دوو دیوی ڕوداوێک دێرەزور، کەرکوک

عادل عوسمان

چەند ڕۆژێکە دێرەزور و کەرکوک گۆڕەپانی پێکدادان و شەڕی خوێناویە، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز. لە دێرەزور، ھێزەکانی ھەسەدە، قەسەدە باڵادەستن  خۆبەڕێوەبەری پێکھاتە جیاوازەکان ناوچەکە بەڕێوە دەبەن. ئەم دۆخی خۆبەڕێوەبەریە و ھێزی پاراستنی خۆجێیە، کە کرۆکەکەی کوردانن، داگیرکەرانی کوردستان و بە تایبەت تورکەکانی شێت و ھار کردوە. ھەرچی پیلانگێڕی دەکات دژی کوردی ئازاد لە ھەموو گۆڕەپانەکاندا، شکست چارەنوسی دەبێت.

بۆیە ویستی لە ڕێگەی یەکێک لە ھۆزە عەرەبەکانی دێرەزورەوە لەدژی خۆسەری خۆرئاوای کوردستان و باکوری سوریا پیلانگێڕیەکی تێکدەرانە بە ھاوکاری سوریا، ئێران و میلیشیا چەکدارەکانی سەربە تورکیا و سوریا و داعش ھێرشێکی کتوپڕی وێرانکەر بکاتە سەر خۆرئاوا. ھاوکات و لەگەڵ ئەویشدا بەپێی ئەو ئامادەکاریەی لە عیراقەوە کرابوو، لەگەڵ پەدەکە، تورکمان و ھێزەکانی سوننە کە چەند ڕۆژێک بوو خێمەی مانگرتنیان لەسەر جادەی کەرکوک – ھەولێر دانابوو. گوایە ناھێڵن داواکاری وەرگرتنەوەی بارەگاکەی پەدەکە سەربگرێت و لەدوای چەند ڕۆژیش، پەدەکە لە ڕێگەی جوڵاندنی بەناو شەقامی کوردیەوە. دەست بە جوڵاندنی خەڵک و بەتایبەت گەنجانی خوێن گەرم بکات و ببێتە ھۆکاری تێکدان و پێکدادان و بەو ھۆکارەشەوە، دەوڵەتی تورکیا بە ناوی پاراستنی تورکمانەکانەوە بێتە ناوەوە و کەرکوک داگیربکات.

جیاوازی ئەم شانۆگەریە دوو دیوە ئەوەیە. کە لەوێ ھێزە کوردیەکان پێشەنگی شکاندنی ئەو پیلانگێڕیەن و لە عیراقیشدا ھێزە شیعیەکانی سەر بە دەوڵەتی عیراق ھاوکاری شکاندنی ئەو پیلانە داگیرکاریەن و کوردی خائین ھاوکاری ئەو داگیرکاریەیە. مرۆڤ پێویستە بە ھۆکاری سۆزداری کوردایەتیەوە نەکەوێتە داوی فاشیزمی تورک و شۆڤێنیزمی عەرەبیەوە. لەسەرخۆ و بەتێگەیشتنەوە شرۆڤەی ڕوداوەکان بکات. بۆئەوەی لەناو ئەم پیلانگێڕیەدا بزانین چۆن سەردەردێنین. لایەنەکانی پیلانگێڕیەکە بزانیین، بەشدارەکان و بەرەکان جیابکەینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین شێوازی بەرگری و بەرخۆدان و بەڕێوەبردنی شەڕەکە بۆ سەرکەوتنی دۆزی کورد ئاراستە بکەین.

لە ھەردوو دیوی شانۆگەریەکە پیلانگێڕی لەسەر کوردانە، لەوێ بە ھاوکاری ھۆزە عەرەبیەکان، لێرە بە ھاوکاری ھێز و بنەماڵە کوردیەکان. ئەگەر ئەو جیاوازیە نەزانین. لە عیراقدا توشی سەر لێشێواوی تێکەڵ کردنی ھێڵەکان دەبین. بۆئەمە ھەستیاری قۆناغەکە پارێزگاریە لە دەسکەوتەکانی گەلی کورد. لە خۆرئاوای کوردستان ھێڵی تێکۆشانی گەل سەربەخۆ و ئازادە، خاوەنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و تێکۆشانی پێکەوەیی گەلانە و خاوەنی ھێزی پاراستنی خۆجێیە. ئەو ھێزە لە ناو خوێندنەوەی ھاوکێشە و ھاوسەنگیەکاندا بەرژەوەندی گشتی چارەسەری پرسی کورد و قەیرانەکانی گەلانی لەسەرشان گرتوە.

بەڵام لێرە لە باشوری کوردستان، ھێزە چەکدارەکان، بەشدارن لە سەرکوتی خەڵک، زیندانی کردن و بونە ھێزی بەکارھێنانی بنەماڵەیی و کەوتنە خزمەتی داگیرکاران و جێبەجێکردنی نەخشە و پیلانگێڕیە داگیرکاریەکان. ئەم ھێزانە بونەتە بەشێک لە تێکدانی دەسکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد. لەناو پیلانگێڕیەکاندا جێگەدەگرن. کێشە نەخوازراو دروست دەکەن و پارچەبوون پەرەپێ دەدەن. کوردستانی باشوریان کردوەتە سێ بەشەوە. ناوچەی جێناکۆک، کە بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بەناوێیە، زۆنی زەرد و زۆنی سەوز لە ھەر زۆنێکیشدا چەندین ناوچەی تامپۆن ھەیە.

بۆیە کێشە دروستکراوەکانی نێوان ھەڕێم بەغداد، کێشەی ڕاستینەی نێوان ھەرێم و بەغداد نین و دروستکراون. لەبەر ئەوەی ئەم ھێزانە بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە عیراق و ناوچەکەدا بەرپرسیار نین. ئەگینا بەوھێزەوەی کە لە باشوری کوردستان ھەیە دەتوانرێت لە چوارچێوەی ھێزی نەتەوەییدا چەندین کێشەی پێ چارەسەر بکرێت. بۆیە دۆخی کەرکوک پێویستی بە نەھێشتنی ڕودانی شەڕ ھەیە. شەڕ لە کەرکوک و ھەرێمی کوردستاندا بە قازانجی کورد نیە و دەبێتە ھۆی تێکدانی ئاشتەوایی گشتی و بەھانەی دەستێوەردانی دەرەکی تورکی و ئێرانی.

بێگومان ڕاگرتنی باڵانسی ئاشتی واتە قۆناغی نەشەڕ لە کەرکوکدا، ھاوکارێکی مەزنی سەرکەوتنی شەڕی دێرەزورە. جیاوازی ئەم دوو دیوەی شەڕ، لەوێ بەھێزەوە دەبێت شەڕ ڕابگیرێت. لێرەش دەبێت بەھێزەوە ئاشتی واتە دۆخی نەشەڕ و پێکدادان ڕابگیرێت. کێن ئەوانەی لە کەرکوک و عیراقدا دۆخی پێکدادان ڕادەگرن. لێرە ھێزی باڵادەستی کوردستان، پەدەکە، تورکمان و سوننە نین. بەڵکو ھێزی شەرمنانەی یەنەکە، شیعەکانی ناو عیراق و ھێزەکانی میانڕەوی ناو حکومەتی عیراقن.

کاتێک دەڵێین ھێزە کوردیەکان لە عیراقدا چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی عیراق ناکەن. ھۆکارەکەی ئەوەیە کە کێشەی ماددەی ١٤٠ یان فرۆشت بەپارە لەبەرامبەر پڕۆژەی بیکەر – ھاملتۆندا.

لەسەر جێبەجێکردنی دەستوری عیراق، لەبری ئەوەی کەموکوڕیەکانی چارەسەر بکەن و شۆڕی بکەنەوە بۆ ناو ھوشیاری کۆمەڵگەی عیڕاقی و دیموکراتیزەکردنی، کەچی دەبنە ھۆکاری پاوانکردن و تێکدانی کەشی ئاشتەوایی گشتی. لەبری ئەوەی پرسە ئابوری و سروشتی و داراییەکانی ھەرێم بەغداد لە ڕێگەی وردکردنەوەی دیموکراسیانەی ئابوریەکی ھاوبەش و خۆتێریەوە چارەسەر بکەن، دەبینیت دەست بەسەر سەرچاوە سروشتیەکاندا دەگرن و بە ھەرزان لەڕێگەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەوە دەیفرۆشن بە وڵاتانی بێگانە. لەبری ئەوەی خێروبێری عیراق و کوردستان بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە بەکاربێنن، دەیکەنە بەرتیل و دەسکەوتی ڕاگرتن و پاراستنی کورسی دەسەڵاتەکەیان لەڕێگەی داگیرکەرانی کوردستانەوە! بەوەش دەبێت ئەم ھێز و دەسەڵاتانە خزمەت بەداگیرکاری بکات و لەبەرامبەر گەلی کورد و گەلانی عیراقدا بوەستێتەوە. ئەو قەیرانانەی ھەرێم – عیراق بۆ ڕاگرتنی ئەو باڵانسە خراپکاریانە دروستکراون. نەدانی موچە، نەگێڕانەوەی داھاتە ناوخۆیی و سروشتیەکان، مەرزەکان، قەرزەکان، دابیننەکردنی پێداویستیە خزمەتگوزاریەکان. ھەموی قەیرانی دروستکراون و لەژێر ناوی کوردایەتیدا دەرخواردی زھنی کۆمەڵگەی دەدەن و چاوی کۆمەڵگە لەسەر کێشە نەتەوەیی، ناوچەیی و دیموکراتیکەکان لادەدەن.

عیراق دەکرێتە دێوەزمە و تورکی داگیرکەر و فاشیست ڕەوایەتی داگیرکاری پێدەدرێت و کار و ئاسانکاری بۆ ئەو داگیرکاریە دەکرێت.

بێگومان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی لەباشور پێویستە شوێن جوڵاندنی ھەستە سۆزداریەکانی کوردایەتی نەکەوێت. وەک چۆن ڕەخنەی لە حیزب و ھێزەکان ھەیە و گلەیی دەکات، پێویستە ھوشیاری ناسینی ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیکی کێشەکانیش بدۆزێتەوە و ببینێت. وەک چۆن نەکردنی شەڕ لە کەرکوک سەرکەوتنی کورد و گەلانی عیراق و شکاندنی پیلانی داگیرکەرانە، لە دێرەزوریش لەڕێگەی شەڕی شۆڕشگێڕی گەلەوە ئاشتی پارێزرا و دوژمن تارو مار کرا.

ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی بە ھێزی ئایدۆلۆژی سیاسی ڕێکخستنی ھەیە، کە ئامانجی چارەسەری پرسە گرنگەکانی ئازادی کۆمەڵایەتی بێت. پێویستی بە ھێڵی خۆبەرپرسیاربینین و خوێندنەوەی ڕەوش و سیاسەتەکان ھەیە. ئەو دۆخە ئەرکی ھەر تاک و حیزب و پێکھاتەیەکە کە خوی بەرپرسیاری چارەسەری دیموکراتیکانەی کێشەکان بزانێت. سیاسەتی دیموکراتیک و ھێڵی نەتەوەی دیموکراتیک ئەو ڕێگەچارەیەیە کە قەیرانەکان چارەسەر دەکات. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان ئیتر ببێتە ھێزی ڕەخنەگرتن لەخۆی و بەدەستەوەگرتنی ھێڵی چارەسەری دیموکراتیک.

ئیتر ئەم دۆخە لەوە زیاتر ئازار قبوڵناکات، بەڕێوەبەرانی دەسەڵات و حکومەتی ھەرێم باسی بونی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام تەگبیر و ئامادەکاریەکیان بۆی نیە. لە کاتێکدا مەترسیەکانیش بەجوانی نەک دەستنیشان ناکەن، بەڵکو ڕێگری لە دەستپێشخەری گەل و ھێزە دیموکراتیک و وڵاتپارێز و نیشتیمانپەروەرەکانیش دەکەن کە چارەسەری مەترسیەکان بکەن. مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر گەل، گرتن و کوشتن، لەناوبردنی ستاتۆی ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی سیستەمی ناوەندگەرایی ھەیە.

بۆ ئەوە سۆزداری کوردایەتی تەسکی خێڵەکی و میللیگەرا ناتوانێت وەڵامدەرەوەی مەترسی کۆمەڵکوژی بێت. سەد ساڵە بۆخۆی بەشێکە لە سیاسەتی کۆمەڵکوژی، تەسلیمیەت و برسی کردن. لەبەر ئەوە کۆمەڵگەی باشور پێویستە ھەستە سۆزداریەکانی ڕەخنە بکات و ھێڵ و ھێزی ھوشیاری سیاسی دیموکراتیک بخاتە جێگەی ئەو ھەستە سۆزداریە. سۆزداری لێدانی کوشندە لە ھۆشمەندی دەدات. ئەگەر سۆز و ھۆش پێکەوە بە جوانی بەڕێوەنەبرێن، ئەوا وەک کۆمەڵگەی مێگەل شوانێک دەتوانێت ئاراستەکان وەرگێڕێتە سەر خراپکاری. بۆیە سیاسەتی دیموکراتیک ھاوسەنگی سۆز – ھۆش ڕێکدەخات و کۆمەڵگە بۆ چارەسەری ئاقڵمەندانەی قەیرانەکان ئاراستە دەکات.

بێگومان “ئەم ستاتۆیە بەگوێرەی بەرژەوەندی سیستەمی ھەژەمۆنی جیھانی دامەزراوە، ئەگەر بەگوێرەی ئەو بەرژەوەندیە نەبێت، پشت تێکردنێکی دەبێتە ھۆکاری داڕمانی و دروستکردنی کۆمەڵکوژی بۆ سەر گەلی کورد.” لە ئێستەشدا ھەموان مەترسی ناپێویستی ئەم ستاتۆیە باس دەکەن، بۆیە مەترسیەکان چەندان قاتە و ئەگەر گەل بە فریای خۆی نەکەوێت و لە ئاستی یەکیەتی نەتەوەیی و ھێزی پاراستنی گەل و پاراستنی جەوھەریدا خۆی ڕێک و ئامادە نەکات، چاوەڕوانیەکان مەترسی دار و کوشندە دەبن. ئیتر نەک درۆن! بەڵکو سیخوڕ وێرانکەر دەبێت. بۆیە پێویستە لەگەڵ ھێزەکانی پاراستنی گەل، سیستەمی خۆبەڕێۆەبەری شەنگاڵ و خۆرئاوادا ستاتۆی باشور ڕێکبخەینەوەو لەدەستی ھێزە تێکدەرە کلاسیکەکان دەری بێنین و دەسکەوتەکانی گەلی کوردی پێ بپارێزین و سەرخەین. دیموکراتیزەبوون ئەوەیە کە تاک و گەل بەرپرسیاری بەڕێوەبردنی سیاسەت و پاراستنی دەسکەوتەکان بن.

هەروەها چێکی بکە

ڕووی خیانەتی ناوخۆیی!

 ئاتاکان ئارارات   حکومەتی تورک لە چوارچێوەی لکاندنی هەرێمی کوردستانی کوردستان بە تورکیاوە، سەدان گوندی …