مامۆستا شەماڵ.. خەباتکار و قەڵەمە ئازاکەی ناو تێکۆشانى ئازادیی

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی مامۆستا شەماڵ، نووسەر، لێکۆڵەر، مێژووناس و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان تێدەپەرێت، بەڵام تا ئێستا بکەری سەرەکیی کردەوە تیرۆرییەکە دەستگیر نەکراوە و هەڵهاتووە بۆ تورکیا، وێڕای ئەوەش تا ئێستا دادگا بە “غیابی” دادگایی نەکردووە.

سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، نووسەر و مێژووناس و لێکۆڵەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، لە پێدەشتەکانی گەرمیانەوە خەمی نیشتیمانەکەی لە نووکی پێنووسەکەیدا کۆکردبووەوە و مێژوو و ڕەچەڵەکی ناوچەکەی هەڵدەماڵیی و کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێندراوەکانی دەخستەوە سەر شاڕێی خۆی.

ئەو شۆڕە سواری ناو خەبات و تێکۆشانى کوردایەتى و قەڵەمێکی بوێرو ئازای ناو دونیای تێکۆشانی ئازادیی بوو، هەمیشە بوێرانە قەڵەمەکەی دەخستە سەر ئەو وشانەى بەرامبەر داگیرکەران و نۆکەران دەینووسی کە کەم کەس بوێری ئەوەی هەبوو بەو ڕاشکاویی و ئازاییەتییە ڕووبەڕوویان بووەستێتەوە.

مامۆستا شەماڵ کێیە؟

سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لەدایکبووە، وەک خۆی دەڵێت: سەرەتا باوانی لە بناری ئاژداخەوە هاتوونەتە کانی گۆمەی سلێمانی، لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیی، باپیرەی هاتووەتە کفری.

قۆناغەکانی خوێندنی لە کفری خوێندووە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵییە لە زانکۆی بەغدا، هاوسەرگیری کردووە و چوار منداڵی هەن. جگە لە زمانی کوردیی؛ زمانەکانی تورکمانیی و عەرەبیی زانیوە، لە ژیانی تایبەتییدا ماوەیەکی زۆر بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵبووە، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کفریی بووە.

لە کار و خەباتی سیاسییشدا بە وتەى خۆی، لە نەوەدەکان و لەگەڵ گەشەی بیر و ڕامانی ئاپۆچێتیی لە باشووری کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٦ ئاشنای فەلسەفە و تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت.

لە ساڵی ١٩٩٧ دەبێتە ئەندامی یەنەدەکە، پاشان ئەندامی پەچەدەکە، تا شەهیدبوونیشی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بووە.

مامۆستا شەماڵ لە هەشتاکانەوە دەنووسێت و لە ١٩٨٢ شیعری بە زمانی عەرەبیی نووسیووە، لە ١٩٩٧-١٩٩٨ بابەتی سیاسیی لە ڕۆژنامەى وڵات نووسیوە، پاش ساڵانی ٢٠٠٠، لێکۆڵینەوە جوگرافیی و مێژووییەکانی لە شێوەی چەندین پەرتووکدا چاپ کردووە، لە ساڵی ١٩٨٧ ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و چوار منداڵی هەیە.

ئەو چەندین لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە سەرڕاستکردنەوەی مێژووی باشووری کوردستان، بەپێی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عوسمانیی و پاشایەتیی و کۆماریی لە عێراق، دەنووسێت، پێی وابووە ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانەى سنوور و خاکی باشووری کوردستان، لە ڕێی فەرمانی کارگێڕییەوە پاساوی بۆ هێنراوەتەوە، هەر بۆیە گرنگییەکی زۆری بەو ساڵنامە و نەخشانەى دەوڵەتی عوسمانیی و بەڵگەکانی تری دەوڵەتی عێراق داوە سەبارەت بە باشووری کوردستان و بە تایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان.

مامۆستا شەماڵ، لە نووسین و لێکۆڵینەوەکانیدا، ڕووبەڕووی بەرەی تورکمانیی دەبێتەوە لە کفری، کاتێک ئەو شارە بە موڵکی تورکەکان دەزانن، ئەمە وای لێدەکات ئەم چەواشەکارییە سەرڕاست بکاتەوە و لێکۆڵینەوەیەک لە ٢٠٠٢ بە عەرەبی بە ناوی (چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ناوچەی کفریی) بڵاو بکاتەوە.

خۆی دەڵێت “بێدەنگیی ڕۆشنبیرانی کورد وای کردووە، وەڵامی ئەو چەواشەکارییەی بەرەی تورکمانی بداتەوە”، خۆی ئەمە وەک وەڵامێک و سەرڕاستکردنەوەیەک بۆ چەواشەکاریی چەمکێکی فاشییانەى وەک (تورکمان ئیلی) بۆ تەلەعفەر و خانەقین و کفریی و هەرێمی گەرمیان و گەرمەسێری کوردان دادەنێت.

پاشان ئەو پەرتووکە دەکاتەوە بە کوردیی و دەوڵەمەندتری دەکات و دەبێتە چوار پەرتووک بەم ناوانەى لای خوارەوە:

١. مێژووی ناوچەی کفری

٢. مێژووی ناوچەی کفری لە کۆنەوە تا ساڵی ١٩٥٨

٣. پڕۆسەکانی پاکتاوی ڕەگەزیی لە ناوچەی کفریی

٤. مێژووی ناوچەی گەرمیان (چینە کۆمەڵایەتیی و ڕیکخراوە سیاسییەکانی، لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠-١٩٧٠)

پاشان ئەتڵەسی کەرکووک بەپێی ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵگەییەکان دەنووسێت، لەوێدا ئاماژە بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نێوان ١٩٤٧-١٩٨٧ دەدات.

پەرتووکی (ئابووریی ناوچەی کفری) لە نێوان ساڵانی ١٨٥٠-٢٠٠٨ دەنووسێت، لەگەڵ ئەوەشدا “ئەتڵەسی باشووری کوردستان”ـی ئامادە کردووە، یان بە وتەى خۆی ویلایەتی موسڵ و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان، هەروەها “ئینسکلۆپیدیای کفری” یەکێکی دیکەی پەرتووکەکانییەتی.

چۆن تیرۆرکرا و کەیسەکەی گەیشتووە بەچی؟

لە پاش ساڵانێکی زۆر تێکۆشان و هەوڵی بێوچان لە بواری کەلتوور، مێژوو، ئەرشیف، شوێنەوار و نووسیندا، ڕۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢ مامۆستا شەماڵ لە کاتژمێر ٠١:٠٠ـی دوانیوەڕۆ کاتێک لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی کفری لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا ڕەنگی ڕەساسییان پێبووە، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و شەهیدکرا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستیکەوتووە، بکەری سەرەکی کردەوە تیرۆرییەکە کەسێکی بە ڕەگەز تورکمانە و ناوی “ی ی ئـ”، ئەم کەسە لە “فەوجی حیمایات”ـی بەرەی تورکمانی کاری دەکرد، هەروەها ئەندامی گورگەبۆرەکان بووە و کاری ڕێکخستنی لە کفرییدا کردووە.

دوای تیرۆرکردنی مامۆستا شەماڵ، “ی ی ئـ” خۆی دەگەیەنێتە داقوق و ئۆتۆمبێلەکەی لە ماڵی براکەیدا دادەنێت و پاشان دەچێتە کەرکووک، دواتر ڕاستەوخۆ دەچێتە بەغدا و لە هەمان ڕۆژدا لە ڕێگەی فڕۆکەوە خۆی دەگەیەنێتە ئێران و پاشان بۆ ئەستەنبوڵی تورکیا.

مامۆستا شەماڵ تیرۆرکرا و بکەری سەرەکیی خۆی گەیاند بە تورکیا دواتر دەزگا ئەمنییەکان سەرەداوێکانی بۆ دەرکەوت و ئەو برایەی کە بکەرەکە ئۆتۆمبێلەکەی لەماڵەکەیدا دانابوو لەلایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی هاوکارییکردنی براکەی دەستگیر کرا، پاش ساڵێکیش باوکی دەستگیر کرا.

هەرچەندە بە تۆمەتی هاوکارییکردن و تێوەگلان لە تیرۆری مامۆستا شەماڵ برا و باوکی بکەری سەرەکی دەستگیرکرابوون، بەڵام دادگای جینایەتی کەلار بەبێ ئاگاداریی پارێزەرانی کەیسی مامۆستا شەماڵ بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردن.

لە ئێستادا بکەری سەرەکیی هەڵهاتووە و نەتوانراوە دەستگیربکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە وێرای ئاشکرابوونی بکەری سەرەکیی و هەبوونی چەندین بەڵگە، بەڵام تا ئێستا دادگا بە شێوەی “ئامادەنەبوو” دادگایی نەکردووە و کەیسەکەی نەدراوەتە پۆلیسی ئەنتەرپول.

س: رۆژنیوز

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی لەبارەی تیرۆکردنی سێ هاووڵاتی مەدەنیی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

فاشیزمی تورک لە خوێنی کوردان تێرنابێت جارێکی تر، دەوڵەتی تورکی رەگەزپەرستی دژ بە کورد، تاوانێکی …