یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای لە حکومەتی فیدراڵیی کرد کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق بهێنێت، جەختیشی کردەوە پێویستە هەڵوێستی عێراق لە ئیدانەکردن گەورەتربێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە دەزگای ماڵپەڕی مەعلومە ڕایگەیاند، “هەر دەستوەردانێکی دەرەکیی لە کاروباری عێراقدا، بە هەر شێوەیەک بێت، قبوڵ ناکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بابەتێکی دروست نییە کە لەدەستوەردانی پرسی سەروەریی نیشتمانیی رازییبین، هەروەها ڕێگە بە هێزەکانی تورکیا نادرێت سەروەریی عێراق پێشێل بکەن، لەبەر ئەوەی هێڵی سوورە”.
وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، پێویستە هەڵوێستی عێراق بۆ هێرسەکانی تورکیا لە ئیدانەکردن گەورەتربێت.
ئەوەشی خستەڕوو، “بڕیارە حکومەتی فیدراڵیی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ڕێگرییکردن لە پێشێلکارییەکانی تورکیا و پاراستنی سەروەریی عێراق پەرەپێبدات”.
هەروەها ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق حەیدەر سەلامیی رایگەیاند، لە میانی دانیشتنەکانی داهاتوودا پەرلەمان میوانداریی وەزیری دەرەوە و کادری پێشکەوتووی وەزارەت بۆ پەرلەمان دەکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر سەرپێچییە دووبارەکانی تورکیا.