نا بۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکان بە گێچەڵ و ئاژاوەگێڕیی

نا بۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکان بە گێچەڵ و ئاژاوەگێڕیی

بەهاتنی هاکان فیدان و دانیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئەیانەوێ عێراقیش پەلکێشی شەڕ بکەن و پارتیی دیموکراتیی کوردستانیش بە ناوی پاسەوانی سنورەوە ئەم پیلاگێڕییە دژی گەریلاکانی ئازادیی جیبەجێ دەکات.

‎لای هەمووان ئاشکرایە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتی کوردیی لە باشوری کوردستان نەیتوانی ئیدارەی سیستمێکی دیموکرات و سەرکەوتوو بدات و دۆخ و گوزەرانی میللەتە ڕەنجدەر و ماندووەکەمان، خۆشگوزەران و سەقامگیر بکات. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانەوە تا بەڕۆژی ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەوەی دەرفەت و زەمینی زۆر لە بار و گونجاومان هاتەپێشەوە، بەڵام هەرگیز ئەو دەرفەتانە نەکەوتنە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.

‎تا ئێستا گوتاری سیاسیی و کرداریی سیاسیی ئەم هەرێمە لە ناو گۆمی لێڵدا مەلەی کردووە، جارێک بە هۆکاری ساوایی حکومەتەکە و جارێک بە بیانوی داعش و جارێک بە دنەدانی سۆزی ناسیۆنالیستی کوردیی، هەوڵی داوە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی پەردەپۆش بکات.

‎بەردەوام لەبری وڵاتپارێزیی؛ هێڵی خیانەت و لە بری تێکۆشان؛ تەسلیم بوون و لە بری دیموکراتییەت؛ خنکاندنی ڕای جیاواز و لە بری موچە و ژیانی هاووڵاتییان؛ دزیی و قۆرغکاریی. لە بری دروستکردنی هێزی نیشتیمانیی؛ میلیشیای حیزبیی و کەسیی و لەبری سەربەخۆیی و بەهێزبوون دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی باشوری کوردستان بەسەر چەند زۆنی جیاوازدا، لەبری چارەسەریی؛ تەسلیم کردنی نیوە زیاتری خاکی باشور، لە بری ڕێککەوتن و چارەسەریی پرسە دەستورییەکان لەگەڵ عێراقی فیدراڵ، پشت کردنە عێراق و ڕووکردنە تورکیا، لە بری هەناردەی نەوت بە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕێگەی سۆمۆ و وەرگرتنی بەشە بودجەی هەرێم، گرێبەستی پەنجا ساڵەی لێڵی نەوت لەگەڵ تورکیا لە ژوورە تاریکەکان و تاڵانکردنی سامانی ئەم خاکە.

‎هەروەها لە بری پاراستنی سەروەریی ئەو خاکەی بە خوێنی هەزاران شەهید و زیندانی سیاسیی و ئاوارەیی بەدەستهاتن، هێنانی سوپای داگیرکار بۆ داگیرکردنی زیاتری وڵاتەکەمان. حکومەتی کاربەڕێکەری شکستخواردووی هەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق بڕیاردەری دەسەڵاتدارای پلە یەکە تیایدا، گەیشتوەتە لوتکەی شکستەکانی و چیتر توانای بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەی نەماوە!

‎ئێستا و دوای سەدساڵ لە پەیمانی لۆزان و دوای ٣٢ ساڵ لە دەسەڵاتی کوردیی لە باشور و دوای کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگ و مەزن لە چواربەشی کوردستان، دەسەڵاتی کوردیی دەستی داگیرکارانی گرتووە و شانبەشانی ئەوان شەڕی ئازادییخوازان و شۆڕشگێڕانی کوردستان دەکات، ئەو داهات و پارەیەی کەهەشە لە بری ئەوەی ژیانێکی شایستەی بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆران پێ دابین بکات، پێشکەشی تورکیای دەکات بۆ شەڕ و داگیرکارییەکانی.

ئێمە وەک هێزێک کە لە بەرەی ناڕەزایەتییەکانی گەلین و دژ بە سیاسەتە وابەستەکانی دەسەڵاتین، هەر هەوڵێک شەرمەزار دەکەین کە بە ئاڕاستەی هێرش بۆ سەر شۆڕشگێڕان بێت و تەسلیم گرتنی کەمپنشینان بێت؛ ئەوەی لە سنورەکانی برادۆست، سیدەکان بەڕێوە دەچێت، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت پیلانی تورکیایە و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق جێبەجێ دەکات.

 بۆیە ئێمە بانگەواز دەکەین بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، قەیرانەکانی هەرێم بە شەڕی وەکالەت و کوردکوژیی چارەسەر نابێت، هەروەها بۆ گەلەکەمان و تەواوی موچەخۆران و چین و توێژەکان پێویستە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە شەڕی کوردکوژیی، لە خزمەتی داگیرکاران دەرببڕدرێت و بپرسن کە پارەی موچەی ئێمە نییە! ئەی بە چ پارەیەک ، لە چیا سەختەکان رێگا دروست دەکرێت بۆ خۆشکردنی ڕێگای داگیرکاریی بۆ دەوڵەتی تورکیا.

پەیامی ئێمە بۆ پارت و ڕێکخراوە سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکان، ئەوەیە ئەگەر پێکەوە نەبین و خاوەن هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ نەبین، بە دڵنییاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر ڕۆژە و زیاتر لە مەترسیی لە ناوچوون و لە دەستدانی ئەم قەوارەیەش نزیکمان دەکاتەوە. پێویستە هەمووان بە یەک دەنگ  بڵێین نا بۆ خزمەت کردن بە داگیرکاران.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٢٠٢٣/٩/١٧

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …