بە مەڕاسیمێکی شایستە چلەی شەهید یاسین بولوت و ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید ڕوهەیڤ بەڕێوەچوو..
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە مەراسیمێکی شایستەدا لە شاری سلێمانی، چلەی شەهید یاسین بولوت ناسراو بە هەڤاڵ شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و ساڵیادی شەهادەتی گەریلای ئازادیی شەهید ڕووهەیڤ ڕووناهیی بەرزڕاگیرا.
بە بەشداری سەدان کەس لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە بەشداری چلەی هەڤاڵ شوکری کرا، لە مەراسیمەکەدا وێنەی شەهید شوکری و شەهید ڕووهەیڤ بەرزکرابوونەوە و دروشمی شەهید نامرن دەوتەوە، سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، دواتر ژمارەیەک مۆم لەلایەن دایکانی شەهیدانەوە داگیرسێندران. هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لەلایەن هێلین جاف خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هەڤاڵ شوکری لە هەموو ساتەکانی ژیانی شۆڕشگێڕیی خۆیدا بە هەڵوێستی خۆڕاگرانەی و پێوەرەکانی هێڵی ئاپۆیی، دەبێتە یەکێک لە تێکۆشەرەکانی هەقیقەتی ژیانی ئازاد، سادەیی، پاکیی، بوێریی و دڵنزمیی دەکاتە بنەمای بەشدارییکردن لە ژیانی شۆڕشگێرییدا.
پاشان لە مەراسیمەکەدا وتاری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لەلایەن هەژار بەرزنجی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: ئێمە بەڕێزەوە یادی هەڤاڵە شەهیدەکەمان دەکەینەوە و بەڵێندەدەین، کە ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەری و ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، بەتووندترین شێوە سزابدرێن.
هەروەها لە مەراسیمەکەدا وتاری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێشکەشکرا و مەلا نادر، مامۆستایی ئاینییش وتارێکی پێشکەشکرد، هاوکات چەند هۆنراوە و پەخشانە شیعرێکیش لە مەراسیمەکەدا پێشکەشکران.