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دەدرێن و لە ناوەندی شارەکەش خەڵک تیرۆر دەکرێن. مەزڵوم داغ ٣-٤ ساڵ لەمەوبەر لە هەولێر بەرپرسێکی میتی کوشت. پەدەکە بەیاننامەی ناوزڕاندنی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو چالاکواندا سەپاند. بەڵام کاتێک بینای کەنەکە کرایە ئامانج و دەنیز جەودەت بولبون کوژرا، پەدەکە لەبارەوە کەڕ و لاڵ بوو. کاربەدەستان بێدەنگ بوون و هیچ لێدوانێکیان نەدا. کاتێک بابەتەکە پەیوەست بە کورد و ڕێکخراوەکانی دەبێت، پەدەکە هاوار دەکات، بەڵام کاتێک نۆرەی دەوڵەتی تورک دێت، دەستەمۆ دەبێت. بەڵام بینای کەنەکە کە بە مۆڵەتی ئەوان کراوەتەوە و ٢٤ کاتژمێر لەژێر چاودێری ئەواندایە. لە پایتەختەکەیان چەکدارەکانی دەوڵەتی تورک بە ئاسانی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد تیرۆر دەکەن. باشووری کوردستان بۆتە گۆڕەپانێک کە کورد تێیدا هەست بە ئاسایش و سەلامەتی ناکات و خۆی لە چنگی مەرگدا دەبینێت.

پەدەکە نەتەنیا بووەتە وتەبێژی سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک، بەڵکو ھاوکات بۆ ئەوەی یەنەکە و هێزە وڵاتپارێزەکانی دیکە وەک ئەو مامەڵە بکەن، فشاریان لێدەکات. کاتێک پێشمەرگە بەھۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سلێمانی تیرۆر کران، پەدەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بوو. لە ڕاگەیەندراوەکانی دواتردا یەنەکەی تاوانبار کرد. وتیان پێویستە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکرێت و ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن. لە ڕاستیدا قسەکانیان هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکانی فاشیستە تورکەکان. ئەو شتانە چین کە ڕوون و ئاشکرا نین؟ حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە تورکیا ئەم هێرشەی ئەنجامداوە. ھەروەھا دەوڵەتی تورکیش بە فەرمی بەڕپرسیارێتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. مەگەر ئەو ھێرشە چۆن ڕوون دەکرێتەوە؟.

دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند کە یەنەکە هاوکاری یەپەگە دەکات و ھەربۆیە ئەوان دەکاتە ئامانج. خۆی لەخۆیدا ئەم قسانە بێباکانە بوون. هێزی خۆی لە عێراق بە تایبەت لە کوردستان نیشان دەدات. هێرش دەکاتە سەر خاکی وڵاتێکی تر، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و دەڵێت ھێز و دەسەڵاتم هەیە، دەتوانم ھێرش بکەم.  بەوەش ناوەستێت و هێزەکانی عێراق و باشوور ناچار دەکات پەکەکە و یەپەگە وەک تیرۆریست بناسن. دەڵێت، یان ئێوە بە قسەی من دەکەن، پەیوەندییەکانتان دەپچڕێنن و پاڵپشتیم دەکەن، یان ھێرشتان دەکەمە سەر. لەم بابەتەدا هەڵوێستی پەدەکە جیاواز نییە و ھاوشێوەیە. پەدەکەش هەڕەشە لە گوندنشینانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکات و دەڵێت: نابێت هاوکاری گەریلا بکەن، دەبێت پەیوەندییەکانتان بپچڕێنن.

خۆی لە خۆیدا کەس چاوەڕێی ئەوە ناکات کە پەدەکە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ بکات. بەڵام پێویست ناکات کلکی دەوڵەتی تورکیش بێت. لانیکەم دەتوانێت بە ڕایگشتی جیهان بڵێت؛ دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر خاکی ئێمە، ئەو ھێزەمان نییە لەبەرامبەریان خۆڕاگری بکەین و ڕووبەڕوویان ببینەوە. بەتەنیا ئەمە دەبێتە هۆی کاردانەوە لە جیهاندا بەرامبەر داگیرکەرانی تورک. بەڵام کێشەی پەدەکە لەگەڵ پەکەکە دایە. دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، دەڵێت ئەمە دەرفەتێکە بۆ من و پلان و لێکدانەوە بۆ دەرکردنی پەکەکە دەکات. ئەمە لێکدانەوەیەکی زۆر چەپەڵانەیە، لە شوێنێک کە پەکەکە پاکتاو بکرێت، نە پەدەکە دەمێنێت و نە قەوارەشی دەبێت.

وتمان، دەوڵەتی تورک هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە. بە گوێرەی خواستی خۆی ڕووی لە عێراق و سوریا کردووە و ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەریان. لە سەردەمێکدا کە هەمووان دەیانەوێت شەڕ لە سوریا کۆتایی پێبێت و چارەسەر بێت، تورکیا هێرش دەکات و ئاژاوە دەنێتەوە. کاتێک لە دێرزۆر ڕێوشوێن بەرامبەر بەشێک لە ئەندامانی چەتەکان گیرایەبەر، دەستبەجێ دەوڵەتی تورک دەستی بە جموجۆڵ کرد. دەستی بە پڕوپاگەندەی ناوزڕاندن کرد، کە هۆزە عەرەبەکان لە دژی تیرۆریستەکان ڕاپەڕیوون. لە هەمان کاتدا هێرشەکانی بۆ سەر منبج چڕتر کرد. زمانێکی ژەهراوییان هەیە و مێشکیشیان بۆ خراپە کاری کار دەکات. دەڵێن ڕۆژهەڵات و باکووری سوریا لەژێر داگیرکاری تیرۆریستانی پەکەکەدایە. وەک بڵێی ئەوانە لە دژی داعش شەڕیان نەکردبێت، لە گەلی سوریا نین، لە بۆشایی ئاسمانەوە یان لە وڵاتێکی ترەوە هاتوون و بەشێک لە وڵاتەکەیان داگیر کردووە. وەک ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرشی نەکردبێتە سەر سوریا، بە پێچەوانەشیەوە وەک ئەوەی لە دژی داگیرکاری، هێزێکی بەرگری بێت!.

باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ ناوچەیەک کە دەوڵەتی تورک تێیدا دەتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە هەموو چەکەکانی تاقی بکاتەوە. بازاڕەکانی لە دەستی ئەودایە. ئەگەر ناوچەیەک هەبێت کە هەوڵ بدات لە ڕێگەیەوە ئابووری شکستخواردووەکەی لەسەر پێ ڕابگرێت، ئەو ناوچەیە باشووری کوردستانە. ئەوان ئازادانە چەکی قەدەغەکراو و کیمیایی بەکاردەهێنن. پەدەکە سەرقاڵی پەردەپشکردنی ئەوەیە. ڕێگە نادات شاندی بیانی بێن و لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەن و بۆ ئەو ھێرشانەش پەکەکە تاوانبار دەکات. دەوڵەتی تورکیش بە هەموو ھێزیەوە سوود لەو هاوکارییە وەردەگرێت. ئەمەش ھەبوون و دەستکەوتەکانی هەموو کوردان دەخاتە مەترسییەوە.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

 

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …