حسێن کەرکوکیی: حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی بەڕاستیی نایەوێت لەگەڵ بەغداد رێبکەون

بەرپرسی نووسیینگەی بەغدادی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، بەغداد پارەی فەرمانبەرانی دواناخات و پرۆژە دەکات، حکومەتی هەرێم لە هەموو سێکتەرەکان فەشلی هێناوە و ئەیەوێت تاوانەکە بکاتە ملی بەغداد، جەختیکردەوە: ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە بەڕاستیی نایەوێت لەگەڵ بەغداد رێبکەوێت.
حسێن کەرکوکیی بەرپرسی نووسیینگەی بە‌غدادی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی تەڤگەری ئازدیی دەدوێت و رایگەیاند: بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد، عەقڵیەتێکی دیموکراتیی و ئیرادەیەکی سیاسیی لە هەردوولادا نییە بۆ چارەسەرکردن، هەروەها حکومەتی هەرێم شەفاف نییە، بۆ نموونە رێککەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا کردویەتی داهاتەکەی بۆ کوێ چووە؟ نازاندرێت بەچەند فرۆشراوە؟ گومرگەکان و فڕۆکەخانەکان و ئەو هەموو باجەی لە خەڵک ئەسێندرێت، ئەم داهاتانە بۆ کوێ ئەڕوات؟ ئەم هەموو گەندەڵییە هەیە، هەتا ئێستا ئەمە لە هەرێمی کوردستان یەکلا نەبووەتەوە و شەفاف نییە، زیاتر ئەو کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستان کار ئەکەن حیزبیین.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جار حکومەتی ناوەند لە رێگەی دیوانی چاودێریی داراییەوە داوای لە حکومەتی هەرێم کردوە، ژمارەی پێشمەرگە، پۆلیس. ئاسایش و فەرمانبەران و خانەنشینانتان چەندە؟ هەتا ئێستا ئامارێک بە ژمارە نییە کە ئەمانە چەندن؟! ئەمە دەرئەکەوێت کە لە هەرێمی کوردستان خەڵکی حیزبیی و بندیوار هەیە و موچە لە حیسابی فەرمانبەری ئەساسیی وەرئەگرن. هەتا ئێستا داتایەکی فەرمیی لە هەرێمی کوردستان نییە، لەبەر ئەوەی هەولێر و دهۆک ئیدارەیەکە، سلێمانیی و ئیدارەی راپەڕیین و گەرمیان ئیدارەیەکی ترە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شاندانەی هەرێمی کوردستان کە ئەچن بۆ بەغداد شاندی حیزبیین، پسپۆڕ نیین لە بابەتی دارایی و ئابووریی و نەوتدا، لەبەر ئەوەی ئەو وەزارەتانەی حکومەتی هەرێم بە عەقڵیەتی حیزبیی بە ڕێوەئەچێت، نەک بەعەقڵیەتێکی ئیداریی پسپۆڕ، هەربۆیە ئەیانەوێت رێککەوتنەکانیش حیزبییبن. هەر بۆیە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە،لە هەردوولا شاندی پسپۆڕ لە بوارەکانی نەوت و دارایی پێکبهێندرێت و ئەوکاتە بۆ رایگشیی رابگەیەنن، ئیر گەل بۆی دەر ئەکەوێت خەتای کێیە رێکناکەون.
کەرکوکیی ئەوەشی بەبییر هێنایەوە، لە رابردوودا وەزیری درایی عێراق وشیار زێباریی کوردبوو، لەبەر گەندەڵیی دەرکرا. ئەگەر لەرابردوودا حکومەتی هەرێم گلەیی لە بەغداد دەکرد کە شایستە داراییەکان نانێرێت بۆ هەرێم خۆ وەزیری دارایی عێراق کورد بوو، دەرکەوت گەندەڵ بوو.
بەرپرسی نووسیینگەی بەغدادی تەڤگەری ئازادیی جەخت لەوەئەکاتەوە: تورکیا ئەیەوێت ئەو کێشانەی نێوان بەغداد و هەرێم بەردەوام بێت، تورکیا یەک لەو دەوڵەتانەیە نایەوێت کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند چارەسەر بێت و ئەو نەوتەی ئەیبات نایەوێت ئاشکرا بێت.
ئەوەشی وت: حکومەتی هەرێم گاڵتەی بە حکومەتی بەغداد ئەکرد کە موفلیسە و پارەی نییە، بەڵام بینیمان بەغداد پارەی فەرمانبەرەکانی دواناخات و بەغداد پرۆژە ئەکات. راستە لە بەغدادیش گەندەڵیی هەیە، بەڵام بەغداد هەتا ئاستێک کار دەکات. ئێستا شاندەکانی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی زەلیلانە ئەچن بۆ بەغداد، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ شاندەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەچوون بۆ بەغداد لە حکومەتی ناوەند داوای کەرکوک و نەوت و شەراکەتیان ئەکرد، لە ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو پێگەیە جارانی نەماوە و لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی دیموکراتیی و لەرووی خزمەتگوزاریی و کارگێڕییەوە رۆژبەڕژ بەرەودوا ئەچێت، ئێستا شاندەکان بەس داوای شایستە داراییەکان لە بەغداد ئەکەن بۆئەوەی موچەبدەن، دەرئەکەوێت ئەم حکومەتی هەرێمە بەتایبەتیی کابینەی پێنجەم لە هەموو سێکتەرەکان فەشلی هێناوە و ئەیەوێت تاوانەکە بکاتە مل بەغداد، هەتا ئاستێک ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە بەڕاستیی نایەوێت لەگەڵ بەغداد رێکبەوێت و ئەیەوێت ئەو کێشانە بەردەوام بێت.
حسێن کەرکوکیی بەرپرسی نووسیینگەی بەغدادی تەڤگەری ئازادیی هێمای بۆ ئەوەشکرد، بایکۆتی فەرمانبەران و خۆپیشانی هاووڵاتییان گرنگە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بەڵام ئەگەر لەهەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و هەلێر و سلێمانیی و گەرمیان، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی دارێژراو خۆیان کۆنەکەنەوە، ئەوا چۆن خۆپیشاندان و بایکۆتەکانی رابردوو کاریگەریی نەبوو، ئەوا ئەمەیش بێ ئەنجام ئەبێت.

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …