پەیامی تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی ٤ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ

ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری ئاشتی و ئازادی گەلان عەبدوڵڵا ئۆجالان بەڕێزەوە پیرۆز دەکەین، ٤ ی نیسان ساڵیادی لەدایکبوونی بەرزە بیرمەندێکی مرۆڤایەتییە کە ڕەنجێکی گەورەی لەپێناو ئازادی گەلی کورد و ئازادی ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە، لەپێناو ڕزگارکردن و پاراستنی و هەبوونێکی سەروەر و شکۆمەندانە هەموو ژیانی خۆی پێشکەشی ئازادی گەلی کورد و مرۆڤایەتی کردووە، لەو خاکە پیرۆزەی کە بۆ یەکەمین جار نەریتی ژیانی کۆمیناڵی و خوداوەندی دایک تێیدا چەکەرەی کردووە، لە شوێنێک کە شوێنگەی پێغەمبەران و چاوگی ژیان بووە و فەرهەنگ و شارستانی پێشکەوتووە، لە ژینگە و سروشتێکی ئاوادا حەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەر مرۆڤێک دێتە دونیاوە لە ٤ نیسانی ١٩٤٨ لە خێزانێکی هەژار و ڕەنجکێشی گوندی ئامارای سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی ئورفای باکووری کوردستان، ئەو شوێن و جوگرافیایەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا خاکەکەی گەلەکەی و کولتوورە ڕەنگینەکەی ڕووبەڕووی سەخت ترین سیاسەتی نکۆڵی کردن و لە ناوبردنی کولتووری بووەتەوە لەلایەن سیستەمی داگیرکارییەوە، لەو سەردەمانەدا کە دەیان سەرهەڵدانی گەلی کورد لەپێناو بوون و مانەوەی نەتەوەییدا بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کرابوون و سەرکردەکانیان بە پیلانگێڕی و بێ بەختی و خیانەت لە نێو برا بوون تارمایی و بێدەنگییەک تاک و کۆمەڵگەی لە باکووری کوردستان تا لێواری مەرگ هێنابوو، بە جۆرێک هەر کوردێکی گەیاندبوو بە بێهیوای و بێ ئیرادەییەک کە شەرم لە ناسنامە و بوونی خۆیی بکات، لەسەرزمین و هەلومەرجێکی ئاوادا عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک خۆرێک ڕووناکی دەداتە دونیای تاریکی کوردان و دێتە دونیاوە وەک ڕێبەرێک سەر هەڵدەدات و ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبێت و کۆڵ نادات دەکەوێتە شەڕ و ململانێ لەگەڵ دابوو نەریتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگە و سیستەمی دەوڵەت گەرای جیهانی و زیهنیەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، هەر لە سەردەمی منداڵی و تا پێ گەیشتنی لە لێ گەڕین و بەدواداچووندا دەبێت و کێشەکانی کۆمەڵگە و کوردبوون لە خۆیدا شی دەکاتەوە، بە گەیشتن بە قۆناخی زانکۆ دروستکردنی گرووپی ئایدیۆلۆژی پێشەنگیەتی کردنی گرووپی لاوانی شۆڕشگێڕ تا دەگات بە دامەزراندن و بنیاتنانی بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد (پەکەکە) لە ساڵی ١٩٧٨ لە ناو زەحمەتی و سەختییەکی بێوێنەدا کە هەر لە ژیانکردنی موعجیزەئاسای پێغەمبەران دەچێت تێکۆشانێکی شکۆمەندانە دەست پێ دەکات جیاواز لە هەموو ئەو ڕێبەر و بزووتنەوانەی لە ڕابردوو پێشەنگییان کردبوو، کاروانێکی پڕ ڕێبواری خاوەن ئیرادە و فیدا کار دەخاتە سەر ڕاستە ڕێی تێکۆشان بە بیر و فەلسەفەی ئازادی ژنی ئازاد و کەسایەتی سەردەم و ڕێبازی بەرخودانی سەردەمیانە دەخولقێنێت لەپێناو پاراستن و ڕزگارکردنی هەبوونێکی شکۆمەندانە هەموو ژیانی خۆی پێشکەشی ئازادی گەلی کورد کرد دەکات و هەموو شتێک دەخاتە خزمەت دۆزی ئازادی گەلی کورد، لەبەرامبەر شاڵاوی لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەیدا ڕێبەرایەتییەکی نوێ و تەڤگەرێکی ئازادیخوازی شۆڕشگێڕ بەگوێرەی ئەو هەلومەرجانە ڕێک دەخات و لە ڕێباز و تێکۆشانیدا ژیانی ئازادی بۆ هەموو کوردان و پێکهاتە و گەلان بە بنچینە وەردەگرێت و دەبێتە قەڵای بەرگری لە مافی کورد، ئیدی بە بیر و ڕامان و فەلسەفە ئازادیخوازەکەی و بە بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانە هەموو ئەو پیلانگێڕی و هاوسەنگییانەی تێک و پێکدا کە سەپێنرابوون بەسەر گەلی کورددا، لەبەرامبەر کەسایەتی تەسلیم بوو بێهیوادا کەسایەتی نوێ و ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتی پێش خست بەوەش وەرچەرخان و پێشکەوتنێکی مێژووی و مەزنی لە هێڵی تێکۆشانی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنایە ئاراوە، هەر ئەوەش بوو سەرجەم هێزە پاوانخواز و دەسەڵاتدارەکانی هێنایە لای یەک بۆ ئەنجامدانی پیلانگێڕی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و ڕێبەرایەتییەکەی، بۆیە درک پێکردن و ناسینی ژیان و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرایەتییە، قووڵ بوونەوە و تێگەیشتنە لەو فیکر و پارادایمە نوێیەی بووەتە ڕێباز و مانیفیستۆی گەلانی چەوساوە و بە ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز، لەبەرامبەردا بەر پرسیاریەتی تێکۆشانی ئەخلاقی ویژدانی دەخاتە سەر شانی مرۆڤایەتی و ژنان و گەنجان و ئازادیخوازان کە لە هەموو ئاستەکاندا بەرخۆدان و تێکۆشان فراوان و بەهێز بکەن، ئێستا ئەو ڕێنیشاندەر و پەیام هێنەرە ئاشتیخوازەی مرۆڤایەتی ٢٤ ساڵە بە پیلانگێڕی و گەلە کۆمەی پاسەوانانی فاشیزم و کۆلۆنیالیستی جیهانی لە زیندانی ئیمرالی بەندکراوە بێ هیچ ماف و حقوقێک ئەوەش بە مانای بەردەوامی دانە بە سیاسەتی قڕکردن و تواندنەوەی نەتەوەی کورد درێژەدانە بە کۆمەڵکوژی هێشتنەوەمان لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانی جیهانی، ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانیشەوە ئەرکی خۆی پێک هێناوە، پیلانگێڕی پووچەڵ کردووەتەوە بە پرۆژە و بۆچوونەکانی بە داهێنان و پارادایمی نوێ بە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی گەلان و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ڕزگاری گەلی کوردی بە ڕزگاری گەلانی دیکەوە گرێدا و ە، ئێمە لەو ڕۆژە واتادارەدا بانگ لە کەسایەتی و ڕێکخستنە مەدەنی و بزووتنەوە دیموکراتی و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکەین بۆ خەباتی هاوبەش بۆ ئەوەی هەوڵەکان چڕتر و یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان شوێنی شەڕ و ناکۆکییەکان بگرێتەوە سیستەمی داگیرکاری و فاشیزم و پیاوسالاری کۆتایی بێت، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی فیزیکی ئازاد بکرێت و سیستەمی گۆشەگیری تێک بشکێنرێت، ئەوەش ئەرک و بەرپرسیاریەتی مرۆڤایەتی و تێکۆشانی ئەخلاقی دەخاتە سەر شانی ئێمە و ژنان و گەنجان و ئازادیخوازان کە لە هەموو ئاستەکاندا بەرخۆدان و تێکۆشان بەرفراوان و بەهێز بکەین.
لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێزەوە یادی ئەو لە دایکبوونە واتادارە دەکەینەوە.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ڕێبەر ئاپۆ لە تەواوی زیندانیانی دۆزی ئازادی لە دایکانی کورد لە بنەماڵەی شەهیدان و لە تەواوی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و دیموکراتی دەکەین.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٣ی نیسانی ٢٠٢٣

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *