سیروان هۆرامی
ئەو رووداونەی کە لە کەرکووک روو دەدەن، بەشێک لەو پلانە ئەمنیەیه کە لایەنە سیاسیەکان بۆ باڵادەستی خۆیان پەیرەوی دەکەن.
چەن رۆژە پدەکە لە سەر ناوی گەڕانەوە بۆ کەرکووک، خەریکی گۆڕ کردنی ئاگری شەڕی قەومییه. ئەم پلانە بە هاوکار کیتلەی تورکمانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەی تورکیە برەوی پێ دەدرێ.
لێرەدا پەدەکە دەیهەوێت وەکوو سەردەمی ریفراندۆم، کە بە فیتی میتی تورکیە ئەنجامدرا و قەوارەی هەرێم لە فیدراڵیەوە کرایە کەمتر لە حۆکمی زاتی و کەرکووکی فرۆشت، هەمان سناریۆ دووبارە بکاتەوە.
ئێساش بۆ دەس خستنی نەوتی کەرکووک، لە سەر پلانی تورکیە و دوای هاتنی هاکان فیدان دەیهەوێت بە برەودان بە عەسەبیەتی قەومی هەستی کوردان بجووڵێنێ و بە قازانجی خۆی بۆ سەر میزی دانووستان لەگەڵ بەغدا بە کاری بێنێ.
“کەرکووک بەو رەنگە ناگەڕێتەوە باوەشی کوردستان. تا کاتێک هەولێر داڵدەی کۆنە جاش و بەعسی و مۆستەشار بێت” ئەمە قسەی ئەمشەوی خۆپیشاندەرانی کەرکووک بوو، ئەو هەوڵەی پەدەکە تەنیا نمایشێکە و هیچ.
شارێک کە هیچ خزمەتێک بۆ هاوڵاتیانی کورد نەکراوە، پرۆژەی پێکەوە ژیانی گەلان لەوێ نەبووەتە رۆژەڤی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کەرکووک لە سەرووی هەموویانەوە پارتی و یەکیەتی ناکرێت تۆ باس لە نیەت پاکی لایەنە سیاسیەکان بکەیت سەبارەت بە داهاتووەکەی.
ئێستا لەکەرکووک حەشدی شەعبی ئێرانی و شێعە، میتی تورک و پاراستن پێکەوە لە ململانێدان بۆ دەسختنی نەوتەکەی. ئەوەی لەم شەڕە بێ بەریەو سەری بێکڵاو ماوەتەوە و لە دەرەوەی بازنەکە هێڵراوەتەوە خۆدی دانیشتوانی کەرکووکن.
کەرکووک خاوەن ناسنامەی شارێکی چەند نەتەوەیی و چەند ئایینیە، بۆیە دەبێ خەڵکی کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانی تورکمان و کورد و عەرەب، لەم دۆخە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کەڵک وەرگرن و پرۆژەی پێکەوەژیان سەربخەن و دوور لەو ململانیانە هەڵسووکەوت بکەن.
داخوازی ئەم دوو لایەنە زۆرجیاوازە، دەزگا ئەمنیەکان و پارتە سیاسیەکان شەڕی نەوت دەکەن، بەڵام کەرکووکیەکان پەرۆشی داهاتوو و ژیانێکی ئاشتەوایین.
شەهید بوونی ئەو گەنجە کوردانە، هەروەها تێرۆری چالاکوانێکی تورکمان ئاتیلا کە خاوەن فیکری پێکەوەژیانی نەتەوەکانی کەرکووکە، پیشاندەری داخوازی راستەقینەی ئەو خەڵکەیە.
کەرکووکیەکان بە تورکمان و کورد و عەرب دەبێ پێداگریی لە سەر بەڕێوەبردنی شار لەلایەن خۆیانەوە بکەن و چیدی نەبنە داردەستی ناکۆکیەکانی تاران و ئەنقەرە و هەولێر و بەغداد.