ئاماری شەش مانگی کوشتن و  رفاندن و لەناوبردنی ژینگە لە عەفرینی داگیرکراو

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ١٢ هاووڵاتیی کوژراون و ١٧٣ هاووڵاتیی ڕفێندراون، هەروەها شەش کامپی ئەشکەنجەدان لە عەفرین دامەزراون، لە ماوەی هەفتەیەکدا چەتەکان دەستدرێژییان کردووەتە سەر دوو منداڵ.

لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورک و گرووپە نیمچە سەربازییەکانی سەر بە دوڵەتی تورک، هێرشێکی هەمەلایەنەیان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەستپێکرد، یەکێک لە گەورەتریین پلانەکانی ئەو هێرشە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بوو، لە چوارچێوەی پلانەکەدا خەڵکی ڕاستەقینەی عەفرین کوژران و ڕفێنران و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیراوە و هەموو جۆرە فشارێکیان خرایە سەر تا شارەکە چۆڵ بکەن.

ئاژانسی هاوارنیوز بەراوردکاریی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریای لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ی کرد و ڕاپۆرتێکی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و گرووپە نیمچە سەربازییەکانی بڵاوکردەوە.

١٢ کەس کوژراون، ١٧٣ کەس ڕفێندراون

بەپێی ڕاپۆرتی ٦ مانگی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، لە شەوی نەورۆزدا (٢٠ی ئازار) ١٢ هاووڵاتیی کە ٤ کەسیان لە یەک بنەماڵە بوون، لە شاری جیندرێس کوژران، هەروەها ١٧٣ کەس بۆ فیدیە ڕفێندراون.

لەناوبردنی ژینگە

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، دەوڵەتی تورکیا بە ئەنقەست دار دەبڕێت و دەیانسوتێنێت بۆ ئەوەی داگیرکارییەکەی بەردەوام بێت، گروپە نیمچە سەربازییەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ١٥ هەزار و ٥٠٠ دار زەیتون و گوێز و بادەم و داری میوە و …هتدیان لەناوبردووە، هەروەها زیاتر لە هەزار داری تریان بڕیوە، لە هەمان کاتدا زیاتر لە ٧٠ هێکتار کێڵگەی گەنم و گەنمەشامییان سووتاندووە.

بنیادنانی کامپ بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەوڵەتی تورک بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەت و ڕێکخراوە عەرەبییەکان ٦ کامپی نیشتەجێبوونیان لە عەفرین، بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دروستکردووە و ناوەکانیان بەم شێوەیە بڵاوکراوەتەوە؛

-ئەجنەدین فەلەستین: لە ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ناحیەی جیندرێس کراوەتەوە و ئەم باڵەخانانە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی فەلەستینی ئەجنەد ئەلئیسلام دروست کراون، بنەماڵەی گروپی نیمچە سەربازیی ئەحرار شام لە ٤٠ خانوودا جێگیر کراون، خاوەنی زەوییەکە خەڵکی گوندی شیتکەن و بە زۆر گواستراونەتەوە بۆ کانتۆنی شەهبا و زەوییەکانیان پێ چۆڵکردوون.

-ئەلکەرەم: ڕێکخراوی خێرخوازیی قەتەر ڕۆژی ١٢ی شوبات ڕایگەیاند، دەستیان بە پرۆژەی دروستکردنی “شاری ئەلکەرەم” لە جیندرێس کردووە،  هۆکاری ئەمەش ئاوەدانکردنەوەی ئەو خانووانەی بوو کە لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا وێران بوون. بەڵام دوای دروستکردنەکە، گروپە نیمچە سەربازییەکان لەوێ نیشتەجێ بوون.

-گوندی قەتەری ٢: ئەنجومەنی خۆجێیی عەفرین و دەستەی گشتیی هاوکاریی و گەشەپێدان لە ٤ی ئایار، چێشتخانەی ‘گوندی قەتەری ٢’یان لە گوندی شادری سەر بە قەزای شرێوە کردەوە.

-گرووپی نیمچە سەربازیی سوڵتان سلێمان شا لە ناحیەی مەباتای کەمپێکیان دروستکرد و هیچ زانیارییەکی زیاتر بەدەست نەهێنرا.

-کۆمەڵەی ‘ئەل عەیدی ئەل بەیدە’ کامپێکی دیکەی لە گوندی شادار دروستکرد.

– لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک و گروپە نیمچە سەربازییەکانی سەرقاڵی دروستکردنی کەمپێکی نوێن لەسەر چیای لێلون.

لە ماوەی هەفتەیەکدا چەتەکان هێرشیان کردە سەر ٢ منداڵ

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی عەفرین؛ گروپە نیمچە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی هەفتەیەکدا هێرشیان کردە سەر ٢ منداڵی تەمەن ١٠ و ١٤ ساڵ، هەروەها چەندین تاوانی وەک دزی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەنجام دەدرێن.

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …