هێرشەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئیستەنبوڵ و مێرسین شەرمەزارکرا

لە ئیستەنبوڵ چەندین ڕێکخراوی سڤیل و پارتی سیاسی، پەدەکەیان شەرمەزارکرد کە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان. لە مێرسین خیانەتی پەدەکە بەشێوەیەکی جەماوەری شەرمەزارکرا.

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، مەجلیسی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتگیری و پشتیوانی ئەو بنەماڵانەی خزمەکانیان بێسەروشوێنن لە ئەنادۆڵ (ANYAKAY-DER) و کۆمەڵەی پشتگیری و پشتیوانی بنەماڵەی زیندانی و حکومدراوانی مەڕمەڕە (MATUHAY-DER) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە تونێلی تەقسیم، هێرشەکانی پەدەکە شەرمەزارکرا.

ناڕەزایەتییەکە بە دروشمی “ئەرکی ئێمە پاراستنی دەستکەوتەکانمان و ڕێگریکردنە لە براکوژی” بەڕێوەچوو و چەندین کەسی دیکەش لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوەکان بەشداریان کرد.

بەر لە ڕاگەیاندراوەکە، تونێلی تەقسیم لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا. هاوسەرۆکی (ANYAKAY-DER)، ئەڤین گەنچ و ٢ کەسی تر بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت لە شەقامی ئیستیقلال دەستگیرکران.

سەرەڕای گەمارۆدان و هەڕەشەکانی دەستگیرکردن، هاووتەبێژانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) ئەسینگوڵ دەمیر و جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز و چەندین کەسی دیکە لە بینای بارەگای هەدەکە تا تونێل دەستیان بە ڕێپێوان کرد. هەر ئەوەندەی کۆمەڵەکە گەیشتنە تونێلەکە گەمارۆدران. چالاکوانەکان ڕایانگەیاند، هێرش بۆ سەر هەرێمی فیدراڵی کوردستان هەیە و گوتیان: “لە بەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕدا، ئێمە یەکسانی گەلان دەپارێزین”. چالاکوانان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو گەمارۆیە و چەندین جار دروشمی “بژی برایەتی گەلان”یان بەرزکردەوە. دوای ماوەیەک پۆلیس بە توندوتیژی هێرشی کردە سەر چالاکوانەکان و دەستگیریان کردن.

هاووتەبێژی هەدەکە و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی ئیستەنبوڵ جەنگیز چیچەک لەنێو گەمارۆکەوە گوتی: ” تا شەڕ هەبێت، هەژاری لە تورکیا و ئیستەنبوڵ بەردەوام دەبێت. گەلی کورد لە سایەی تێکۆشانی چەند ساڵە گەیشتە ئەم ئاستە. بەڵێن دەدەین، ئاشتی بۆ ئەم خاکە بهێنینە ئاراوە”.

لە کاتی دەستگیرکردنی هاوڵاتییەک لە گەمارۆکەدا، هەرچەندە بە پۆلیس گوترا کە نەخۆشی دڵی هەیە، بەڵام کێشایان بەسەریدا و لە ئەنجامی توندوتیژیی دەیان پۆلیس دەستگیر کرا.

پۆلیس بە زۆرەملێ ڕۆژنامەوانەکانی لە گۆڕەپانەکە دوورخستەوە و ڕێگەیان نەدا وێنە بگرن.

مێرسین:

بەهەمانشێوە، هێرشی پەدەکە لە پارکی ئۆزگور چوکوک لە ناحیەی ئاکدەنیزی مێرسین شەرمەزار کرا. پارێزگاری مێرسین پێش ڕاگەیاندراوەکە بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکیی و خۆپیشاندانەکانی دا. پۆلیس قەدەغەکردنی وەک بیانوویەک هێنایەوە، گەمارۆی پارکەکەیان دا. سەرەڕای قەدەغەکردنەکە، زۆر کەس لە ئەدەنە، دیلۆک، عوسمانییە و هاتای بەشدارییان لە ڕاگەیاندراوەکەدا کرد. هەریەک لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز عەلی بۆزان، ئایفەر کۆردو و حوسێن ئۆلان ئامادەی ڕاگەیاندراوەکە بوون.

عەلی بۆزان، گوتی: “پارێزگار بەم بڕیارە مافەکان پێشێل دەکات. دەست لە گەمەکانتان لەسەر کورد هەڵگرن. هاوکات بانگەوازی ئێمە بۆ پەدەکەیە؛ هەرچەندە کوردستان بەسەر٤ پارچەدا دابەش بووە، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە یەک بەش. گەلەکەمان لە چوار پارچە شەڕ و پێکدادانی ناوێت”.

پاشان جەماوەرەکە  بە دروشمی “بژی بەرخۆدانی گەریلا”، “فشار ناتوانێت شکستمان پێ بهێنێت” و “بە بەرخۆدان سەردەکەوین” بەرەو بارەگای هەدەپە لە مێرسین ڕێپێوانیان کرد.

 

هەروەها چێکی بکە

حسێن کەرکوکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

بەرپرسی نووسینگەی بەغدادی  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە …