سبەی ١ی ئایار، لە درێژەی ئەو چالاکییانەی بۆ ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بەڕێوە ئەچێت، لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەریی سازئەدرێت.
ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٤/٣٠ لە هۆڵی ئازادیی شاری سلێمانی کۆمیتەی ١ی ئایار، کە پێکدێن لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و چەندین لایەن و ڕێکخراوی دیکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەیاننامەیان خوێندەوە و ئاماری گیانلەدەستادنی کرێکارانی کوردستان و عێراقیان خستەڕوو، هەروەها داواش لە خەڵکی شاری سلێمانی ئەکەن سبەی بەشداریی ڕێپێوانی جەماوەریی بکەن.
ئازاد عومەر، بەیاننامەی کۆمیتەی ١ی ئایاری خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سبەی یادی ١٣٧ ساڵەی ڕۆژی کرێکاران دەکەینەوە و سەرەڕای ئەو ڕێگریانەی کە حکومەت و دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی سیستەمی سەرمایەداریی بەڕێوە دەبەن، بەڵام کرێکارانی رۆشنبییر و بییر ئازاد هەمو ساڵێک ئەم یادە بەرز ڕادەگرن و کوردستانیش وەکو یەکێک لەو وڵاتانەی هەمیشە چینی کرێکار تیایدا زوڵمی لێ کراوە، ١ی ئایار ڕێپێوانێکی جەماوەریی لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەوە بۆ باخی گشتیی ئەنجام دەدات و چەندین مەراسیمی سیاسیی و هونەریی پێشکەش دەکرێت، داواکارین لە هەموو چین و توێژەکان بەشدار بن.
عوسمان زیندانیی، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، ئاماری کۆکراوەی حیزبەکەی دەربارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران خستەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە عێراقدا ٦٩ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٨ هەزار و ٨٦١ کرێکار بریندار بوون، لە هەرێمی کوردستانیش ٣٦ کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە ٥ مانگی ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی ٧ کرێکار گیانی لەدەستداوە، وتیشی، مانگانە چەندین کرێکار گیان لەدەست دەدەن، بەڵام ناویان تۆمار ناکرێت.