سەرقاڵی دونیا و سەرقاڵی کۆمەڵگای باشور

ئارام رەفعەت

هەم لەسەر ئاستی جیهان و هەم لەسەر ئاستی باشوری کوردستان، هەفتەی رابردوو یەکێک لە جەنجاڵترین هەفتەکانی ساڵ بوو. بەڵام سەرقاڵییەکەی باشور بەقەد نێوانی ئەرز و ئاسمان لە سەرقاڵییەکانی جیهان دوور بوو.

جیهان سەرقاڵی لوتکەی ناتۆ بوو. کۆبونەوەیەک وەک بایدن گوتی گرنگترین و چارەنووس سازترین کۆبوونەوەی لەوجۆرە بووە لەمێژووی ناتۆدا.

جیهان سەرقاڵی بڕیارە چارەنووسازەکانی لوتکەی ناتۆ و لەناویشیاندا گوندەییەکانی ئەردۆغان و سازشەکانی سوید بوو لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، مەزەندەکردنی چۆنییەتی ئاراییش دانەوە هاوکێشەکانی هێز و چارەنووسی شەڕی ئۆکڕانیای دوای لوتکەی ناتۆ بوو.

جیاواز لەهەموو نەتەوەکانی تر، لوتکەی ناتۆ چارەنووسساز بو بۆ کورد. کورد خۆی نا، بەڵام چارەنووس و دواڕۆژی لە سەر مێزی دانووسانی لوتکەی ناتۆ بوو. تورکەکان، دەیانەویست ئەندامێتی سوید بە کەوڵی کورد، بەتایبەت کوردی رۆژاڤا و ئەوروپا، ئاڵ و وێر پێ بکەن. بەو پێیەش، دەبوایە کورد، لەهەموو نەتەوەکانی تر زیاتر سەقاڵی چرکە بە چرکەی پێشهاتەکانی ناتۆ بووایە.

بەڵام کوردی باشور کاتی نەبوو بۆ ناتۆ و گەڕان بەدوای چارەنووس دواڕۆژ و نەگبەتییەکانی خۆی لەناو هەگبەی سویدی و تورکەکاندا.

کوردی باشور لەم هەفتەیەی لوتکەی ناتۆدا، وەک هەزاران لوتکەی تر، چارەنووس و دوارۆژی خۆی لەبیر کرد و سەرقاڵی پرسی مەزنتر و چارەنووښ-ئامێزتر بوو لە پرسی مەرگ و ژیانی خۆی.

باشور لەم هەفتەیەی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا چاوێکی لەسەر دیبەیتی کاهینێکێ وەهابی و رەخنەگرەکانی وە چاوەکەی تریشی لەسەر مامەڵەی 25 دەفتەر دۆلارەکەی بازرگان و کاهینێک بوو.

هەر توێژەرێک بییەوێت پێوانەی رادەی هەرەس و دارووخان و خودنامۆیی و بێباکی کۆمەڵگای باشور بکات، ئەم هەفتەیەی کە رابوورد باشترین بڕگەی زەمەنییە بۆ توێژینەوە و دیراسەکردن.

کۆمەڵگای باشور لەلێواری هەرەس و داڕماندایە. تا دێت موقەویمات و پێداویستی و رەگەزەکانی مانەوە و بەردەوامبوون لەدەست دەدات، چ جای گەشەسەندن و پێشکەوتن.

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …